لەسنووری سوریا حەشدی شەعبی جوڵە دەکات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 438 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەمڕۆ سێشەممە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری هێزەکانی حەشدی شەعبی، ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەدرێژایی سنووری نێوان عێراق و سوریا  تۆکمەکردووە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بەدواداچوونی داعش بۆ قوڵایی بیابان بەردەوام دەبن.  

لە بەیاننامەیەکدا کە ماڵپەڕی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاویکردۆتەوە،  ئاماژەی بەوەکردووە، یەکەکانی هێزەکانیان بەدرێژایی سنووری نێوان عێراق و سوریا بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری دەستیان بە بڵاوەپێکردن و جوڵە کردووە. جەختی لە بوونی هەماهەنگیی ئاست بەرز لە نێوان حەشد و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکانی تەنیشت و نزیک لە سنووری عێراق و سوریا لە پارێزگای ئەنبار سەقامگیرییەکی بەرچاوی ئەمنیان هەیەو هیچ ڕووداوێکی ئەمنی تۆمارنەکراوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕونیکردەوە، "ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە قوڵایی بیابانەکاندا بەردەوامن بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی داعش".

 هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە "هێزەکانیان و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاروانی حاجیان".