دایک و باوکم زۆر پێشکەوتوو بوون و پشتگیری زۆریان لێکردم

کوردستان

08/06/2025‌ 1024 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەکردنی: ئەحمەد عەبدولحەکیمی

وتووێژ لەگەڵ سەرگوڵ عەلیزادە باشترین ڕاهێنەری تۆپی بالەی ئافرەتانی ئەمساڵی ئێران:

سەرگوڵ عەلیزادە، ڕاهێنەری تۆپی بالەی خەڵکی مەهاباد، لە ساڵی ۲۵-۲۰۲۴ی زایینی وەک باشترین ڕاهێنەری تۆپی بالەی ژنانی ئێران هەڵبژێردرا، لە ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانان و ڕاهێنەرانی بالە کە لە ۷ی خەرمانانی ئەمساڵ لە هۆڵی ئازادی شاری تاران بەڕێوەچوو، سەرگوڵ لە ڕیزی پێنج کاندیدی هەڵبژێردراودا بوو بە یەکەم.
سەرگوڵ عەلیزادە لە ساڵی 1983 لە شاری مەهاباد لە دایکبووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بە یاری بالە کردووە، لە تەمەنی 12 ساڵیدا پەیوەندی بە تیپی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە وڵاتی ئێران کردووە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی نیشتمانیدا. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا پەیوەندی بە تیپی هیلالی ئەحمەری مەهابادەوە کرد کە هەمان ساڵ وەک یاریزان-ڕاهێنەر بەشداری پاڵەوانێتی نیشتمانیی کرد و لەگەڵ ئەم تیپە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بەم شێوەیەش هاتە ناو جیهانی ڕاهێنەرایەتی تۆپی بالە. لەو کاتەوە عەلیزادە ڕاهێنەری تۆپی بالە بووە لەسەر ئاستی نیشتمانی و یانەکان. دوای ئەوە لە ماوەی ١٥ ساڵدا بڕوانامەکانی ڕاهێنەرایەتی یەک لە دوای یەک بەدەست هێناوە، و توانیویە هەر سێ ساڵ جارێک یەکێک لەو بڕوانامانەی ڕاهێنەرایەتی بەدەست بھێنێت.





ئەم بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتیانەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە بریتین لە:
بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی ناوخۆیی، ئاستی سێیەم، ئاستی دووەم و ئاستی یەکەم
بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی نێودەوڵەتی، ئاستی یەکەم و ئاستی دووەم
بڕوانامەی ڕاهێنەری تۆپی بالەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ڕاهێنەری لەشجوانی نێودەوڵەتییە و بڕوانامەی چەند بوارێکی دیکەی لەسەر ئاستی زانکۆ هەیە.
سەرگوڵ خاوەنی بەڵگەنامەی دکتۆرایە لە بەشی بەڕێوەبردنی وەرزش و شارەزای زمانی ئینگلیزییە. هەروەها لەگەڵ چالاکی و توێژینەوە زانستییەکانی ، چەندین سیمیناری گەورەی ڕاهێنەرانی بەناوبانگی جیهانی وەرگێڕان کردووە بۆ زمانی فارسی و پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی بالەی کردووە. زیاتر لە 10 وتاری زانستیی لەلایەن ناوبراوەوە لە بوارەکانی تۆپی بالە و خۆراک و دەروونناسیدا بڵاوکراوەتەوە. هەروەها سێ کتێبیشی لە بوارەکانی تۆپی بالە و دەروونناسیدا بڵاوکردۆتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٠ لە زانکۆی نیشتمانی و ئازادی تەورێز دەستی بە وانەوتنەوە کردووە، بەڵام دواتر بەهۆی سەرقاڵییەوە وازی لە وانەوتنەوە هێناوە.

چالاکییەکانی لە تۆپی بالەدا وەک یاریزان و ڕاهێنەر بەم شێوەیەن:
لەسەر ئاستی نیشتمانی:
2008: ئەندام وەک یاریزانێکی نیشتمانی لە هەڵبژاردەی زانکۆی ئازاد
٢٠١٥: ئەندامی وەک ڕاهێنەر لە هەڵبژاردەی لاوان
٢٠١٦ و ٢٠١٧: ئەندام وەک ڕاهێنەر لە هەڵبژاردەی ئومێد (لاوان)
٢٠١٨: سەرۆکی هەڵبژاردەی نیشتمانی و ڕەوانەی پاڵاوتنەکانی ئۆڵەمپیک بوون
٢٠١٩: ڕاهێنەرایەتی تیپی هەڵبژاردەی خوار ١٦ ساڵان لەگەڵ خاتوو ئالێ (ڕاهێنەری ئیتاڵی)
٢٠٢٠: ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هەڵبژاردەی خوار ١٦ ساڵان
٢٠٢١: یاریدەدەری ڕاهێنەری هەڵبژاردەی گەورەساڵان (خاتوو لی دۆ هیی ڕاهێنەری سەرەکی خەڵکی کۆریای باشوور) کە گەیشتە پلەی سێیەم لە ئاسیا.



لە بەشی یانەکان: (ئەندامێتی وەک یاریزان لەسەر ئاستی یانە و زانکۆ و نیشتمانی بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ)
٢٠١٤:سەرۆکی ڕاهێنەری تیپی خولی سوپەری تیپی شارەوانی تەورێز
٢٠١٧: سەرۆکی ڕاهێنەری تیپی ئومێدانی بی سوپەرلیگ و سەرۆکی ڕاهێنەری تیپی مەهاباد لە خولی یەکەمی گەورەساڵانی وڵات کە پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و سەرکەوت بۆ خولی سوپەرلیگی ئێران.
٢٠١٨: یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپی سایپا کە پلەی سێیەمی خولەکەیان بەدەستهێنا.
٢٠١٩: سەرۆکی ڕاهێنەری تیپی مقاومەتی شارەوانی تەورێز، کە پلەی پێنجەمی خولەکەیان بەدەستهێنا. هەر لەو ساڵەدا و دوای ڕێککەوتنی نێوان یانەکانی مقاومەتی شارەوانی تەورێز و پەیکان، وەک ڕاهێنەر ڕووی لە تیپی سوپەرلیگی پەیکانی تاران کرد و پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
لە ئێستادا (٢٠۲٥) سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی باڵابەرزانی ئێرانە (U16).

هەستت چۆنە کە ئەمساڵوەک باشترین ڕاهێنەری تۆپی بالەی ژنانی ئێران هەڵبژێردرایت؟
بێ گومان ئەمە هەستێکی زۆر تایبەتە. ئەوە لەڕادەبەدەر دڵخۆشکەرە بۆ من کە توانیم نازناوێکی لەو شێوەیە لە کەشێکدا بەدەستبهێنم کە هەموو گەورەکانی تۆپی بالەی وڵات ئامادەبوون. بێگومان هێشتا وەکوو خوێندکارێکم لەبەردەم گەورەکان و بەساڵاچووانی تۆپی بالەی ئێراندا. بۆ من لەوەش دڵخۆشکەرترە کە خەڵکی ئازەربایجان و کوردستان لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین ڕاهێنەری ژن دەنگیان پێدام. هێشتا لە سەرەتای ڕێگاکەم و پێم خۆشە لە داهاتوودا تیپی نیشتمانی تۆپی بالەی ئافرەتان لەسەر یەکەم پێگەی ئاسیا و جیهان ببینم. لەو حاڵەتەدا دەتوانم بڵێم ئامانجی خۆمم بەدی هێناوە.

ڕاهێنەری تیپەکانی تر کە کاندید کرابوون چۆن بوون؟
بەڕاستی کاتێک پێنج ڕاهێنەری ژنی بالەی وڵاتەکە بە هەڵبژاردنی ناوبژیوانانی بەئەزموون هەڵبژێردران، هەریەکەیان خاڵە بەهێز و تواناکانی خۆیان هەبوو کە هەڵبژێردران. من ڕێز لە چوار کاندیدەکەی تر دەگرم و پێم وایە هەر چواریان زۆر هەوڵیان داوە بۆ تۆپی بالەی وڵات، چ لەسەر ئاستی بنەڕەتی و چ لەسەر ئاستی پیشەگەر. بە گشتی هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە تۆپی بالەی ئێران بگەیەنینە لوتکە.

ئایا هەبوونی خوێندنی ئەکادیمی یارمەتیت داوە لە سەرکەوتنەکانتدا؟ وە تا چەند پێویستە ڕاهێنەرانی وەرزشی خوێندن و زانست لە بوارەکەی خۆیاندا بەدەست بهێنن؟
بێ گومان خوێندەواری ئەکادیمی ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنەکانمدا هەبووە. بە گشتی زانست و مەعریفە لەگەڵ ئەزموندا دەتوانێت مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن لە هەر بوارێکدا ببات. لە ڕاستیدا پێویستە ڕاهێنەرانی وەرزش جگە لە ئەزموون، پەروەردەی زانستییان هەبێت و پێکەوە هەردوو ئەم توانایانە پەرەپێبدەن. دەتوانم بڵێم یەکەم: پاڵپشتی بنەماڵەم و دووەم: خوێندنی ئەکادیمیم ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنمدا هەبوو.

تا چەند بنەماڵەکەت پشتگیریان کرد لەم کارەدا؟
بنەماڵەی من کەسانێکی زۆر شارەزا بوون و زۆر پاڵپشتی چالاکییە وەرزشییەکانمیان دەکرد. باوکم هانی دام کە وانەکانی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەر بخوێنم و لە هەمان کاتدا بەردەوام بم لە وەرزشکردن. دایک و باوکم ئەوەندە پێشکەوتوو بوون کە لە چالاکییەکانمدا لە بوارە جیاوازەکاندا پشتگیریان دەکردم. سەرکەوتنی ئێستام بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیری و هاندانی دایک و باوکم. هەمیشە ئاگاداری من بوون تا بتوانم درێژە بە خوێندن بدەم و لە بوارەکانی وەرزش و زمان و کۆمپیوتەردا چالاک بم.

بەڕای ئێوە چ پشتگیرییەک پێویستە بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو ئاستە بەرزەکانی وەرزشەوە؟
ئەمڕۆ وەرزش بووەتە پیشەسازییەکی گەورە و بەقازانج. وەک لە وەرزشی ئەوروپا و ئەمریکادا دەبینین، وەبەرهێنانێکی زۆر لە وەرزشدا دەکەن و داهات لەو وەبەرهێنانانە بەدەستدەهێنن. دەبێ وەرزشی ئێمەش بەم شێوەیە بێت. بۆ ئەوەی بتوانین وەرزشی ئافرەتان بگەیەنینە پلەی باڵا لە ئاسیا و جیهان، پێویستە ئێمەش وەک پیاوان لە ڕووی وەبەرهێنان و پاڵپشتی ماددی و ئەخلاقیەوە پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان بکەین.

چ ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ کچانی هەرزەکار کە دەیانەوێت بچنە ناو جیهانی ڕاهێنەرایەتی یان وەرزشی پیشەگەرەوە؟
بۆ ئەوەی کچان بتوانن بچنە ناو جیهانی پیشەگەری وەرزشەوە، پێویستە لە تەمەنێکی خوارەوە بڕۆن بۆ هۆڵەکانی وەرزش، لە دەوروبەری تەمەنی ٧ ساڵیدا، جگە لە وەرزش، دەبێت ژیانێکی پیشەگەریشیان هەبێت. دەبێت لە کاتی خۆیدا بخەون و لە کاتی خۆیدا لە خەو هەڵسن و کاتی خوێندنیان دیاری بێت. هەروەها دەبێت وەرزش وەک بەرنامەیەکی ئاسایی بخەنە نێۆ چالاکی ڕۆژانەی خۆیانەوە. جگە لە بابەتی تەکنیکی و تاکتیکی پێویستە وەرزشوانانیش بخوێنن، چونکە خوێندەواری و هۆشیاری شانبەشانی وەرزشی پیشەگەر گرنگییەکی زۆری هەیە. پێشنیار دەکەم کچان لە تەمەنێکی بچووکدا بەشداری وەرزش بکەن. بە دڵنیاییەوە پێویستە لە وەرزشەکانی وەک مەلەکردن و لەشجوانیدا چالاک بن. لە تەمەنی نۆ بۆ دە ساڵیدا پێویستە بچنە وەرزشە پیشەگەرییەکیانەوە وەک تۆپی بالە، باسکە، یان هەر بوارێکی تر کە ئارەزووی دەکەن، ئەم قۆناغانە لە تەمەنێکی بچووکدا زۆر گرنگن، هەروەها پێویستە دایک و باوک پشتگیری منداڵەکانیان بکەن. دوای ئەوەی منداڵەکەیان دەچێتە پۆلی یانەکانەوە، پێویستە قۆناغەکانی داهاتوو بسپێرن بەدەستی یانەکەوە. خاڵی گرنگی تریش ئەوەیە کە پێویستە لە چالاکییە وەرزشییەکانیان بەردەوام بن و تەنیا لە سێ مانگی هاویندا نەبێت.

قسەی کۆتاییت چیە؟
لە کۆتاییدا سوپاسی خێزانەکەم دەکەم. باوکی کۆچکردووم و دایکم زۆر پشتگیریان کردم. هەروەها هاوسەرەکەم زۆر پاڵپشتیم بووە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا لەگەڵم بووە. سوپاسی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی بالەی ئێران دەکەم بۆ پاڵپشتیی زۆریان لە تۆپی بالەی ژنان بە تایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بە تایبەتی سەرۆکی فیدراسیۆن، دوکتور تەقەوی، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆن خاتوو دەباغ، و خاتوو حەسەن زادە کە سەرۆکی تیپە میللیەکانن. هەروەها سوپاسی خەڵکی ئازەربایجان و کوردستان دەکەم کە دەنگیان پێدام بۆ بەدەستهێنانی باشترین ڕاهێنەری تۆپی بالەی ژنان.