ناتانیاهۆ داوای ڕاپەڕین لەئێرانییەکان دەکات‌و به‌ڵێنى پشتیوانیی دەدات

جیهان

14/06/2025‌ 3826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل پەیامێكی ئاراستەی گەلی ئێران كردو ڕایگەیاند، "ئیسرائیل ئێوه‌ بەدوژمنی خۆی نازانێت"، ده‌شڵێت:"به‌ڵكو شەڕی ئێمه‌ دژی ڕژێمی وڵاتەكەیە، ئێستاش كاتی یەكگرتنتانەو هەلێكە بۆ بەدەستهێنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی".


بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا بۆ گەلی ئێران وتی، "شەڕی ئێمە دژی ئێوە نییە، بەڵكو لەگەڵ ئەو ڕژێمەیە كە دەتانچەوسێنێتەوە، ئێمە ڕێز لەكولتورو مێژوتان دەگرین‌و ڕوناكی ئێوە تاریكی لەناو دەبات، من‌و گەلی ئیسرائیل لەگەڵ ئێوەین".

وتیشی:"هێرشەكەی ئەمڕۆمان یەكێكە لەگەورەترین هێرشە سەربازییەكان لەمێژودا بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمی‌و موشەكی بالیستییەكانی ئێران".

هەروەها وتی:"ڕژێمی ئێران ماوەی زیاتر لە50 ساڵە هەڕەشە لەئیسڕائیل دەكات، لەماوەی 24 كاتژمێردا توانیمان بەشێكی زۆر لەمەترسییەكان لەناو ببەین‌و بەدڵنیاییەوە هێرشی دیكەشی بەدوادا دەبێت".

ناتانیاهۆ بەگەلی ئێرانیشی وت:"لەڕابردودا ئیسرائیل‌و ئێران هاوپەیمان بون، ئێستاش كاتی ئەوەیە گەلی ئێران یەكبگرێت بۆ بەدەستهێنانی ئازادی".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) وتەوەو داوای لەگەلی ئێران كرد كە ئەم هەلەكە بۆ بەدەستهێنانی لەدەستنەدەن.