سوپاى ئیسرائیل: به‌رده‌وامده‌بین

جیهان

14/06/2025‌ 2202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەردەوامدەبن لەهێرشکردنەسەر ئامانجەکانیان لەناو خاکی ئێراندا.


ئیسرائیل‌و ئێران چەندین موشەکیان ئاراستەی یەکترکردو زیانی زۆریان بەیەکتر گەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەی کردوەتە ئامانجی سەرەکی خۆی، جگە لەکارگەکانی دروستکردنی موشەک.

زەنگی ئاگادارکردنەوە لەتەلئەبیب‌و قودس لێدران، دانیشتوانی ئەو دوو شارە لەماوەی دوو ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران لەنێو پەناگەکاندان، لەگەڵ ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چەندینجار داوایکرد، دانیشتوان لەپەناگەکان بێنە دەرەوە، چونکە هیچ ترسێک لەسەر ژیانیان نییە، بەڵام ئێران بەهێرشە بەردەوامەکانی ترسی گەورەی لای هاوڵاتییانی ئیسرائیل دروستکردوە، ئەوان پێیانوایە، هێرشەکانی ئێران زۆر توندو بەهێزن.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان بەردەوام موشەکەکانی ئێران لەئاسمانی تەلئەبیب پوچەڵدەکەنەوە، ئاشکراشیدەکات، شەوی ڕابردوو ئێران چەندین موشەکی ئاڕاستەی تەلئەبیب کرد، جگە لەخستنەخوارەوەی چەند موشەکێک، چەندینی دیکە لەنێو شارەکە کەوتنە خوارەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، دەنگی تەقیینەوەی بەرز لەتارانی پایتەخت بیستراوه‌، بێئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی دەنگەکان بڵاوبکاتەوە.

باڵیۆزی ئیسرائیل لەنەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاندوه‌، وڵاتەکەی نزیکبوەتەوە لەخاپورکردنی تەواوی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران.

ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت، "چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئیسرائیلیان لەناوچەی  سەلماسی باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە خستوەتە خوارەوە".