بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکی
لە کاتێکدا کە سەرنجەکان زیاتر بە ئاڕاستەى ڕەهەندی سەربازی هێرشەکەى
ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەو ئەگەرە دەکەن کە ئەو
هێرشەى ئیسرائیل وەڵامێک بوو بێت بۆ ئەو دزەکردنە هەستیارە هەواڵگرییەى ئێران بۆ
ناو دامەزراوە و بەرنامە ناوەکییەکان ئیسرائیل. ئەم نوسینە ئامانجی شیکردنەوەی ئەم
ئەگەرەیە بە پشکنینی بەڵگەکان و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی و پێشبینیکردنی سروشتی
وەڵامەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی شەڕی سێبەری نێوان هەردوولادا.
یەکەم: پاشخانی هەواڵگریی ململانێی ئیسرائیل و ئێران
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی مۆساد بۆ بردنی ئەرشیفی ناوەکى ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ەوە،
ئیسرائیل تواناى هەواڵگری لە ناوچەکەدا نمایش کرد، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی
ئێران کە تێیدا توانى دزە بکاتە ناو هەستیارترین زانیارى تایبەت بە وێستگە
ناوەکییەکانى ئیسرائیل، نیشانى داکە ئەویش دەتوانێت دەستى ڕابگات بە زانیارییە
هەستیارەکان.
دووەم: سروشتی ئۆپراسیۆنەکەی ئێران و دزەکردنەکە بۆ ناو ئیسرائیل
بەپێی زانیارییەکان، ئێران توانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری ئاڵۆز ئەنجام بدات کە
بریتی بوو لە:
دزەکردنێکی ئەلیکترۆنی ئاڵۆز بۆ ناو دامەزراوە هەستیارەکان (وەک وێستگەى ناوەکى دیمۆنا).
دروستکردنى سەرچاوەى هەواڵگرى لە ناو دامەزراوە هەستیارەکانى ناو ئیسرائیل.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کۆدکردن و دراوی دیجیتاڵی بۆ دابینکردنی پشتیوانى دارایی و پاراستنی ئاسایشی کارەکە.
ئەم شێوازە لە ئۆپەراسیۆنەکان ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە توانای
ئێران بۆ ئەنجامدانی دزەکردنی ستراتیژی درێژخایەن.
سێیەم: هەڕەشەی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل
تاران ڕایگەیاند کە خاوەنی سامانێکە لە زانیارى هەواڵگری کە زانیاری تێدایە لەسەر:
پێگەى وێستگە ناوەکییە ڕانەگەیەندراوەکان لە ئیسرائیل.
پەیوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
بەشدارییەکانی ئەوروپا لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکى ئیسرائیل.
چوارەم: لێکدانەوەی هێرشەکەى ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ ئەم دزەکردنه
هەرچەندە ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی لەوە نەکردووە کە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران لە
وەڵامی دزەکردنەکەى ئێران بوو بێت، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستی پشتگیری لەم لێکدانەوە دەکەن:
کاتی هێرشەکە: چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئێران هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی کرد.
جۆری ئامانجەکان: هەندێک لە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل شوێنی هەڵگرتنى زانیارییە هەواڵگرییەکان و ناوەندی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنیان کردبێتە ئامانج.
ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر بنەمای ڕێگری پێشوەختە دامەزراوە کە دژی هەر پێشێلکارییەکی
ئاسایشی نیشتمانییە، بەتایبەتی لە بواری ناوەکیدا، بۆیە دەکرێت هێرشەکە وەک وەڵامێکی
ئەمنی و هەواڵگری بخوێنرێتەوە، نەک وەڵامدانەوەیەکی سەربازی ئاسایی.
پێنجەم: کاریگەری دزەکردنەکە لەسەر ڕاگرتنى پارسەنگى هێز و تواناى هەواڵگری
بۆ ئیسرائیل:
أ.شکاندن و لەکەدارکردنى وێنى مۆساد و شاباک.
ب.لەدەستدانی شکۆمەندی ئەمنی لە چاوی هاوپەیماناندا.
ج.داواکاری ناوخۆیی بۆ داڕشتنەوەی کۆمەڵگەی هەواڵگری و ئاسایش.
بۆ ئێران:
أ.سەلماندنى توانای خۆی لە بوارى دزەکردنى ستراتیژیدا.
ب.بەهێز کردنى پێگەى خۆی لە دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی.
ج.دروستکردنی ڕێگرییەکی ناتەقلیدی لە دژی هەر هێرشێکى داهاتوو.
لەسەر ناوچەکە:
أ.ناوچەکە بەرەو شەپۆلێکی نوێی شەڕی سێبەرەکان هەنگاو دەنێت.
ب.ئەگەری فراوانبوونی شەڕى سایبیرى/ ئەلیکترۆنی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ج.چاوخشاندنەوە بە ئاستی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانییەوە.
ئەنجام
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەڵامێک بوو بۆ ئەو دزەکردنە هەواڵگرییە بەرفراوانەى
تاران بۆ ناو دڵی ئاسایشی ناوەکى و سەربازی ئیسرائیل، ئەم لێکدانەوەیەش دەمانخاتە بەردەم
ئەگەرێکى نوێ لە ململانێکاندا، کە تیایدا ڕووبەڕووبوونەوەکان چیتر تەنها بە مووشەک
و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنووردار نابێت، بەڵکو دەچێتە قۆناغێکەوە کە تیایدا هەرکەسێک خاوەنی
نهێنییەکانی ئەویتر بێت، خاوەنی بڕیاری شەڕ و ئاشتیش دەبێت.
