باڵیۆزى ئیسرائیل ئه‌مریكا: پێنجشه‌ممه‌و هه‌ینى سوپرایزمان ده‌بێت

جیهان

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 15042 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا باس لەئەگەری بەشداربونی ئەمریکا لەجەنگی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران‌و هێرشکردنەسەر بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ دەکرێت، باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا ئاماژە بەڕودانی چەند ڕوداوێکی گەورەو خێرا لەڕۆژانی داهاتودا دەکات.


یەحیائیل لایتەر باڵوێزی ئیسرائیل لەئەمریکا، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئەتۆمیی ئێران، تەنها بەئەمریکا دەکرێت، چونکە دامەزاوەیەکی زۆر پێشکەوتوو وردەو توانای پتاندنێکی زۆر وردو خاوێنی یۆرانیۆمی هەیە".

ده‌شڵێت:"کێشەکە ئەوەیە کە ئەو دامەزراوە ئەتۆمییە لە 80 تا 90 مەتر لەژێرزمیندایە‌و تەنها ئەمریکا ئەو جۆرە بۆمبەی هەیە کە بتوانێ ئەو دامەزراوەیە لەناو ببات، بۆیە ئەمریکا بیەوێ یان نا، دەبێ ئەوکارە هەر بکات".

وتیشی:"بێگومان رێی تریش هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە"، ئاماژەی بەوەشدا، "لەڕۆژانی ئایندە گورزی توندتر لەئێران دەوەشێندرێ، بەتایبەت لەشەوانی پێنجشەممه‌و هەینیی داهاتوو، ئۆپەراسیۆنێک دژی ئێران دەکەین کە تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی حزبوڵڵا، کارێکی زۆر سادەو بچوکە لەچاویا".

باڵیۆزەکە دەشڵێت، "سوپرایزەکە بەجۆرێک گەورە دەبێت، کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەرو بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت،" کە مەبەست لێی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حزبوڵڵای لوبنانییە لەئەیلولی پار، کە بوە هۆی کوژرانی 37 کەس‌و برینداربونی نزیکەی 3000ی دیکە".