هۆشداریدەدرێت لەزۆر بەکارهێنانی شاشە لەساڵانی گەشەکردنی سەرەتایی منداڵدا

تەندروستی

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

منداڵانی بچوک باشتر فێردەبن کاتێک دەتوانن شتە ڕاستەقینەکان دەستکاریی بکەن‌و بیانگەڕێنن‌و یارییان پێبکەن، وەک دکتۆرە سارا کۆکەر پڕۆفیسۆری دەرونناسی لەزانکۆی ساوزێرن مێسۆدیست لەدالاس، دەڵێت، هۆشداریشدەدات، لەزۆر بەکارهێنانی شاشەکان لەساڵانی گەشەکردنی سەرەتاییدا.


کۆکەر دەڵێت، "بۆ نمونە، کاتێک وشەیەکی نوێى وەک مۆز فێردەبێت، گرنگە منداڵ هەست بەلێدانەکەی بکات‌و شێوەکەی لەهەموو گۆشەیەکەوە ببینێت بۆ ئەوەی تێبگات کە سێ ڕەهەندییەو بۆنێکی تایبەتی هەیە."

هەروەک دەڵێت:"تەنها بینینی وێنەی مۆزێک یان ڤیدیۆیەکی خێرای ئەنیمەیشنی مۆزێک هەمان زانیاریی نادات."

بەواتایەکی تر، بینینی شتێک لەسەر شاشە هاوتای یاریکردن نییە لەجیهانی ڕاستەقینەدا.

به‌گوێره‌ى پێگەی "هێڵس دەی"، کۆکەر پێشنیازدەکات کاتی بەرکەوتن بەشاشە کەمبکرێتەوە، بەتایبەتیی لەچەند ساڵی یەکەمی تەمەندا، بەوپێیەی لەم قۆناغەدا، منداڵان پەیوەندییەکی واتادار لەمێشک‌و زماندا دروستدەکەن، کە باشتر لەڕێگەی ئەزمونە پراکتیکییەکانەوە بونیاد دەنرێن.

بەڵام دەڵێت، هەموکات بەسەربردنێکی شاشە خراپ نییە، لەڕاستیدا هەندێک میدیای دیجیتاڵیی دەتوانن پشتگیریی فێربون بکەن، بەتایبەتیی کاتێک کۆمەڵایەتیی بێت.

چۆن کاتی شاشە ئەرێنی دەکەیت؟
کۆکەر چوار ئامۆژگاری سادە پێشکەشدەکات بۆ یارمەتیدانی دایک‌و باوکان بۆ ئەوەی کاتی شاشە کاریگەرتر بکەن:
1.    ئەگەر ئامانج تەنها هێشتنەوەی منداڵەکە بێت بەئارامیی یان سەرقاڵکردنی، ئەوا بیر لەئامرازەکانی تر بکەنەوە وەک هەناسەدانی قوڵ یان پێدانی یارییەکی ئیسفەنجی.

2.    شاشەکان بەشێوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەکاربهێنن، چاتی ڤیدیۆیی لەگەڵ ئەندامانی خێزان، وەک داپیرە، یارمەتیی منداڵان دەدات فێری گفتوگۆی دولایەنە ببن. هەروەک یارییە دوانەییەکان، وەک مەتەڵ، یارمەتیی منداڵان دەدەن قسە بکەن‌و گوێبگرن‌و فێرببن.

3.    ئەگەر ئەپەکە یان ڤیدیۆکە تەنها ڕێگە بەمنداڵەکەت بدات دابنیشێت‌و سەیری بکات، ڕەنگە زۆر شت فێرنەبێت، بۆیە بەدوای ئەو میدیایانەدا بگەڕێ کە پرسیاردەکەن یان منداڵەکەت بەجیهانی دەوروبەرییەوە دەبەستنەوە.

4.    دڵنیابە کە منداڵەکەت هێشتا زۆر وشە لەکەسانی ڕاستەقینەوە دەبیستێت، تەنانەت کردارە سادەکانیش وەک چیرۆک گێڕانەوە لەکاتی چێشتلێنان یان پاککردنەوە  دەتوانن پشتگیریی گەشەکردنی بکەن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە