ڕوناکیی درەوشاوەی شەوان مەترسیی توشبون بەپێنج نەخۆشیی زیاد دەکات

تەندروستی

08/07/2025‌ 1175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێی زانستیی کە لەلایەن توێژەرانی ئوسترالیا، بەریتانیاو ئەمریکا ئەنجامدراوە ئاشکرایدەکات، بەرکەوتنی ڕوناکی درەوشاوە لەشەودا مەترسیی توشبون بەپێنج نەخۆشیی سەرەکیی دڵ‌و خوێنبەرەکان زیاد دەکات.


بەگوێرەی بابەتێک کە لەپێگەی "مێدیکاڵ ئێکسپرێس"دا بڵاوکراوەتەوە، توێژینەوەکە کە لەسەر زیاتر لە88 هەزار کەس ئەنجامدراوە، دەریخستوە کە ئەوکەسانەی زیاتر بەر ڕوناکیی شەوانە دەکەون، مەترسیی توشبونیان بەنەخۆشییەکانی خوێنبەری تاجی، جەڵتەی دڵ، سستبونی دڵ، لێدانی دڵی ناڕێک‌و جەڵتەی مێشک بەڕێژەی 23% بۆ 56% زیاترە.

ئەوەش هاتوە، ئەم پەیوەندییە تەنانەت دوای ڕێکخستنی فاکتەرەکانی وەک چالاکی جەستەیی، جگەرەکێشان، کحول، خۆراک، خەوو باری کۆمەڵایەتیی‌و ئابوریش هەر بەردەوامبوە.

توێژەران پێشنیازدەکەن کە تێکچونی کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە بەهۆی ڕوناکیی نائاساییەوە دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی میتابۆلی‌و خوێنبەرەکان، بۆیە، داوادەکەن کە ڕوناکی گونجاو لەماڵەکان، نەخۆشخانەکان‌و پلاندانانی شارەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ‌و خوێنبەرەکان.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی