ژەنەڕاڵێکی یەدەگی سوپای ئیسرائیل نهێنیی سەرنجڕاکێش لەبارەی تواناکانی حەماس ئاشکرادەکات

جیهان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6754 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیوا ئیسحاق بریک ئەفسەری یەدەگی سوپای ئیسرائیل، هێرشێکی توندیکردوه‌تەسەر یەکەی وتەبێژی سوپا بەتۆمەتی "چەواشەکردنی خەڵکی ئیسرائیل بەبڵاوکردنەوەی چیرۆکی ناڕاست دەربارەی سەرکەوتنە سەربازییەکان"، کە وێنەیەکی درۆیینە لەسەر هێزی سوپا دروستدەکات‌و شکستەکانی دەشارێتەوە.


بریک کە پێشتر پۆستی باڵای لەدامەزراوەی سەربازییدا هەبوە، لەوتارێکدا کە لەڕۆژنامەی مەعاریف بڵاویکردوەتەوە ده‌ڵێت:"واقیعی مەیدانیی لەغەززە بەتەواوی پێچەوانەی ئەو شتانەیە کە دامەزراوەی سەربازیی بانگەشەی بۆ دەکات، بەتایبەت ئەوەی کە ڕادەگەیەنرێت دەربارەی لەناوبردنی تواناکانی حەماس یان کوشتنی هەزاران چەکداریان".

بریک ڕونیکردوه‌تەوە، یەکەی وتەبێژی سەربازیی لەساڵانی ڕابردودا بوه‌تە ئامرازێکی پڕوپاگەندە بۆ جوانکردنی وێنەی سوپا، کە تێیدا سەرکەوتنەکان دروستدەکرێن‌و شکستەکان دەشاردرێنەوە، ئەمەش متمانەیەکی زۆر لەلایەن ڕای گشتییەوە بەتوانای سەربازی "خەیاڵی" قوڵدەکاتەوە.

بەوتەی بریک، کەتائیبی قەسام باڵی سەربازیی حەماس، هێزێکی شەڕکەری نزیکەی 40 هەزار چەکداری ماوە کە لەتۆڕێکی تونێلدا جێگیرن‌و درێژییەکەی سەدان کیلۆمەترە.

ئاماژەی بەوەشداوه‌، "زۆرێک لەسەربازو ئەفسەرانی مەیدانیی ئاماژە بەوەدەکەن کە بەزەحمەت ڕوبەڕوی چەکدارانی بزوتنەوەکە بونەتەوەو جەختیانکردوه‌تەوە، دوژمن بەشێوازی شەڕی گەریلاو بۆسەدان بەردەوامە لەشەڕکردن".

بریک بەتوندی ڕەخنەی لە"ڕۆڵی ڕۆژنامەنوسان‌و شیکەرەوە سەربازییەکان گرتوە کە زانیارییەکانی سوپا بڵاودەکەنەوە بەبێ لێکۆڵینەوە"، بەهاوبەش لەچەواشەکردنی گەلی ئیسرائیل‌و بەخشینی شەرعییەت بەبەردەوامبونی شەڕ سەرەڕای نەبونی دەستکەوتی مەیدانی هەژماریکردون.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە