شارپرێس:
ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاشکرایکرد، ئەو ئاوەی تورکیا بۆ عێراق بەریدەداتەوە تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگە و دەڵێت،" دۆخی عێراق زۆر خراپە و بەتەواوی دیاردەی بەبیابانبونی تێدا دەركەوتوە ".
ڕوانگەی عێراقی سەوز، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، "هەر کەسێک بە وردی سەیری ئەو ڕاگەیاندراوەی تورکیا بکات دەربارەی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو ڕوبارەکانی دیجلە و فورات، ئەوە دڵنیا دەبێت لەوەی ئەو بەردانەوەیە تەنیا بۆ مانگەکانی تەمموز و ئابـە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بەردانەوەیە هیچ سودێکی نییە، ئەگەری هەیە عێراق دوای ئەم دوو مانگە توشی کارەساتێکی دیکەی ئاو ببێتەوە."
ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاگەیاندراوەکەیدا جەختی کردوەتەوە،" هێشتا ئەم بەردانەوەیە، پارێزگاکانی باشوریان لە تینوێتی ڕزگار نەکردووە".
ڕونیشیکردەوە، " ئەو وشکەساڵییەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق توشی بووە، بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 500 سەر گامێش لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست".
دەشڵێت،" هەموو کەسێک دەزانێت کە هەریەک لەو گامێشانە کارگەیەکی شیرەمەنییە، ئەمەش مەترسی لەسەر سامانی ئاژەڵی وڵاتەکە دروست دەکات و ڕوبەڕوی مەترسیی گەورە دەبێتەوە."
ش.ح