تەکنیکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی بەردی گورچیلە دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

20/08/2025‌ 221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تیمێک لە زانکۆی واتەرلو، بە سەرپەرشتی دکتۆر ڤێرۆنیکا ماگدانتیس، "ڕۆبۆت"ێکی وردی موگناتیسییان دۆزیوەتەوە کە شێوازی چارەسەرکردنی بەردی گورچیلە دەگۆڕێت.


ئەم ئامێرە نەرمە، کە تەنها یەک سانتیمەتر درێژە، لە هایدرۆجێل و ماددەیەکی نەرم (ئیلاسترۆمەر) دروستکراوە، و موگناتیسێکی بچووک و ئەنزیمی یۆریاز لەخۆدەگرێت، لە ڕێگەی قەستەرەوە دەخرێتە ناو میزلدان، کە لەوێدا دەتوانرێت بە وردی ئاراستە بکرێت.

کاتێک لە نزیک بەردێکی ترشەڵۆکی یۆریکدا جێگیر دەبێت، ئەنزیمی یۆریاز ترشییەتی میز (pH) بەرز دەکاتەوە، کە وای لێدەکات کەمتر ترش بێت. ئەم گۆڕانە کیمیاییە وردە وردە بەردەکە دەکاتە پارچەی بچووک کە لە چەند ڕۆژێکدا بە شێوەیەکی سروشتی لە جەستە دەکرێنە دەرەوە.

لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا کە مۆدێلێکی کۆئەندامی میزەڕۆی چاپکراو بە تەکنەلۆجیای سێ ڕەهەندی بەکارهاتبوو، ڕۆبۆتەکە توانی ترشییەتی میز لە 6ەوە بۆ 7 بەرز بکاتەوە، و کێشی بەردەکە بە ڕێژەی نزیکەی 30٪ کەم بکاتەوە تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا.

ئەگەر ئەم ڕێبازە کاریگەرییەکەی سەلمێنرا، ئەوا ڕەنگە شۆڕشێک لە پزیشکیی میزەڕۆدا دروست بکات بە دابینکردنی جێگرەوەیەکی زۆر کارا و نا نەشتەرگەری بۆ چارەسەرە تەقلیدییەکان وەک نەشتەرگەری یان چارەسەر بە شەپۆلی شۆک.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی