ئێران و ڕوسیا هاوکاری ئەتۆمی فراوان دەکەن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 197 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

محەمەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئەرکە یاساییەکانی بەرامبەر بە ئێران جێبەجێ نەکردووە. 

محەمەد ئیسلامیی ڕونیشیکردەوە، ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی ئێران و ڕوسیا هەیە، کە بریتییە لە دروستکردنی هەشت وێستگەی گەورەی ئەتۆمی.

دەشڵێت، "ئەو یاسایەی پەرلەمانی ئێران پەسەندی کردووە، دوو مەرجی ڕوونی داناوە و دەبێت  ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێیان بکەن".

هەروەها ئیسلامیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "داوامان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران شەرمەزار بکات، بەڵام ئەو کارەی نەکرد، هەروەها هیچ بەیاننامەیەکیشی  بۆ  پاراستنی زانیارییەکانی پەیوەست بە پیشەسازی ئەتۆمی ئێرانی دەرنەکرد". 

ڕونیشی کردەوە کە "رێککەوتنی نێوان حکومەتەکانی ئێران و ڕوسیا، دروستکردنی هەشت وێستگەی گەورەی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت کە چوار یەکە لە بوشێهر بە توانای کۆی گشتی پێنج هەزار مێگاوات و چوار یەکەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هۆرمزگان دروستدەکرێن".

ئیسلامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییە لەگەڵ ڕوسیا ئامانجی خێراکردنی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و گۆڕینی بۆ بەرنامەیەکی کارپێکردنی ڕاستەقینەیە".
ئ.ه