شارپرێس:
هاوسەرۆكانی شارەكانی دەم پارتی لە بارەگای پارتەكە كۆبونەوە بە سەرپەرشتی هاوسەرۆكانی گشتی تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باكرهان.
لە كۆبونەوەكەدا تولای حاتەم ئۆغوللاری ئاماژەی بەوەكرد، "بێگومان لەگەڵ هاوڕێیانمان باس لە كاریگەرییەكانی بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی بەڕێز ئۆجالان لەسەر كۆمەڵگا، ئەو كارانەی كە كراوە و چی پێویستە بكرێت دەكەین. هەروەها هاوسەرۆكەكانمان لە گۆڕەپانەكانەوە ڕاپۆرتی گرنگە پێشكەش دەكەن".
ئۆغللاری لەبارەی كۆمسیۆنی ئاشتییەوە رونیكردەوە، "بەداخەوە سەرەڕای هەنگاوە بنەرەتیەكانی بەڕێز ئۆجالان و پەكەكە، هێشتا دەوڵەت هیچ هەنگاوێكی جددی نەناوە، گرنگترین هەنگاو تەنیا دامەزرانی ئەم كۆمیسیۆنەیە، بەڵام ئەم كۆمیسیۆنەش بە ڕادەی پێویست گرنگی بە پرسە سەرەكییەكان نەداوە."
دەشڵێت "پێویستە كۆمیسیۆن كۆدەنگی كۆمەڵایەتی بەهێز بكات و بە یاسایەكی تایبەت، ڕەشنووسی یاساكانی دیموكراتیك و ئازادییەكان بخاتە رۆژەڤی پەرلەمانەوە. ئەوەی كە لە قۆناغی نوێی یاسادانان كە لە یەكی تشرینی یەكەمەوە دەست پێدەكات، هیچ ڕەشنووسێك لەسەر ئەم پرسانە نییە، ئەمەش نیشانەی سیاسەتی كات بەفیڕۆدانە. یەكێك لە بەپەلەترین پرسەكان بۆ كاری كۆمیسیۆن 'مافی هیوا'یە. هەروەها ژیانی ئازاد و هەلومەرجی كاركردن بۆ بەڕێز ئۆجالان دابین بكرێت. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت ڕۆڵێكی چالاكانە بگێڕێت لە سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا".
ئ.ه
