شارپرێس:
هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە چڕتربونەتەوەو دوابەدوای هۆشداریی ئەمریکا بۆ حەماس، بزوتنەوەکە ئاشکرایدەکات، ئامادەن دانوستان بکەن.
دوێنێ یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی بەبزوتنەوەی حەماس-داو جەختی لەوەکردەوە، ئەمە دواین هۆشداریدەبێت بۆ ئەوان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەڕی غەززە لەدوەم ساڵی نزیکدەبێتەوە.
بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، چەند پەیامێکی ئەمریکایان لەڕێگەی نێوەندگیرانەوە بەدەستگەیشتوەو ئاشكرایدەکەن، ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕو ئازادکردنی بارمتەکانو ئەنجامدانی دانوستان، بەمەرجی کۆتاییهێنان بەشەڕو کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەکەرتی غەززە.
ترەمپ ئاشکرایکردوە، ئیسرائیلییەکان مەرجەکانی ئەویان قبوڵکردوەو پێویستە ئێستا حەماسیش قبوڵی بکاتو هۆشداریشدەدات لەوەی ئەمە دواین دەرفەتە بۆ بزوتنەوەکە.
بزوتنەوەی حەماس ڕایدەگەیهنێت، "لەڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە چەند پێشنیازێکمان لەلایەنی ئەمریکییەوە پێگەیشتوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەست، بەگەرمی پێشوازیی لەهەر هەنگاوێک دەکهین کە یارمەتیدەربێت لەهەوڵەکانی وەستاندنی هێرشکردنەسەر گەلەکەمان".
شاندێکی کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیازێکی نوێیان بۆ ئاگربەستو ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەغەززە پێشکەش بەحەماس کردبوو، لەبەرامبەردا حەماس ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ ڕاگەیاند.
حەماس ڕاگەیهنراوێكى بڵاوكردهوهو دهڵێت، "دەستبەجێ ئامادەین بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ تاووتوێکردنی ئازادکردنی هەموو دیلەکان لەبەرامبەر ڕاگەیاندنێکی ڕون بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگو کشانەوەی تەواو لەکەرتی غەززە".
هاوکات داوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەلایەن کەسانی سەربەخۆی فەڵەستینییەوە دەکات کە دەستبەجێ دەستبەکارەکانی بکرێت.
