شارپرێس:
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، بڕیارە ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبێتەوە، کە بەهاندانی نێردەی ئەمریکی تۆم باراک دێت کە پێشتر لەگەڵ هەردولایەن کۆبوەتەوە.
باس لەوەشکراوە، ئەو کۆبونەوەیە بەردەوامیدانە بەکۆبونەوەکانی پێشوتری نێوان دیمەشقو تەلئەبیب، دیارترینیان لەپاریس بوو بەچاودێریی ئەمریکا، کە تێیدا هەردوو شاندەکە باسیان لەدۆسیەکانی پەیوەندیدار بەکەمکردنەوەی گرژییەکان لەباشوری سوریا، بەتایبەتی لەپارێزگای سوەیداو چاودێریکردنی ئاگربەست، جگە لەکاراکردنەوەی ڕێککەوتنی جیابونەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 کرد.
هەروەک وتووێژەکان لەسەر ڕاگرتنی دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی سوریاو بەهێزکردنی سەقامگیرییو یەکپارچەیی خاکی سوریا چڕبونەوە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم دیدارانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە ناوچەییەکانو دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی لەنێوان سوریاو ئیسرائیل کە ڕۆڵی لەسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا دەبێت.