وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل: ئه‌مڕۆ ڕه‌شه‌بایه‌ك له‌غه‌ززه‌ هه‌ڵده‌كات

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی بەئامانجگرتن‌و وێرانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبون لەغەززەو لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس دەکات، ئەگەر بارمتەو دیلەکان ئازادنەکرێن، ده‌شڵێت:"ئه‌مڕۆ ڕه‌شه‌بایه‌ك له‌غه‌ززه‌ هه‌ڵده‌كات".


وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەتۆڕی ئێکس هەڕەشەنامەیەکی توندی بڵاوکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، "ئەمڕۆ ڕەشەبایەک غەززە دەگرێتەوەو حەشارگەی چەکدارانی حەماس دەهەژێنێت، ئەمە دوا هۆشدارییە، بۆ ڕزگارکردنی بارمتەو دیلەکان؛ بەچەکدارانی حەماس دەڵێین، چەکەکانتان دابنێن، ئەگینا خۆتان‌و غەززە لەناودەچن".

ئەو پەیامەی یسرائیل لەکاتێکدایە کە هەینی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل دەستیکرد بەبۆردومانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبون لەکەرتی غەززە، بەهۆیەوە ئاوارەبونێکی دیکەی بەلێشاو خەڵکی غەززەی گرتوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 48 بارمتەو دیلی ئیسرایلی لەغەززەدا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، بەڵام 20یان زیندون، لەبەرامبەردا نزیکەی 11 هەزارو 100 فەڵەستینی لەزیندانەکانی ئیسرائیل هەن.

هەروەها به‌گوێره‌ى چاودێرانی سیاسیی، پلانی چڕکردنەوەی هێرشی سەربازانی ئیسرائیل، ئامانج لێێ ئاوارەکردنەوەی خەڵکی غەززەیە بۆ باشوری کەرتەکە، ئەمەش پلانێکی هاوبەشی ئیسرائیلی ئەمریکییە.

لەدەستپێکی شەڕی نێوان غەززەو ئیسرائیلدا لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە تائێستا، 64 هەزارو 455 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکیان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بوە، هەروەها 162 هەزارو 776 فەڵەستینی دیکەش برینداربون زۆربەیان ئافرەت‌و منداڵن‌و زیاتر لەنۆ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن‌و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبونە.