کەنەکە داوا لەئەوروپا دەکات بۆ دابینکردنی مافی هیوا گوشار لە تورکیا بکەن

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە ئاشکرایکردووە، لە کۆتای مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولەوە چەندین نامەیان بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا و نوێنەرە هەمیشەییەکانی دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە ناردووەو داواکراوە کاتی ئەوەیە دەربارەی  دۆسیەی 'مافی هیوا' بڕیار بدەن.

بەگوێرەی لێدوانی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان بەپشت بەستن به دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، سزای زیندانیکردنی قورسی هەتاهەتای لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە وەک پێشێلکردنی مادەی سێهەمینی پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێناسە دەکرێت، هەروەها دادگاکە داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە بۆ جێبەجێکردنی 'مافی هیوا' پێویستە هەموارکردنەوەی یاسایی ئەنجام بدات.

هەروەها کەنەکە داوای لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و فشار لە حکومەتی تورکیا بکەن، تا ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات.

کەنەکە دەشڵێت، بڕیارەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی دیموکراتیکبونی تورکیا دەبێت و  حکومەتی تورکیا ساڵی ڕابردوو بەو پلانی چالاکییەی پێشکەشی کرد ڕایگەیاند، کە مافی هیوا دەستەبەر ناکەن بۆ ئۆجالان و ئەو زیندانییانەی کە سزای هەتاهەتاییان بۆ بڕاوەتەوە. کەنەکە بڕیار و هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیای بە پێشێلکردنی مافی زیندانیان وەسفکرد و دەڵێت، کە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت.
ئ.ه