هه‌رێم داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ئه‌مریكا ده‌كات

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکۆبونەوەیەکی تایبەت بەوەبەرهێنان لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەت ڕایگەیاند، "بەشێک لەمیلیشیاکان بەدرۆن هێرشیانکردەسەر سەقامگیریی هەرێم، بۆیە داوادەکەین ئەمریکا سیستمی دژە درۆن بۆ هەرێمی دابینبکات بۆ زیاتر دابینکردنی ئاسایش".


کەرتی وەبەرهێنان لەهەرێم لەگەشەسەندنی بەرده‌وامدایە، لەکۆبونەوەیەکی تایبەتی نێوان ژوری بازرگانی هەرێم‌و ئەمریکا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم‌و ویندی گرین کونسوڵی ئەمریکا لەهەولێر لەکۆبونەوەکە بەشدارن‌و قسەیانکرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پەیامی حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ دەمانەوێت پەیوەندییەکی کۆنکرێتیمان لەگەڵ ئەمریکاو کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەبێت".

ڕێبەر ئەحمەد ڕونیشیكرده‌وه‌، "ئێمە بەرپرسین لەئاسایشی ناوخۆو دابینکردنی سەقامگیریی کە زۆر دامەزراوەی ئەمنی دەگرێتەوە لەوانە، پۆلیس، بەرگری شارستانی، ئاسایشی سنورەکان، وەڵامدانەوەی خێراو مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان، هەڕەشەی داعش هێشتا لەناو نەچوە، داعش هێشتا لەناوچە جێناکۆکان چالاکە، هێزەکانمان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان‌و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەڕوبەڕوبونەوەی ئەم هێرشانە".

ئه‌وه‌شى وت، "بەردەوام کارمانکردوە لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی قاچاخچیەتی کە دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی ئاسایش‌و ئابوریمان".

جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێمە لەهەرێمی کوردستان شانازی بەسەقامگیرییەکەمانەوە دەکەین، چونکە ڕێژەی تاوان کەمە هەروەها سیستەمی ئاسایشمان زۆر بەهێزو پارێزراوە، زیادبونی مەترسییە ئەمنییەکان‌و هێرشە درۆنییەکان وادەکات هەماهەنگی لەنێوان هەرێم‌و ئەمریکا بەهێزتربێت".

وه‌كو وه‌زیرى ناوخۆ ڕونیكرده‌وه‌، "بەشێک لەمیلیشاکان هێرشیانکردەسەر ژێرخانی هەرێم، دەکرێت ئەوە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیریی، بۆیە ئێمە پێمانوایە هاوبەشی ئەمریکییەکان زۆر گرنگە، دەمانەوێت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا بکەین بۆ بەهێزکردنی زیاتری سەقامگیریی ژێرخانی هەرێم، هاوکات دەمانەوێت لەڕێگه‌ی تەکنۆلۆژیاوە تواناکانمان بەهێزبکەین ئەمە نەک تەنها هەرێم، بەڵکو هاوڵاتییان‌و وەبەرهێنەرانی ئەمریکیش دەپارێزێت".