شارپرێس:
لیژنەی دانوستانکاری ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی سوریا داوای نێوەندگیری و گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق کرد، بەتایبەتی لە واشنتۆن و پاریس و ڕیاز.
لیژنەی دانوستانکاری ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕەقە کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر.
ئامادەبوان داوای گەرەنتی نێودەوڵەتییان بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق بە تایبەتی لە ئەمریکا و فەرەنسا کرد، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی ڕۆڵی شانشینی سعودیە لەم بابەتەدا کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی سەرەکی لە پشتیوانیکردن و سەقامگیرکردنی سوریا.
حەمید مەهباش هاوسەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری ڕۆژئاوا باسی لە کاری لیژنە ئەمنی و سەربازییەکان و هەروەها لیژنەکانی پەروەردە و ئابوری و تەندروستی و پرسی هەموارکردنەوەی دەستور کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر بابەتی خزمەتگوزاری و کارگێڕی.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم لیژنانە بە یەکەوە کۆبونەوەکانیان لە نێوان دیمەشق و ڕۆژئاوا ئەنجام دەدەن، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیدا.
میشلیب تورکان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی پارێزگای ڕەقە و ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاری لیژنەی دانوستانکار، ڕایگەیاند، زۆر گرنگە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەکە هەوڵدەدات هەموو ناکۆکییەکانی پەیوەست بە پەروەردە و پرسەکانی دیکە چارەسەر بکات بۆ ئەوەی بگاتە چارەسەرێکی باش.
ئ.ه
