شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
ئیبراهیم حەفتارۆ هاوسەرۆکی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی عەفرین ئاشکرایدەکات، سوپای تورکیا لەزۆر بنکەی ستراتیژیی لەعەفرین ماوەتەوەو عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت.
دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە8ى کانونی دوەمی 2024، پرسی کۆتاییهێنان بەداگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بوە کارنامەیەکی سەرەکی لەهەموو گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات (ههسهده) ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی کاتیی لەدیمەشق.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا ڕاگەیەندرا کە سوپای تورکیا بەتەواوی لەعەفرین کشاوەتەوەو بارەگاکانی ڕادەستی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کردوە، بەڵام بهگوێرهى ئەو زانیاریانەی کە شارپرێس لەزۆرێک لەسەرچاوەكانى لهعەفرینهوه دەستیکەوتوە، تائێستاش عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت.
سەبارەت بەو پرسەو بەمەبەستی پێدانی زانیاریی وردتر لەسەر ئەو پرسە، هاوسەرۆکی لیژنەی کۆمەڵایەتی عەفرین، ئیبراهیم حهفتارۆ، وەڵامی پرسیارەکانی شارپرێسی دایەوە.
عەفرین هێشتا لەژێر داگیرکاری تورکیادایە
لەسەرەتای قسەکانیدا، ئیبراهیم حهفتارۆ سەرنجی بۆ تۆمەتەکانی کشانەوەی سوپای تورکیا لەعەفرین ڕاکێشاو ڕایگەیاند، ئەو زانیاریانەی کە سوپای تورکیا لەهەموو عەفرین کشاوەتەوە ڕاست نییە.
دهشڵێت، "تائێستا سوپای تورکیا لەزۆرێک لەناوەندە ستراتیژییەکانی عەفرین ماوەتەوە؛ وەک (گوندی عەفرین، باسیلێ، چیای گور، چیای شێویرزێ) لەوانەیە لەناوەندی عەفرینو ناوەندەکانی دیکە کشابنەوە، بەڵام هێشتا لەزۆر ناوچەی ستراتیژی عەفرین ماونەتەوە".
تورکیا حوکمڕانی عەفرین دەکات نەک حکومەتی کاتیی لەدیمەشق
ئیبراهیم حەفتارۆ سەرنجی بۆ حوکمڕانی عەفرین ڕاکێشاو وتى، "هەموو کەس دەزانن عەفرین لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایەو داگیرکردنی عەفرین تائەمڕۆش بەردەوامە، بۆیە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، نەک لەلایەن حکومەتی کاتییەوە لەدیمەشق، تائێستا پارێزگاری شارى سهرا-ى تورکیا لەناوەندی سەرایاوە لەساڵی 2019وه حوکمڕانی عهفرین دەکات".
خەڵکی عەفرین جارێکی تر بەپارە موڵکەکانیان دەکڕنهوه
سهبارهت بهوهش ئایا خەڵکی عەفرین دەگەڕێنەوەسەر ماڵو حاڵی خۆیان، حهفتارۆ بەشارپرێسی وت، "خەڵکێكى كهمى عەفرین دهگهڕێنهوه، بەڵام ئەوانەشی دەگەڕێنەوە ڕاستهوخۆ دەستگیردەکرێنو گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیاش ئهو ماڵو موڵكانهى دهستیان بهسهرداگرتوه ئامادهنین بیگهڕێننهوه، هەندێک لەعەفرینیهكانیش جارێكى دیكه تهواوى ماڵو موڵكهكانى خۆیان لهچهكدارهكان كڕیوهتهوه".
گروپو خێزانەکانی دەرەوەی عەفرین
پێش داگیرکاریی، ڕێژەی کورد لەعەفرین لەسەدا 98 بوە، هاوسەرۆکی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی عەفرین ئهوهى بۆ شارپرێس ڕونكردهوه، چارەسەری هەمیشەیی پرسی عەفرین لەڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدیو ئەحمەد شهرع لەدیمەشقدا هاتوە، وهكو وتیشى:"بهگوێرهى ڕێککەوتنی 10ی ئادار، خەڵکی عەفرین دەبێت بگەڕێنەوە بۆ عەفرین، هاوكات دهسهڵاتو پاراستنیشیان دهبێت ههر بدرێتهوه بهخهڵكى ڕهسهنى شارهكه خۆى، بەڵام بهداخهوه تائێستا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێنەکراوە".
