شارپرێس:
حكومه‌تی ئێران ئه‌مڕۆ شەممە ڕایگەیاند، چیتر پابەندنابن بە"کۆت‌و بەندەکان"ی پەیوەست بەبەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، بەوپێیەی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی له‌وباره‌یه‌وه به‌سه‌رچوه كه 10 ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدراوه.
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس بڵاویكردوه‌ته‌وه، دوای چەندین ساڵ لەدانوستان، ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ئێران‌و زلهێزەکانی وه‌ك (ئەمریکا، چین، ڕوسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا) ئەنجامدرا، ڕێگەی بەتاراندا کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنوردار بکات لەبەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییە توندەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەپێندرابون.
به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنەکە، ئه‌مڕۆ 18ی تشرینی یەکەمی 2025 کۆتایی پێدێت، ئەمەش دوای 10 ساڵ لەپەسەندکردنی دەقەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان به‌گوێره‌ى بڕیارنامەی 2231.
لاى خۆیشیه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "نیازمان نییه جارێكی تر بچینه‌وه ناو دانوستان بۆ ڕێككه‌وتنێكی دیكه له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی، به‌ڵام جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه، ڕێگه‌كانی دیپلۆماسی له‌وباره‌یه‌وه داناخه‌ین".
ڕێککەوتنەکەی 10ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سەقفی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی بەڕێژەی 3.67% داناوەو چاودێریی توندی چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی دیاریکرد.
