شارپرێس:
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕۆژی شەممە ئاشکرای کرد کە بڕیارە شاندێکی ئەمریکا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق بکات و تاوتوێی ئەو پرسانە بکات کە جێی بایەخی هەردوولایە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، "سەردانەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی عێراق و ئەمریکایە کە لە میانی بەشداریکردنیان لە لوتکەی شەرم شێخ ئەنجامدراون".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکا کۆبووەتەوە و پێداچوونەوەی بە دیدگای عێراقدا کردووە بۆ دۆخی ئەمنی ناوچەکە و پێویستی هاوکاری لەم بوارەدا و بوارەکانی دیکە، لەوانەش تەندروستی و پەروەردە.
دەشڵێت، "عێراق ئاواتەخوازە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ڕێبازی حکومەت بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی بیناسازی و وەبەرهێنان لە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئاسایشدا. هاوکات حەز دەکات ڕۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا بگێڕێت".
بەوتەی سەرچاوەکە، "عێراق بەدوای هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و ئاست بەرزە لەگەڵ ئەمریکا، ئەمە جگە لەوەی ئامادەیە بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە تیمی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران و یەمەن".
عێراق بەشداریی لە لوتکەی شەرم شێخ کرد کە لە ١٣ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لە لایەن ئەمریکا و میسرەوە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێگەیشت.
عێراق سەرۆکی ئێستای لوتکەی کۆمکاری عەرەبییە و ڕۆڵی کارا لە پرسەکانی ناوچەکەدا دەگێڕێت، ئەوەش بە گوتەی فەرهاد عەلادین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە.
ئ.ه
