شارپرێس:
واشنتۆن هێڵی سور بۆ بەغدا دادەنێت وەک مەرجی توند بۆ قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
لە کاتێکی زۆر هەستیاردا کە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە، ڕاپۆرتێکی ئینستیتیوتی ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئاشکرایکردووە، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا نەنێت و ڕەتیدەکاتەوە هاوکاری لەگەڵ هەر حکومەتێک بکات کە گروپه چەکدارەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەڵوێستی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"دا دێت کە واشنتۆن لە ساڵی 2024ەوە بە ئامانجی سنوردارکردنی نفوزی ئێران لە عێراق پەیڕەوی دەکات، یەکەمیان سیاسی و هەڵبژاردنە، پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمانی داهاتوودا، دووەمیشیان بواری یاسادانان و ئەمنییە، هەوڵدەدەن ڕێگربن لەهەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی یان گۆڕینی بۆ دامەزراوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ هێزە چەکدارە فەڕمییەکان.
ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی لە مانگی ئابی 2025 دواخرا بەهۆی فشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە، ئەمەش هاوکاتی ناڕەزایەتییەکانی لایەنە کوردی و سوننییەکان و دابەشبوون لەناو خودی شیعەدا.
واشنتۆن هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی و ڕاگرتنی هاوکارییە ئەمنییەکان و کشانەوەی هێزەکانی کردووە کە ژمارەیان نزیکەی ٢٥٠٠ کەسە، ئەگەر یاساکە بەم شێوەیەی ئێستای دەربچێت. واشنتۆن پێی وایە ئەمە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگۆڕێت بۆ "مۆدێلێکی هاوتەریب لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران" لە عێراق.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دادگای باڵای فیدراڵی و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەستەی حزبە سیاسییەکان داواکارییان بۆ نێردراوە بۆ دەرکردنی 12 پێکهاتەی هەڵبژاردن، بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسای حزبە سیاسییەکان.
ئەیوب ڕوبەیعی پەرلەمانتاری پێشوو و لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت، قسەکردن لەسەر ئەگەری دانپێدانەنانی ئەمریکا بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو "زێدەڕۆیی و ناواقیعییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق "یەکێکە لە شەفافترین و ڕێکخراوترین ئەزموونەکانی ناوچەکە".
ئ.ه
