شارپرێس:
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا فڕۆکەکانی ئەمریکا بەدرێژایی سنوری نێوان عێراق و سوریا چالاکیان زیاتر بووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن"ئەو جموجۆڵانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدیکران، جوڵەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سیخوڕییە کە بەدرێژایی سنورەکان لەگەڵ سوریا دەفڕن".
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، "بنکەسەربازییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەربازگەی هەریریشەوە بەپێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان کاردەکەن و تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە قەبارە و جۆری ئەو هێزانەی لەوێ ئامادەن نەبووە".
سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، واشنتۆن بەدوای جێگیرکردنەوەی تاکتیکی هێزەکانیەتی لە نزیک سنورە هاوبەشەکانی سوریا و عێراق بۆ چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی لە ئەگەری دوای کشانەوە لە هەندێک خاڵی هەستیار.
سەرچاوە عێراقییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە "تا ئێستا هیچ جوڵەیەکی لەو شێوەیە لەناو خاکی عێراقدا دەستنیشان نەکراوە"، ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستەمی بەرگری لە هەولێر لە چوارچێوەی ئاسایی خۆیدا کاردەکات.
چاودێران پێیان وایە جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا، تەنانەت ئەگەر هێشتا درێژ نەبووبێتەوە بۆ ناو عێراق، هەستیاری سیاسی لە بەغدا زیاددەکات، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەرەسەندنی مشتومڕ لەسەر بوونی بیانییەکان لەو وڵاتە. ئەمەش وا دەکات هەر چالاکییەکی مەیدانی ئەمریکا تەنانەت ئەگەر سنورداریش بێت، لەلایەن حکومەت و هێزە سیاسییەکان لە نزیکەوە چاودێری بکرێت.
ئ.ه
