شارپرێس:
بزوتنەوەی حەماس ڕایدهگهیهنێت، "هیچ تەرمێکی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لەدەستدا نەماوەو بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو 19 بارمتەیەی هێشتا ڕادەستنەکراونەتەوە، پێویستی بەکاتو ئامێری تایبەت هەیە.
بزوتنەوەی حەماس لەپاش ڕادەستکردنی تەرمی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بەخاجی سوری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بوەو بارمتە زیندوەکانی ئازادکردوەو تەرمی هەموو ئەو بارمتانەش کە لەبەردەستبون ڕادەستکراون.
دهشڵێت، "بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو 19 بارمتەیەی ماونەتەوە پێویستی بەگەڕانو ئامێری تایبەت هەیەو بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵێكی زۆر لەئارادایە".
بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیکەری ئەو 19 بارمتەیە، بڕیاردراوە گروپێکی نێودەوڵەتی پێکبێتو هاوکاتیش تیمێکی میسری بەشێوەی سەربەخۆ لەهەوڵدایە تەرمی بارمتەکان بدۆزێتەوە.
ناوبژیوانەکان هۆشدارییانداوە بەهۆی ئەو وێرانییە بەربڵاوەی لەغەززە هەیە، دۆزینەوەی تەرمی هەموو بارمتەکان ڕەنگە چەند هەفتەیەک پێویست بێتو ئەمەش ڕەنگە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە لەبارببات.
لاى خۆیهوه دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ڕێگە بەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بدات، هێرشەکانی بۆسەر غەززە دەستپێبکاتەوە ئەگەر حەماس پابەندی ڕێککەوتن نەبێت ئهویش لهدوو ڕێگهوه، یهكهم دانانى چهكو دوهمیش گهڕاندنهوهى تهرمى ئهو 19 بارمتهیهى تائێستا حهماس ڕادهستى نهكردونهتهوه.
