شارپرێس:
10 ڕۆژ لهمهوبهر محهمهد شیاع سودانى سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا بهناردنی موچەی مانگی هەشتی موچهخۆرانو فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە، هاوكات ههرێمیش ڕایگهیاندوه، 120 ملیار دینارى بۆ مانگى ههشت ئامادهیه، بهڵام ئهویش تائێستا بۆ بەغدای نەناردوە، یاریدهدهرێكى مهسرور بارزانی-ش زانیاریى لهوبارهیهوه ئاشكرادهكات.
دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداو هەناردەکردنەوەی نەوتی ههرێم، کار لەسەر ئەوەدەکرێت موچەی ئەو مانگانەی دواکەوتون خەرجبکرێن، هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو بەڵێنی خەرجکردنی موچەی مانگی هەشت درا، بەڵام تائێستا پارە نەنێردراوەو بهگوێرهى پێشبینیهكان یهكلاكردنهوهى پرسى موچه، دهكهوێته سهرهتا یان ناوهڕاستى ههفتهى داهاتوو.
ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات ناعەدالییەتییەكی گەورەیە لەلایەن بەغداوە بەرامبەر بەهەرێم دەكرێت، چونكە بەغدا هەر داواكارییەكی هەبوبێت هەرێم جێبەجێیكردوە".
دوو هەفتەیە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێكردوەتەوەو بەوتەی ڕێباز حەملان، زیاتر لەسێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، بەغدا لەمێژە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەبەردەستەو وردبینیكراوەو میزان موراجەعەش نێردراوە.
سەبارەت بەداهاتی ناوخۆی هەرێمو ئەو بڕەی بۆ بەغدا دەنێردرێ، ڕێباز حەملان وتی، "كاتێك ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوی فەرمی بۆ خەرجكردنی موچەی هەر مانگێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی دەنێرێت، ڕاستەوخۆ كۆپییەك لەو فەرمانو نوسراوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەنێردرێت، ئینجا هەرێم 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەڕێگەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
بهوتهى حهملان، "سەبارەت بەدواكەوتنی ناردنی 120 ملیار دینارەكەش هۆكارەكەی ئەوەیە، تائێستا نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران نەنێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئهوهى ههرێمیش 120 ملیارەكە بنێرێت، پارەكە ئامادەكراوەو تەنانەت نوسراوەكەش ئامادەكراوە، چاوەڕوانبوین ئەمڕۆ نوسراوەكەی عێراق بگات بۆ ئەوەی 120 ملیارەكە بنێرین، بەڵام نوسراوەكە نەنێردراو پێشبینیدەكەم بكەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو".
باسى لهوهشكرد، "دوو هەفتە پێش ئێستا سودانی بەڵێنی بەوەزیرانی كورد دابوو كە هەر هەمان هەفتە موچە بنێرێ، بەڵام بێ هیچ هۆكارێك نەنێردراوە، لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی هیچ گرفتێكی كەمیی سیولە نییە، بەڵكو پارەی سێ موچەش هەیە".
