هاوپەیمانیی تۆڕو ڕێکخراوە نیشتیمانییەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردن یەکەمین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 49 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوپەیمانی تۆڕو ڕێکخراوە نیشتمانییەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردن ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بڵاوکردەوەو تێیدا ئاماژەی بەزیادبوونی قەبارەی پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن و گوتاری ڕق و کینە کردووە.

راپۆرتەکە هۆشداریداوە لەوەی کە کێبڕکێی دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی "کراوە"ی دەسەڵات کە تێیدا ئامرازەکانی پارەی گشتیی بەکاردەهێنرێت.

داتاكان نیشانیانداوە کە زیاتر لە 40%ی سەرپێچییەکان دەگەڕێنەوە بۆ دڕاندن و تێکدانی کەرەستەی بانگەشەی کاندیدەکان، ئەمەش نیشانەیەکی توندی کێبڕکێ و کەمبوونەوەی هۆشیاری دیموکراسییە.

ڕاپۆرتەکە هەروەک تۆماریکردووە کە 27.5%ی سەرپێچییەکان بریتیبوون لەبەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان و ڕێگاوبان و شۆستەکان و 15.5% بانگەشەی پێشوەختە بووە پێش وادەی یاسایی، لەگەڵ 8.7% بەکارهێنانی موڵکی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، کە ئەم ڕێژەیە وەک "بەرزو نیشانەی نەهێشتنی بێلایەنی دەوڵەت" وەسفکراوە.

دیمەنی هەڵبژاردن بێ گەندەڵی و کڕینی دەنگ نەبووەو ڕێژەکە (4.2%) بووە، جگە لەبەکارهێنانی هێما ئاینییەکان و سۆزی مەزهەبی و کرداری چەواشەکاريی و شێواندن لەژینگەی دیجیتاڵیدا.

بەپێی شیکاری جوگرافی، هەولێر (18.4%) لەپێشەوەی لیستی پارێزگاکان بووە لەڕووی ژمارەی سەرپێچییەکانەوە، پاشان نەینەوا (17.1%)و دواتر بەسرە  (16.2%).

لەهەولێر، گوتاری ڕق و کینەی توندو بەکارهێنانی سەرچاوە حکومییەکان بۆ بانگەشە تۆمارکراوە، لەکاتێکدا نەینەواو بەسڕە کرداری دڕاندن و سوتاندنی چڕی پۆستەرەکان تۆمارکراوە، جگە لەبەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان و بینا حکومییەکان.


ڕاپۆرتەکە داوای قورسکردنی سزاکانی دژ بەوکەسانە کردووە کە دەستیان لەتێکدانی پۆستەرەکان یان دەستیان لەهەڕەشەی چەکداریدا هەیە، داوایکردووە، ژمارەیەکی گەرم بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان کاربکرێت.

هەروەک رِاپۆرتەکە پێشنیازیکردووە کە دەستەیەکی دادوەریی تایبەت بەگەندەڵی هەڵبژاردن درووستبکرێت و شایستەیی کاندیدانی تاوانبار بەهاندان یان بەکارهێنانی پارەی گشتيی هەڵپەسێردرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی