پاکستان و ئەفغانستان لە دۆحە گفتوگۆ دەستپێدەکەن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 68 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، مەلا محەمەد یەعقوب وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی پاکستانی بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سەردانی دۆحەی پایتەختی قەتەری کردووە.

وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، وڵاتەکەی "باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانە و ئاسایشی ناوچەکە هەیە، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات دەرئەنجامی دەستدرێژیی پاکستانە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەفغانستان ڕێنمایی کراون کە  ڕێز لە تیمی دانوستانکاری پاکستان بگرن و هیچ هەنگاوێکی زیاتر نەنێن.

هاوکات کەناڵی جەزیرە لە زاری سەرچاوەیەکی حکومی پاکستانەوە  بڵاویکردەوە، خواجە محەمەد ئاسیف وەزیری بەرگری و محەمەد عاسیم مالیک، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەرکردایەتی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکە دەکەن. 

سەرچاوەکە، ڕونیشی کردەوە، شاندی ئەفغانستان لە ڕووی ئاستی نوێنەرایەتییەوە هاوشێوە دەبن.
ئ.ە