شارپرێس:
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراون، له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه كۆمسیۆنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیا سه‌ردانى دورگه‌ى ئیمراڵى ده‌كات بۆ دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، زانیارییه‌كان ده‌ڵێن، میت ئاماده‌كارییه‌كانى ده‌ستپێكردوه‌و ته‌واوى ئه‌ندامانى كۆمسیۆنه‌كه‌ش به‌هێلیكۆپته‌رى سه‌ربازیى ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئیمراڵى.
شارپرێس له‌سه‌رچاوه‌ى ئاگادار‌و تایبه‌ته‌وه، كۆتا وردەکارییەکان سه‌باره‌ت به‌سەردانی کۆمسیۆنی ئاشتی‌و برایەتی بۆ ئیمراڵی ئاشكراده‌كات.
بەگوێرەی کۆتا زانیارییەکان، ئەمڕۆ داواکارییەک پێشکەش بەوەزارەتی دادى توركیا دەکرێت‌و دیدارەکە لەنێوان ڕۆژانی دوشەممە یان سێشەممەدا ئەنجامدەدرێت.
شارپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه، "ئەندامانی کۆمسیۆنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیا، بەهێلیکۆپتەرى سه‌ربازیى سەردانی دورگەی ئیمراڵی دەکەن‌و دەزگای هەواڵگریی میت هەموو ئامادەکارییە تەکنیکییەکان ڕێکدەخات‌و له‌ئێستاشه‌وه ده‌ستیپێكردوه".
هه‌روه‌ك زانیاریى ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتوه، "کۆبونەوه‌ى نێوان كۆمسیۆنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیا‌و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بەڤیدیۆ، وێنەو تۆماری دەنگی تۆماردەکرێت، بەڵام بۆ ڕای گشتیی بڵاوناکرێتەوە".
وا چاوه‌ڕواندەکرێت له‌ده‌م پارتى، گوڵستان کڵچ هاوسەرۆکی پێشوی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان‌و سەرۆکی گروپی دەم پارتی لەپەرلەمانی تورکیا، له‌پارتى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رست (مەهەپە) فەتحی یه‌ڵدز جێگری سەرۆکی پارته‌كه‌و له‌ئاكپارتیش حوسێن یایمان پەرلەمانتاری ئه‌و پارته به‌شداریی بكه‌ن.
