ئه‌مریكا له‌عێراق‌ نیگه‌رانه‌و شیعه‌كانیش كۆتایی به‌خه‌ونه‌كه‌ى سودانى ده‌هێنن

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگه‌یاندوه‌، لەهەڵوەشاندنەوەی بڕیاری عێراق بۆ سڕکردنی سامانی حزبوڵڵای لوبنان‌و حوسییەکانی یەمەن نائومێدن‌و نیگه‌رانن، هۆشداریشدەدات لەوەی، هەردوو گروپەکە لەگەڵ زیادبونی گرژییەکان، مەترسی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست دروستدەکەن، ده‌وڵه‌تى یاساى نورى مالیكی-ش وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ڕویدا بۆ ڕازیكردنى ئه‌مریكا بوو له‌لایه‌ن سودانیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێوه‌ى ئه‌مریكین ویستتان هه‌یه‌ بۆ سزادانى ئه‌و گروپانه‌ نه‌ك ئێمه‌ى عێراقى".


وته‌بێژێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا باسى له‌وه‌كردووه‌، "ئەمریکا چاوەڕوانە بەغدا هەنگاوی کردەیی دژی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بنێت، لەنێویاندا ئەو گروپانەی لەنێو عێراقدا چالاکن".
 
وتەبێژەکە ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "نائومێدین لەپاشگەزبونەوەی عێراق لەبڕیاری سڕکردنی سامانی حزبوڵڵای لوبنان‌و حوسییەکان، حزبوڵڵاو حوسییەکانیش مەترسین بۆسەر ناوچەکەو جیهان، پێویستە هەموو وڵاتان دڵنیایی بدەن کە خاکەکەیان لەلایەن ئەوان‌و گروپە بەوەکالەتەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ مەشق، کۆکردنەوەی پارە، بەدەستهێنانی چەک یان ئەنجامدانی هێرش بەکارناھێندرێت".

ئه‌و وته‌بێژه‌ ده‌ڵێت، "ئه‌مریكا بەردەوامدەبێت لەفشارخستنەسەر عێراق بۆ سنوردارکردنی چالاکیی گروپەکانی سەر بەئێران، کە مەترسین بۆسەر "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق".

وه‌ڵامى ده‌وڵه‌تى یاساى شیعه‌كان بۆ سودانى‌و ئه‌مریكا:
لەیەکەم کاردانەوەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی سەبارەت بەبڕیاری بلۆککردنی سەرمایەو پارەی حزبوڵڵای لوبنانی‌و حوسییەکانی یەمەن، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە هێرشێکی توند دەکاتەسەر محەممەد شیاع سودانی‌و جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "عێراق هیچ ویست‌و نیازێكى بۆ سزادانى ئه‌و گروپ‌و بزوتنه‌وانه‌ نییه‌، ئه‌وه‌شى ڕویدا بۆ ڕازیكردنى ئه‌مریكا بوه‌ له‌لایه‌ن سودانیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌مریكایه‌ ویستى هه‌یه‌ بۆ سزادانى ئه‌و گروپانه‌ نه‌ك عێراق".

ڕۆژى 6ى ئه‌م مانگه‌، دوای چەند کاتژمێرێک لەبڕیارێکی حکومەت‌و بانکی ناوەندیی عێراق بەناساندن‌و پۆلێنکردنی حزبوڵڵای لوبنانی‌و حوسییەکانی یەمەن وەک دوو ڕێکخراوی تیرۆریستی تێپەڕی‌و تێیدا بڕیاری بلۆککردنی سەرجەم سامان‌و پارەو موڵکەکانیانیش درابوو، هەردولا لەبڕیارەکە پاشگەزبونەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عەقیل فەتلاوی وتەبێژی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، "بڕیارەکەی سودانی سەبارەت بەبلۆککردنی سەرجەم سامان‌و پارەو موڵکەکانی حزبوڵڵای لوبنان‌و حوسییەکانی یەمەن، بەسەهو یان بەهەڵە دەرنەچوە، بەڵکو ئامانج لێی ڕازیکردنی لایەنی ئەمریکی بوە".

فەتلاوی ئه‌وه‌شى وتوه‌، "سودانی ویستویەتی لەم ڕێگەیەوە، ئەمریکا فشار لەچوارچێوەی هەماهەنگی بکات، تاوەکو ڕازیبن ویلایەتی دوەمی بۆ تازەبکەنەوە، به‌ڵام ده‌مه‌وێت هه‌موو دونیا بزانێت، خەونی سودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران یان هەر پۆستێکی باڵای دیکە لەدەوڵەتی عێراقدا، کۆتاییهات".