به‌بێ ئاگاداریى شه‌رع‌و توركیا شه‌وى ڕابردوو ئەمریکا ئاگری بەسەر چەند ناوچەیەکی فراوانی سوریادا باراند

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شه‌وى ڕابردوو لەئاسمانه‌وه‌، ئەمریکا ئاگری بەسەر چەند ناوچەیەکی  فراوانی ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع-دا داباراند، به‌گوێره‌ى فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندى ئه‌مریكا ناسراو به‌(سێنتکۆم)، 70 مۆڵگەی داعش له‌ناوجه‌رگه‌ى سوریادا كراونه‌ته‌ ئامانج، تره‌مپ-یش ده‌ڵێت، "لەبەدواداچونی بێوچانی ئەو تیرۆریستانەی هەوڵدەدەن زیان بەئەمریکییەکان‌و هاوبەشەکانمان لەناوچەکەدا بگەیه‌نن بەردەوامدەبین".


24 کاتژمێر دوای گەیشتنەوەی تەرمی دوو سەربازە ئەمریکیەکەو وەرگێڕەکەیان کە ڕۆژی 13 مانگ بەدەستی داعشێکی ناو سوپاکەی شەرع تیرۆرکران بۆ وڵاتەکەیان، ئه‌مریكا ئۆپه‌راسیۆنێكى گه‌وره‌ى سه‌ربازیى بەهاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامداو میدیاى ئه‌مریكیش ده‌ڵێت، "بۆ ئه‌و هێرشه‌ پرس بەئەحمەد شەرع نەکراوەو تورکیاش لێی ئاگادارنەبوە".

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ئاشكرایكردوه‌، "لەسەردانی ئه‌حمه‌د شەرع بۆ ئەمریکاو كاتێك ڕێکەوتن لەگەڵ ترەمپ کراوە بۆ په‌یوه‌ستبونى حكومه‌تى سوریا به‌هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، تره‌مپ پێیڕاگه‌یاندوه‌، هێزەکانی شەرع بۆ شەڕی تیرۆر تەنها بەپێدانی زانیاری هەواڵگریی بەشداریی بکات‌و شەڕەکە بۆ هەسەدە جێبهێڵێت، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوش بۆ ناوچەکانى ته‌دمور (پاڵمێرا) هه‌سه‌ده‌ به‌شداریى كردوه‌".

لاى خۆیشیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "لەسوریا هێرشێكى قورس‌و چڕمان کردەسەر داعش‌و نزیكه‌ى 70 پێگه‌ى داعش ته‌ختى زه‌وى كراون، لەبەدواداچونی بێوچانی ئەو تیرۆریستانەی هەوڵدەدەن زیان بەئەمریکییەکان‌و هاوبەشەکانمان لەناوچەکەدا بگەیه‌نن بەردەوامدەبین".

ترەمپ ئۆپەراسیۆنەکەی بەتۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر توند وەسفکرد بۆ هێرشەكەی 13ى ئه‌م مانگه‌ لەتەدمور کە بوە هۆی كوژرانی ژماره‌یه‌ك سەربازو وەرگێڕێكی ئەمریكی.

ترەمپ لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" نوسیویەتی، "لێرەوە ڕایدەگەیەنم، ئەمریکا ڕێوشوێنی زۆر توند دەگرێتەبەر، وەک بەڵێنمدابوو، دژی ئەو تیرۆریستە بکوژانەی بەرپرسیارن لەهێرشەکە، گورزی زۆر بەهێز دەدەین لەمۆڵگەکانی داعش لەسوریاو به‌رده‌وامیشده‌بین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) باسى له‌وه‌كردوه‌، "لەئۆپەراسیۆنەکەدا ژێرخان‌و کۆگاکانی چەکی داعشمان بۆردومانکردو ئۆپەراسیۆنەکەش بۆ ڕێگریی پیلانی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشە دژی ئەمریکاو هاوبه‌شه‌كانمان له‌سوریا".

میدیاى ئه‌مریكى وێنه‌ى سه‌ربازێكى وڵاته‌كه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ به‌ر له‌هێرشه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆسه‌ر سوریا، ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ربازێكى ئه‌مریكى ناوى هاوڕێ كوژراوه‌كانى له‌سه‌ر یه‌كێك له‌موشه‌كه‌كان ده‌نوسێت.

سێنتکۆم ڤیدیۆی هێرشی ئاسمانی بۆسەر داعش لەسوریا بڵاوکردوەتەوەو ئاشكرایكردوه‌، "70 هێرشمان بەبەشداریی فڕۆکە جه‌نگیه‌كانى ئوردن کردوەتەسەر مۆڵگەکانی داعش لەسوریا".

بۆ بینینى ساتى هێرش‌و ئاگربارانى ئه‌مریكا له‌سوریا كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌....