شارپرێس:
زانایانی سوید لەتوێژینەوەیەکی درێژخایەندا کە 25 ساڵی خایاندوەو 27 هەزار کەس تێیدا بەشداربون، پەیوەندییەکی سەرسوڕهێنەریان لەنێوان خواردنی بەرهەمە سپییەمەنییە پڕچەورییەکانو پاراستنی مێشک دۆزیوەتەوە.
بهگوێرهى دەرەنجامەکان، خواردنی ڕۆژانەی بەلایەنی کەم 50 گرام پەنیری پڕچەوری وەک شێدەرو جودا، لەگەڵ 20 گرام کرێمی چڕ، مەترسیی توشبون بەخەڵەفانو ئەلزەهایمەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
دکتۆر ئیمیلی سونستێدت لەزانکۆی لوند ڕونیکردوهتەوە، ئەم دۆزینەوەیە بەرەنگاری ئەو تێڕوانینە تەندروستییە کۆنانە دەبێتەوە کە داوای کەمکردنەوەی چەورییان دەکرد، چونکە دەرکەوتوە چەوریی ناو پەنیرو کرێم سودی تایبەتی بۆ مێشک هەیە، لەکاتێکدا بەرهەمە کەم چەورییەکان یان کەرەو شیر هەمان کاریگەرییان نییە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو سودە زیاتر لەوکەسانەدا دەردەکەوێت کە هەڵگری جینی گوازراوەی (APOE e4) نین.
سەرەڕای ئەم دەرەنجامە ئەرێنییانە، توێژەران هۆشداریدەدەن، نابێت ئەم چەورییە تەندروستانە بەچەوریی گۆشتی سور بگۆڕدرێن، چونکە گۆشتی پڕچەوری بەپێچەوانەوە ئەگەری توشبون بەخەڵەفان زیاد دەکات؛ کەواتە جۆری سەرچاوەی چەورییەکە کلیلی سەرەکییە بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی دەمار.
