پێنج حیزبی دیکە پشتیوانیان بۆ مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی پێنج شەممە ڕاگەیاند

کوردستان

06/01/2026‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شار‌پرێس:
لەبەیاننامەی هاوبەشیدا پێنج حیزب و لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی لەڕۆژی پێنج شەممە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.
 
ئەو ڕاگەیەندراوە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندان لەقەسری شیرین و سەقزو چەند ناوچەی دیکەی ئیلام و کرماشان و لوڕستان.

چاوەڕێدەکرێت ڕۆژانی داهاتوو ناوچەکانی سنە و موکریان بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و هێزێکی زۆریش لەگەڵ بانگەوازی خۆپیشاندان لەشاری جوانڕۆ بڵاوەی پێکراوە.

 دەقی بەیاننامەکە:
نەتەوەی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 
نەتەوە خاک داگیرکراوە غەیرە فارسەکانی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران؛
بیر و ڕای گشتیی جیهانی ؛
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستە نێونەتەوەییەکان:
ئێمە وەک پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ” پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان” ئەم ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران نەک وەک ناڕەزایەتییەکی کاتی، بەڵکوو نیشانەیەکە لە تێکڕمانی دیکتاتۆری و ڕووخانی ئەو پێکهاتە سیاسی، ئابووری و جوگڕافیایەی ئێران کە لە سەر بنەمای داگیرکاری و لە سەر خاک و خوێنی نەتەوە غەیرە فارسەکان بنیاتیان ناوە.
هەر وەک پێشتریش ڕامانگەیاندبوو ، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە وریایی و بە پشتبەستن بە هەلومەرجی مەیدانی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان، بڕیاریان داوە و هەنگاویان هەڵگرتووە. هەر بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە وەک هەمیشە بە چاوکراوەیی و وریاییەوە خۆیان ڕێکبخەن و لە ئامادەیی تەواو دابن بۆ ڕێکخستن و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان و … ، لە هەمان کاتدا بە جددی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکەن بە شێوەیەک کە بە کەمترین تێچوو، زۆرترین دەستکەوتمان هەبێ و تەنیا کاتێک هەنگاو باوێین کە لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دابێ.
ئەوەی کات و شێوەی هەر هەنگاوێک دیاری دەکا، تەنیا ویست و داخوازی، خواست و ئیرادە و بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە…
لە ئێستا دا کە شێرەژنان و پیاوانی بوێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەلەکشایی و ئیلام و لوڕستان و کرماشانی پایتەختەوە ڕژاونەتە سەر شەقام و بەرانبەر بە سەرکەوتی داگیرکەری ئێرانی وەستاونەوە، ئێمە ئەو هەستان و ڕاپەڕینە بە نیشانەی ئیرادەی نەتەوەییمان دەزانین و بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی و پشتگیری لێدەکەین؛پشتگیرییەک لە سەر بنەمای دیسیپلینی نەتەوەیی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و پارێزگاری و پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دامەزراوە. 
ڕاستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە کە لەم ڕۆژانە دا ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی داگیرکەر  لە کوردستان، توندوتیژ و بێبەزەییانەتر مامەڵە لە گەڵ ناڕازیان دەکا و لە ئەنجامدانی هیچ تاوان و جینایەتێک بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی زاگرۆس "کوردستان" خۆی نابوێرێ، بۆیە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ڕاپەڕینی سەراسەری لە جوگرافیای ناسراو بە ئێراندا، خەڵکێکی زۆریان لە نەتەوەکەی ئێمە شەهید و بریندار کردووە، لە لایەن ڕژیمەوە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە مەلەکشایی و ئیلام و ناوچەکانی تر دەدرێنە بەر ڕەگباری گوللە و ئاگر، لە حاڵێکدا لە تاران و شارە فارس نشینەکان، سەرکوتەکە بەم چەشنە توندوتیژ نییە و ئەم جیاوازییە بەڕێکەوت نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالیزمە کە "پەراوێز و نەتەوە خاک داگیرکراوەکان" وەک مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ توندوتیژی دەبینێت و هەوڵدەدات ، بە کوشتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، باقی نەتەوەکانی تر چاوترسێن بکات.
بۆیە لەم ساتە چارەنووسسازەدا، وتار و داواکاریی ئێمە تەنیا لە کوردستاندا سنووردار نییە. داوا لە گەلانی غەیرە فارس – بەلووچ، ئازەری، عەرەب، تورکمان، کاسپی، و هەموو  نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوگرافیای ساختە و دەستکردی “ئێران” دەکەین – بە ڕوونی، ئاشکرا و ڕاستەوخۆ داواکارییە نەتەوەیی و سیاسیەکانیان ڕابگەیەنن و هاوکات و هاوئاهەنگ لە ڕێگەی کردەوەی مەیدانیی ڕێکخراو و مانگرتن و ... مەیدانەکە فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی بارگرانیی سەرکوت بە تەنیا نەکەوێتە سەر شانی یەک نەتەوە. 
ئەم بانگەوازە بانگەوازێک نییە بۆ توندوتیژی؛ بانگەوازێکە بۆ یەکخستنی بەرخۆدانی مەدەنی و نەتەوەیی و  هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی و تێچوو و هەزینەکانە، بۆ ئەوەی ماشێنی تاوان و جینایەتی رژیمی ئێرانی نەتوانێ بە تەنیا کوردستان بکاتە ئامانج و دواتر بە خەیاڵێکی ئارامەوە بگەڕێتەوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونیی خۆی بە سەر هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی تر دا .
ئەزمونی شۆڕشی ژینا لەبیر ناکەین: کوردستان و بەلووچستان زۆرترین نرخ و قوربانی و شەهیدیان دا و ناوەندی ئێران و فارسستان بە کەمترین تێچوو پاشەکشەی کرد،ئەمجارە نابێ تاکە قوربانی نەتەوەی کورد بێ، هاوپشتیی ڕاستەقینە واتە بەشداریی بەربڵاو و هاوکاتی هەموو نەتەوە غەیرە فارسە خاک داگیرکراوەکان، واتە "یەک کات، یەک مەیدان"، بۆ ئەوەی خوێنی کوردستان نەبێتە ئامرازێک بۆ موزایەدەی سیاسی و تێچووی شۆڕشەکە بە شێوەیەکی تاک لایەنە قورسایی نەکاتە سەر شانی نەتەوەی کورد.
هەروەها وەبیرتان دێنینەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و دەوروبەری دەگوزەرێ، دابڕاو لە  مێژوو نییە.
 یادەوەریی مێژوویی لوڕستان وەک بەڵگەیەکی مێژوویی پێمان دەڵێ: لوڕستان لە سەدەمی ڕزاخانی پەهلەویش دا تەسلیمی پڕۆژەی ناوەندگەرایی پەهلەوی و داگیرکاریی ڕەزاخان نەبوو ، هەر بۆیە لەو سەردەمیش دا کەوتە بەرشاڵاوی سەرکوت و کوشت و کوشتار و بوردومانی بێبەزەییانەی داگیرکەری ئێرانی، ئەمڕۆش هەمان داگیرکەرە و تەنیا لە ڕەنگ و ڕوخسار دا گۆراوە نە لە ماهیەت و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی دا.
لەو جوگرافیایەی زاگرۆس و کوردستاندا، ناوەکانی وەک قەدەم خێری قەڵاوەند و بیبی مریەمی بەختیاری، شێرعەلی مەردان،داودخانی کەلهوڕ، سمایل ئاغای سمکۆ، پێشەوا قازی محەممەد و کەسایەتییەکانی دیکەی بەرخۆدانی کوردستان، وەبیرهێنەرەوەی ڕاستیەکەن: ئازادی و سەربەخۆیی بە هۆشیاری و ڕێکخستن و بەردەوامیی شۆڕش مسۆگەر دەبێ، ئێمەی خەڵکی ئیلام،چوارمەحاڵ،لوڕستان،کرماشان، سنە، ئورمیە و هەمەدان و زاگرۆس بە گشتی، میراتگری هەمان نەریتی ئازادین؛ کەواتە بە شێوەیەکی وریا و ڕێک و پێک، مەدەنی و مەیدانی هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ماشێنی سەرکوت نەتوانێت بە ترس و خوێن کۆمەڵگا ماندوو بکات و بڵاوەی پێ بکات.
لەم چوارچێوەیەدا و بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئێستا، داوا لە نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان"مەڵبەندەکانی ئەردەڵان،ورمێ،موکریان و ..." دەکەین، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار ، بە ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەری یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لەو ناڕەزایەتیانە دا نیشان بدەن وپێوەست بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خوارووی کوردستانەوە"ئیلام،لورستان،کرماشان،چوارمەحاڵ و ..." بن و  مانگرتنێکی ڕێکخراو و بەربڵاو لە بازاڕ، شوێنی کار، زانکۆ، قوتابخانە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی بەڕێوە بەرن.
ئەم مانگرتنە دەبێ پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای هەبێ: کوردستان کۆلۆنی کۆلۆنیالیزمی ئێرانە و نەتەوەی کورد بە ئیرادەیەکی نەتەوەییەوە لە پێناوی گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، سەربەخۆیی وڵات، کەرامەت و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسیندا خەبات دەکات.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، کە بە تەنیا “بینەر و تەماشاکەر” نەبن و هاواری نەتەوە خاکە داگیرکراوەکان ببیستن، چونکە ماشێنی سەرکوتکردن لەو ناوچانە – بەتایبەتی لە کوردستان کە لەژێر داگیرکاری ئێران دایە” – بێباکانەتر مامەڵە دەکا و خەڵک دەکووژێ. 
جیهان دەبێ تێچووی سیاسی و یاسایی تاوانەکە بەسەر تاوانباران و فەرماندەکانی سەرکوتکردندا بسەپێنێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە ئارا دایە، بەربەرەکانی و شەڕی نەتەوەی کورد لە گەڵ قەیرانێکی کاتی نییە؛ بەربەرەکانی و شەڕە دژ بە داگیرکاری و کلۆنیالیزمی ئێرانی.
نەتەوەی کورد بە ئیرادەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی هەستاوە؛ مافێک کە تەنها بە سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان مانای هەیە. لەسەر ئەم ڕێبازە، یەکگرتوویی ناوخۆی کوردستان، لێکنزیکبوونەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکان و کردەوەی هاوئاهەنگ و پێکەوەیی، بناغەکانی سەرکەوتنن.
سەردەکەوێ خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی
 
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی
٦ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی