ئایا هەڕەشەکانی ڕوسیاو ناجێگیری سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا بەرەو بژاردەی ئەتۆمیی دەبات؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرسیاری ئەوەی ئایا هەڕەشەکانی ڕووسیا و ناجێگیریی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەبنە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا پەنا بۆ بژاردەی ئەتۆمی ببات، ئێستا بووەتە ڕۆژەڤێکی گەرمی سیاسی لەبەرلین.

 بەرپرسانی باڵای هاوپەیمانی مەسیحی بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکار فریدریش مێرتز، داوای بەشدارییەکی کارای ئەڵمانیا دەکەن لە دابینکردنی بودجەی بەرنامەیەکی پڕچەککردنی ئەتۆمیی ئەوروپی. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینرێت، چونکە بۆ ماوەی چەندین دەیە پرسی چەکی ئەتۆمیی یەکێک بوو لە "تابۆ" و قەدەغە گەورەکانی سیاسەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ترسی ئەڵمانیا لە کەمبوونەوەی متمانە بە چەترە ئەتۆمییەکەی ئەمریکا زیادی کردووە، بەتایبەت لە سایەی سیاسەتە گۆڕاوەکانی ترامپ و ئەو هەڕەشە ڕاستەوخۆیانەی ڕووسیا دوای هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ئاراستەی ئەوروپای دەکات.

 جگە لە ڕەهەندی سەربازیی، هۆکاری ئابووریش لە پشت ئەم گۆڕانکارییەدایە؛ ئەڵمانیا پێویستییەکی زۆری بە وزەی کارەبا هەیە و ئەمەش وای کردووە دووبارە بیر لە وزەی ئەتۆمیی بکاتەوە کە پێشتر بەهۆی بزووتنەوە ژینگەییەکانەوە ڕەت دەکرایەوە.

لە ناوخۆی ئەڵمانیا، ئەم پرسە مشتومڕێکی قووڵی ناوەتەوە، لە لایەکەوە کەسایەتییەکانی ناو هاوپەیمانیی مەسیحی وەک یێنس شپان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئەڵمانیا ڕۆڵێکی سەرکردە لە پڕۆژەی ئەتۆمیی ئەوروپیدا بگێڕێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوزەکان دژی ئەم هەنگاوەن و هۆشداری لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی پڕچەککردنی ئەتۆمی دەدەن. لە ڕووی یاساییشەوە، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی 2+4 کە تایبەتە بە یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، ڕێگریی لەم وڵاتە دەکات چەکی ئەتۆمیی پەرە پێ بدات.

ئێستا ئەڵمانیا تەنیا خاوەنی فڕۆکەی جەنگییە کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمیی ئەمریکی بگوازنەوە، بەڵام حکومەتی مێرتز دەیەوێت بە هاوکاریی فەرەنسا و بەریتانیا چەترێکی ئەتۆمیی سەربەخۆی ئەوروپیی درووست بکات. هەرچەندە ئەم پڕۆژەیە پێشتر لەلایەن ماکرۆنەوە لە ساڵی 2020 پێشنیار کرابوو و مێرکڵ و شۆڵتس لێی دوورکەوتبوونەوە، بەڵام ئێستا بەرلین ئامادەیی دارایی زیاتری نیشان دەدات.

 شارەزایان پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و گەیشتن بە بەرنامەیەکی هاوبەشی ئەتۆمیی لە نێوان 5 بۆ 10 ساڵی پێویستە، کە ئەمەش قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سەربازیی ئەوروپا دەستپێدەکات.