شارپرێس:
نوێنەری ئەمریكا لەسوریا ڕایگەیاند، لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبن لهکارکردن لەسەر سوریاو بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەكە.
تۆم بارك، نوێنەری ئەمریکا لەسوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لەئەنقەرە، لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبونەوەو جەختیان لەپابەندبونی ئەمریکا کردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکیا سەبارەت بەکێشەی سوریا.
لەبارەی كۆبونەوەكەوە، تۆم بارك، لەپلاتفۆرمی ئێکس نوسیویەتی و دەڵێت،" ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەئەنقەرە ئەنجامیداوە بەرهەمدارو ڕاشکاوانە بون".
باراک وتی،" ئەو گفتوگۆیانەی لەپایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو باسی هەوڵە هاوبەشەکان دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەداکانی ناوچەکە لەسەروی سوریاوەو ئاماژەی بەگرنگی بەردەوامی دیالۆگی نێوان هەردولا کرد".
نوێنەری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بەرز دەنرخێنێت و بەتوخمێکی گرنگ دەزانێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ناوچەییەکان".
لەسەر دۆسیەی سوریاش وتویەتی،" ئەمریکا هاوبەشی بەهێزمان لەگەڵ تورکیا بەرز دەنرخێنێت و پابەندبونمان دوپات دەکەینەوە بۆ کارکردن پێکەوە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە و ڕوبەڕوبونەوەی تەحەداییە هاوبەشەکان، لەوانە هەوڵە بەردەوامەکانمان لەسوریا."