وەزارەتی بەرگریی سوریا: بەهۆی هێرشێکی درۆنیی "هەسەدە" 7 سەرباز کوژران و 20یش بریندار بون

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 541 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشیان کردووەتە سەر کەتیبەیەکی سوپای سووریا لە کاتی پشکنینی کارگەیەکدا، ئەمەش بووەتە هۆی تەقینەوەی کارگەکە و کوژرانی 7 سەرباز و برینداربوونی 20ی  دیکە.

 
فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەر بە وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی سوپا کارگەیەکی دروستکردنی بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک دەروازەی "یەعریبییە" لە گوندەواری پارێزگای حەسەکە دۆزیوەتەوە.

هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە کارگەکە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی تێدابووە و هێزەکانی "هەسەدە" خەریکی ئامادەکردنیان بوون بۆ پڕکردنەوەیان بە تەقەمەنی .

وەزارەتی بەرگری جەختی کردۆتەوە کە لە کاتی پشکنینی کارگەکە لەلایەن سوپاوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێزەکانی سوپای کردۆتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ئەو سەربازانە.