شارپرێس:
حكومه‌تى عێراق مه‌ترسییه‌كى گه‌وره له‌باره‌ى ئه‌و دۆخه‌ى ئێستاى سوریاوه ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ژماره‌یه‌كى زۆر له‌چه‌كدارو سه‌ركرده دیاره‌كانى گروپى تیرۆریستى داعش له‌زیندانه‌كان به‌هاوكاریى حكومه‌تى سوریا ئازادبون"، ده‌شڵێت، "پلانێكى تۆكمه له‌سنوره‌كان گیراوه‌ته‌به‌رو سه‌رجه‌م هێزه‌كانى دژه‌تیرۆرو وه‌زاره‌تى ناوخۆ‌و به‌رگریى خراونه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه، ئه‌و پلانه پێشمه‌رگه‌ش ده‌گرێته‌وه‌و چه‌كی قورس‌و پێشكه‌وتویان پێده‌درێت".
محه‌مه‌د شیاع سودانى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق، سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌یه‌كى له‌ناكاوى ئه‌منیى كرد كه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش به‌شداربوو، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منى‌و سه‌ربازییه‌كان به‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌شه‌وه بخرێنه حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌و هه‌رچى زوه ڕێوشوێنى توندوتۆڵ له‌سنوره‌كان بگیرێته‌به‌ر.
سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، حكومه‌تى زۆرینه شیعه‌ى عێراق، حكومه‌تى ئێستاى سوریا به‌مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى ده‌بینێ له‌سه‌ر خۆیى‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى ده‌ستپێكردوه، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى په‌لامارى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌یانداوه‌و به‌وهۆیه‌وه به‌شێكى زۆرى گرتوخانه پڕ له‌داعشه‌كان شكێندراون‌و چه‌كدارو سه‌ركرده دیاره‌كانى ئه‌و گروپه تیرۆریسته ئازادكراون.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و ناوه‌نده سه‌ربازییه ستراتیژییه‌كانى عێراق كه سودانى سه‌رۆكایه‌تى كردوه، بڕیارى ئه‌وه‌درا، له‌سنوره‌كانى هه‌رێمیش پێشمه‌رگه به‌چه‌كى پێشكه‌وتوتر پڕچه‌ك بكرێت‌و ئاماده‌باشیى ته‌واو بگیرێته‌به‌ر.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌باح نو‌عمان وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه چه‌كداره‌كانى عێراق ئاشكرایكرد، "پێشمه‌رگه به‌شێكه له‌سیستمى به‌رگریى عێراق‌و له‌پلانى حكومه‌تى عێراقدایه كه چه‌كیان پێبدات، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌موو پلانانه ده‌یانگرێته‌وه كه گیراوه‌ته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا له‌سوریا ده‌گوزه‌رێت".
عێراق‌و سوریا، 600 كلیۆمه‌تر سنورى هاوبه‌شیان هه‌یه، ئێستاش ژماره‌یه‌كى ئێجگار زۆرى چه‌كدارو سه‌ركرده مه‌ترسیداره‌كانى داعش له‌دواى ئازادبونیان له‌زیندانه‌كان، تێكه‌ڵ به‌سوپاى نوێى عه‌ره‌بى سوریا بون، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى سودانى‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانى عێراق، مه‌ترسیی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان، هه‌ربۆیه له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى دوێنێدا بڕیاردراوه، ڕێگربن له‌ڕێڕه‌وى ئه‌و باهۆزه‌ى مه‌ترسیى هه‌یه ڕوو له‌عێراق بكات.
