شارپرێس:
دەستەواژەی (کورد جگە لەچیاکان هیچ دۆستێکی تریان نییە) لەخۆڕایی نەهاتوە؛ ئەمە گێڕانەوەی ناوچە شاخاوییەکانە
کە کورد بۆ چەندین سەدە تێیدا پەنای گرتوە بۆ مانەوە، لەسەردەمی عوسمانییەوە تا دەوڵەتە
نەتەوەییە نوێیەکان (تورکیا، ئێران، عێراقو سووریا)، ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە
کورد چەندینجار خۆی تێدا بینیوەتەوە؛ بەڵێنی پاراستن یان ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی)، پێشئەوەی
هێزە دەرەکییەکان لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانیان، بەتەنها ڕوبەڕوی
مەترسییان بکەنەوە.
لەگەڵ ڕوخانی پڕۆژەی (ڕۆژئاوا) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئایا هەژمونی
نوێبوەوەی تورکیا بەپاڵپشتیی هەرێمی، کۆتایی بەخەونی کوردستان هێنا؟، خوێندنەوەی ئەم
وەرچەرخانەی سوریا لەڕوانگەی ڕوداوەكانى ئەمدواییانەوە، پێویستی بەسیاقێکی مێژویی
هەیە بۆ پێشهاتەکانی ئەم ساتەوەختەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لەئاڵۆزیی.
لەمانگی ئاداری ڕابردودا، لەدیدارێکی دەگمەندا نوێنەرانی چوار پارچەکەی
کوردستان لەهۆڵی شارەوانیی دیاربەکر یان ئامەد کۆبونەوە، لەوێدا، وتارەکان باسیان
لە«سەرکوتی مێژویی لەیادەوەریی بەکۆمەڵداو خەونەکانی دەوڵەتی کوردی» دەکرد.
ساڵی 2025 قۆناغێکی ئومێدبەخش بوو بۆ بزوتنەوەی کوردی؛ ناوچەی باشوری
کوردستان (باکوری عێراق) لەحوکمڕانیی خۆجێییدا جێگیربوو، ناوچەی باکوری کوردستان
(باکوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا) چاوەڕێی دەسپێشخەرییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو بۆ کۆتایهێنان
بەململانێی پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ ئەنكەرە وەک وەرچەرخانێک بۆ دانپێدانان
بەتەواوی مافەکانی کورد لەتورکیا، هەنگاوێک کە هیوای وابوو کاریگەرییەکەی بپەڕێتەوە
بۆ ڕۆژئاوای کوردستان (باکوری سوریا) کە چاوەڕێی دەرفەتی ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد
بوو بۆ چەسپاندنی پڕۆژەکەی، لەکاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (باکوری ڕۆژئاوای
ئێران) بەتەنهاو بێ ئاسۆیەکی ڕون لەئایندەیەکی نزیکدا مابوەوە.
ئەو هیوا گەورانەی کەشوهەوای ئەو گفتوگۆیانەیان نەخشاندبوو، گۆڕان، لەگەڵ
لەدەستدانی ناوچەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو مەترسیی گەمارۆدانی
کوردانى سوریا لەنێوان هەڕەشەی تورکیا لەلایەکو هاوپەیمانی ئەنكەرە لەدیمەشق لەلایەکی
دیكهوه.
ئەو خۆپیشاندانە بەردەوامانەی ئێران، لەهەمانکاتدا دەرفەتو ئاڵهنگارییش
دەڕەخسێنن، هێزە کوردییەکانی ئێران، وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین
دەیەیە چاوەڕێی ئەم ساتەوەختەن، دوای ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ شای ئێرانو ڕژێمی شۆڕشی
ئیسلامی، شەڕڤانە کوردەکانی ئێرانو تورکیا پەنا دەبەنەبەر چیای قەندیل لەسەر سنوری
ئێرانو عێراق، لەچوارچێوەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس؛ ئەم ناوچە سەختەی کە بەشێوەیەکی
خولیی لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاو تۆپخانەکانی ئێرانەوە بۆردوماندەکرێت، هەروەها
لەمدواییانەشدا درۆنەکانی ئێران بەسەر ئاسمانی قەندیلدا دەستیان بەفڕین کردوە.
یەکگرتنی بەرژەوەندی تورکیا-ئێرانو کێبڕکێی کورد-کورد
هەوڵێکی تورکی هەیە بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندیی لەگەڵ
تاران، نەک تەنها لەسەر ئیسرائیلو دۆسیەی ئەتۆمیی، بەڵکو لەسەر کوردەکان کە حکومەتی
تورکیا بەگەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوەکردوە، هەواڵگریی تورکیا هۆشداریداوەتە
"سوپای پاسداران"ی ئێران کە شەڕڤانانی کورد هەوڵدەدەن لەچیای قەندیلەوە
بپەڕنەوە بۆ ناوخۆی ئێران بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی نائارامییەکان.
کەواتە لەگەڵ توانای جەنگیی سنوردارو نەبونی هیچ پاڵپشتییەکی جێی
متمانەی هێزە دەرەکییەکان، شەڕڤانە کوردەکان مامەڵە لەگەڵ دوو ئەولەوییەتدا دەکەن؛
مەترسییەک لەباکوری سوریا کە بەتەواوی کۆتایینەهاتوەو دەرفەتێک لەباکوری ڕۆژئاوای
ئێران کە هێشتا گەڵاڵە نەبوە.
ئەم دینامیکییە نوێیە، بزوتنەوەی کوردیی نیگەراندەکات، کە مێژوییانە
لەکاتی هەستکردن بەمەترسیدا، پەنا دەباتەبەر یەکخستنی ڕیزەکان، لەکاتی لوتکەی ئەگەری
ڕوبەڕوبونەوەی نێوان حکومەتی سوریاو "هەسەدە"، سەرکردەیەکی کورد لەتورکیا
بەشهرقولئهوسهتى وتوه، "ئێمە بەکاتێکی سەختدا تێپەڕ دەبین"، لەکاتێکدا
سەرکردەیەکی کورد لەعێراق جەختیکردوهتهوه، "دەرکەوتنی یەکێتیی نەتەوەیی
کورد دەبێتە ڕزگارکەرمان".
پێویستە خوێندنەوەیەکی مێژویی بۆ دۆخی ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات بکرێت لەسیاقی
مێژوی نوێی بزوتنەوەی کوردیدا، گرنگترین دینامیکی کە سێبەر بەسەر دۆخەکەدا دەهێنێت،
کێبڕکێی مێژویی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلانو مەسعود بارزانییە، کە سروشتەکەی گۆڕا لەگەڵ
هاتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێشەوەی دیمەنی کوردی لەساڵی 2003دا.
سەرەڕای ئاشتەوایی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوو سەرکردایەتییە مێژوییەکە،
کە بارودۆخی دەسپێشخەریی ئاشتی ئۆجەلانو بانگهێشتکردنی نوێنەری بارزانی لەئامەد لەئاداری
ڕابردودا بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان ڕەخساندبوی، بەڵام ئەم پەیوەندییە هێشتا ڕاستو بێ
گرێ نییە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هەسەدە جێدەستی خۆی لەڕێکخستنو مەیدانی
شەڕدا سەلماند، بەڵام هێشتا پێگەیەکی ئەووتۆی نەدۆزیوەتەوە کە شەرعییەتێکی پێ ببەخشێت
بگاتە ئاستی سەرکردە مێژوییەکانی کورد، بۆیە هەریەکە لەبارزانیو ئۆجەلان هەوڵیاندەدا
ڕای بکێشنە لای خۆیان یان باشتر بڵێین کاریگەریی لەسەر ڕەوتی بڕیارەکانی دابنێن لەساتە
وەرچەرخانە چارەنوسسازەکان بۆ "ڕۆژئاوا"، بەتایبەتی دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی
بەشار ئەسەد لەکۆتایی ساڵی ڕابردودا.
لەکاتێکدا ئۆجەلان هەوڵیدا ڕێڕەوی ئاشتی نێوان پەکەکەو حکومەتی تورکیا
ببەستێتەوە لەڕێگەی پێشنیازی ئاسانکاریی بۆ ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی سوریاو هەسەدە،
بارزانی هاتەسەر هێڵو مەزڵوم عەبدی لەکانونی دوەمی 2025دا بانگهێشتی هەولێر کردو
ئامۆژگاریی کرد کە کەناڵەکان لەگەڵ دیمەشق بکاتەوەو تورکیا لەسنورەکانی دڵنیابکاتەوە،
ئەمەش ئەوەبوو کە لەڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان شهرعو عەبدی ڕویدا.
کوردانی تورکیا سەیری بارزانیی دەکەن وەک ئەوەی لەژێر کاریگەری ئەردۆغاندایە،
بەتایبەتی چونی بۆ ئامەد لەساڵی 2013دا بۆ هاوکاریی لەبەدەستهێنانی دەنگی کوردان لەهەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی 2014، بارزانی لەمدواییانەدا داوای دەرچونی شەڕڤانانی پەکەکەی لەسوریا
کرد بۆ ئاسانکاریی چارەسەر، لەکاتێکدا ئۆجەلان دەڵێت، دەتوانێت مەزڵوم عەبدی قایل
بکات کە تێکەڵی هێزە نیزامییەکانی سوریا ببن، حکومەتەکەی ئەردۆغانیش یاری بەم جیاوازییەوە
کردوەو دەڵێت، "پەکەکە ڕێگریی لەڕێککەوتنی نێوان شەرعو عەبدی دەکات".
نیگەرانیی کوردانی سوریا سەبارەت بەبەستنەوەی دۆسیەکەیان بەچارەنوسی
ئۆجەلان لەمدواییانەدا زیادیکردوە، لەکاتێکدا بارزانی بوەتە چەقی دانوستانەکانی ئەمریکییەکان
لەگەڵ "هەسەدە"، بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکان، ئەگەری شەڕی کراوە لەنێوان
حکومەتی شەرعو هەسەدە سنوردار بوو بەهۆی دەسپێشخەریی ئاشتیی ئۆجەلان، کە کەناڵی پەیوەندیی
ڕاستەوخۆو بێوێنەی لەنێوان هەواڵگریی تورکیاو هەسەدە کردەوە، چونکە هەردوو حکومەتی
تورکیاو پەکەکەش لەلێکەوتەکانی ئەم شەڕە کراوەیە لەناوخۆی تورکیا تێدەگەن.
ئایبرۆ گونای وتەبێژی هاوبەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەپارتی یەکسانیو
دیموکراسی گەلان (دهم پارتى) کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەدانوستانەکانی نێوان ئۆجەلانو
حکومەتی تورکیا بۆ شهرقولئهوسهت قسهیكردوهو سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی گەڕەکە
کوردییەکانی حەلەبی کردوه لەکۆتایی ساڵی ڕابردوداو وەک پیلانێکی نێودەوڵەتی وەسفیکردوه،
ڕاستەوخۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی پاریس لەنێوان حکومەتی شەرعو ئیسرائیل.
گونای پێیوایه، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وەک ئەوەی وەزیری
ناوخۆی دیمەشق بێت، ڕەفتار دهكاتو بڕێکی زۆر زرێپۆشی سەربازییو چەکی پیادەی
تورکی ڕادەستی حکومەتی شەرعیش كردوه.
سەبارەت بەکاریگەریی ئەوەی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕویدا لەسەر ڕێڕەوی
ئاشتی لەتورکیا، گونای دەڵێت، "ئەوەی لەسوریا ڕویدا بوە هۆی حاڵەتێکی بێ
متمانەیی قووڵو ئەو تێڕوانینەی بەهێز کرد کە ئەم پرۆسەیە بەداماڵینی کورد لەپێگە
سیاسییەکەی لەناوخۆی تورکیاش کۆتایی دێت"، بەڵام لەبەرامبەردا جەختیکردوهتهوه،
"دەسپێشخەرییەکەی ئۆجەلان بەردەوامە، وەک هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا،
"بەڵام دەبێت باس لەمیکانیزمێکی کارکردنی پەککەوتوو یان خاو بکەین لەپەرلەماندا"،
چونکە "چارەسەری پەکەکەو فەراهەمکردنی بارودۆخی ئاشتییەکی هەمیشەیی، تەنها لەڕێگەی
ڕێکخستنی یاسایی یەکلاکەرەوەوە دەکرێت".
مێژویەک لەبەڵێنو پشتتێکردن
لەڕاستیدا، خەونە کوردییەکان بۆ ڕزگاری گەڵاڵە دەبن، بەڵام زۆر ناخایەنن،
تەنها سێ ساڵ جیاوازی هەبوو لەنێوان پەیمانی سیڤەر لەساڵی 1920، کە بەڵێنی
کوردستانێکی سەربەخۆی لەسەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەداو پەیمانی لۆزان
لەساڵی 1923، کە مافی چارەی خۆنوسینی کوردی پشتگوێخستو سنورەکانی تورکیای نوێی چەسپاند.
کۆماری کوردی مەهاباد کە لەباکوری ڕۆژئاوای ئێران لەساڵی 1946 دامەزرا،
تەنها 11 مانگ بەردەوامبوو تا ڕێککەوتنی نێوان مۆسکۆو تاران، کە بوە هۆی کشانەوەی
سوپای سۆڤیەت لەباکوری ڕۆژئاوای ئێران لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا، مستەفا بارزانی سەرۆکی
ئەرکانی سوپای کۆماری مەهاباد بوو کە کوڕەکەی واته مەسعود بارزانى، لەهەمان ڕۆژی
دامەزراندنیدا لەدایکبوو، پێشئەوەی لەساڵی 1958 دوای ڕوخانی پڕۆژەی کۆمار بچێتە عێراق.
دوای ئەوە خولگەی خەباتو پشتتێکردنی یەک لەدوای یەک بەردەوامبوو، لەلوتکەی
جەنگی سارددا، ڕێککەوتنامەی جەزائیر لەساڵی 1975 هەبوو کە تێیدا ئەمریکییەکانو ئیسرائیلییەکانو
ئێرانییەکان دەستیان لەپاڵپشتیی شۆڕشی کوردی عێراق هەڵگرت، لەبەرامبەر دانپێدانانی
بەغدا بەناوەڕاستی ڕوباری شەتولعەرەب وەک سنور، تا شای ئێران لەناکاو هاوکارییەکانی
بۆ کوردانی عێراق بپچڕێنێتو بەتەنها بەرامبەر ڕژێمی سەدام حوسێن جێیان بهێڵێت.
ئۆجەلان خوێندکارێکی زانکۆ بوو بەمەیلێکی مارکسییەوە، پارتی کرێکارانی
کوردستانی لەساڵی 1978 دامەزراند، پێشئەوەی دوای کودەتای 1980ی تورکیا پەنا بباتەبەر
سوریا، لەکاتێکدا مەسعود بارزانی لەساڵی 1979 سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی
کوردستانی بۆ مابوەوە، دوای هاندانی واشنتۆن بۆ کوردەکان بۆ ڕوخانی ڕژێمی سەدام
حوسێن لەبەهاری 1991دا، هێزە ئەمریکییەکانی سەر سنوری عێراق دەستوەردانیان نەکرد بۆ
ڕاگرتنی کۆمەڵکوژیی کوردەکان کە ئەمەش سەرەتای بێمتمانەیی کورد بوو بەواشنتۆن.
دوای ئەوە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2017 بوو، کە بوە هۆی هەڵمەتێکی
سەربازیی حکومەتی ناوەندی لەبەغدا بەپاڵپشتی ئێرانو کۆتایی بەلێکەوتەکانی ڕیفراندۆم
هێناو مەسعود بارزانی لەدەسەڵات دورخستەوە، لەکاتێکدا ئۆجەلان بەهای ستراتیژیی خۆی
لەدەستدا دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردو لاوازبونی ئابوریی ڕژێمی حافز ئەسەد.
دوای ڕێککەوتنی ئەدەنە لەنێوان ئەنكەرەو دیمەشق لەساڵی 1998، حکومەتی
سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بڕییو ئۆجەلانی لەسوریا دەرکرد ئهویش دوای هەڕەشەی
تورکیا بەکردەوەی سەربازیی، هەموو پایتەختە گەورەکان دەرگاکانیان بەڕوی ئۆجەلاندا
داخست بۆ ئەوەی لەڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ تورکیا بەدوربن، لەکاتێکدا واشنتۆن سەرقاڵی عێراقو
بەڵکان بوو، بۆیە بێدەنگییەکەی وەک مۆڵەتێک بوو کە ڕێگەی بەدەستگیرکردنی ئۆجەلاندا
لەکینیا لەساڵی 1999دا.
کۆتایی خەونی (ڕۆژئاوا)
ئیدارهى بەڕێوەبەریی خۆسەر لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر لە 10 ساڵ
بەردەوامبوو، لەگەڵ پەسەندکردنی دەستورێکی کاتیو فیدراڵیزم، بەراورد بە 11 مانگ بۆ
کۆماری مەهاباد، هەسەدە لەئەزمونەکانی خەباتی کوردی فێربوو؛ دامەزراوەی دروستکرد،
شەڕی داعشی کردو هەوڵی بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ ئەوەشدا کێشای
بەهەمان دیواردا.
ئەمە شکست نییە، بەڵکو واقیعی پێکهاتەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ پڕۆژە
چەکدارییە ناحکومییەکان تەنها کاتێک بەردەوامدەبن کە بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەگەڵ بەرژەوەندییە
بنەڕەتییەکانی هێزە گەورەکان بگونجێنو هەسەدەیش نەگەیشتە ئەم قۆناغە، چونکە سەربەخۆیی
خۆجێی بەبێ سەروەریی دەوڵەتی کارێکی کاتییە، ئەم وەرچەرخانە وەک گەڕانەوە بوو بۆ
واقیعبینی بەدور لەخولیای سەربازیی ڕۆمانسی، لەگەڵ جەختکردنەوەی زیاتر لەسەر خۆڕاگری
سیاسی لەبری کۆنترۆڵی مەیدانی.
ئەوەی بەکردەیی کۆتاییهات، "تەمومژی ستراتیژیی" پڕۆژەی هەسەدە
بوو، واتە حوکمی زاتیو پاراستنی دەرەکی بەئەمری واقیع، بیرۆکەی مافی چارەی خۆنوسین
بەبێ دابینکردنی مافە نەگۆڕەکان کۆتاییهات، ئەمەش هاوسەنگی هێزی بەشێوەیەکی بەرچاو
بەلای حکومەتی شەرعدا شکاندەوە.
ڕێککەوتنەکە کۆتایی بەقەوارە نیمچە فیدراڵییەکە دەهێنێتو داواکارییەکان
دادەبەزێنێت بۆ مانەوەی کولتورییو هەژمونی ناوخۆییو ئاسۆی "هەسەدە" لەشەڕێکی
بونگەراییەوە دەگۆڕێت بۆ ملکەچییەکی بەڕێوەبراو، بەدەستهێنانی مافی کوردەکان لەمەرسومی
سەرۆک شەرعدا ساتێکی مێژویی بوو، بەڵام وادیارە زیاتر بۆ ڕازیکردنی ئەمریکییەکان
ئاڕاستەکراوە نەک هەنگاوێک بێت کە لاپەڕەیەکی مێژویی نوێ لەنێوان عەرەبو کورد لەسوریا
بکاتەوە.
ئەوەی لەمدواییانەدا ڕویدا گەورەترین پاشەکشە نەبوو بۆ پڕۆژەی "ڕۆژئاوا"،
یەکەم بڕین لەپڕۆژەی کوردی لەسوریا لەڕێگەی کردەوە سەربازییەکەی تورکیا بوو لەساڵی
2018 لەناوچەی عەفرینی سەر سنور کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن، بەڕەزامەندییەکی
ناڕاستەوخۆی ڕوسیا، وەرچەرخانی دوەم لەگەڵ کردەوە سەربازییەکەی تورکیا بوو لەساڵی
2019، کە تێیدا کۆنترۆڵی شارە سنورییەکانی وەک (گرێ سپىو سەرێکانی) کرد، ئەمەش بوە
هۆی پچڕانی ئەو زەوییە بەستراوانەی پێشوی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەدرێژایی سنورداو هێزە
ئەمریکییەکانیش بەکشانەوەی خۆیان گڵۆپی سەوزی ناڕاستەوخۆیان پێدا، هەروەها ئەنكەرە
گەیشتە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ مۆسکۆ کە بۆشاییە ئەمریکییەکەی پڕکردەوە.
بەشی کۆتایی
وەرچەرخانی کۆتایی پڕترین پێشبینی بوو، ڕۆڵی هەسەدە لەڕوی دیمۆگرافیو
کۆنترۆڵی جوگرافی لەدێرەزۆرو ڕەققە گەورەکرابوو، لەگەڵ گۆڕینی دڵسۆزیی عەشایەرەکان
کۆتاییهات، بۆیە دەستبەرداربونی ئەمریکا دراماتیکی نەبوو وەک ئەوەی لەحەسەکە دەکرێت
ڕوبدات، کە دوایین هێڵی ڕوبەڕوبونەوەیە، دوای بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی کتوپڕ لەسوریا
لەئایاری 2018دا، هەسەدە چوو بۆ مۆسکۆ پێشئەوەی بیرۆکراتەکان لەواشنتۆن لەبڕیاری
کشانەوەکە پاشگەزببنەوەو پێنتاگۆن بەهەسەدەی ڕاگەیاند، لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ مۆسکۆ
بەواتای دەستبەرداربونی ئەمریکایە لەپاڵپشتیکردنیان، ئەوکاتە هێشتا بیرۆکەی دەستبەرداربونی
واشنتۆن لەهەسەدە پێنەگەیشتبوو، بەڵام ڕوخانی ئەسەد خێرایی بەڕوداوەکان بەخشی.
داگیرکردنی عێراقو سەرهەڵدانی داعش دەرفەتی حوکمی زاتییان بۆ کوردانی
عێراق بەهێزکرد، بەڵام بێدەنگیی ئەمریکا بەرامبەر ڕیفراندۆمی کوردستان لەساڵی 2017
گڵۆپی سەوزیدا بۆ کۆتایهێنان بەدەرفەتەکانی سەرکەوتنی بەبێ دەستبەرداربون لەڕۆڵی ئەمریکا
لەعێراقو دەستکەوتەکانی کورد لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسێن.
ئەزمونی سوریا جیاوازبوو، چونکە هیچ بایەخێکی ئەمریکی بۆ گێڕانی ڕۆڵ
لەسوریا نەبوو، ئەمریکییەکان کوردەکانیان بەکارهێنا بۆ شەڕی داعشو ڕێگریی لەمۆسکۆ
بۆ کۆنترۆڵکردنی سوریاو دوای کۆتاییهاتنی مەترسی داعشو کشانەوەی ڕوسیا، ڕۆڵی ئەوان
بۆ واشنتۆن کۆتاییهات.
ئەمریکییەکان گڵۆپی سەوزیاندا، بەمەرجی هەڵنەگیرسانی توندوتیژییو نزیک
نەبونەوە لەحەسەکە، مۆسکۆش بنکە ڕوسییەکەی لەقامیشلۆ بەیەکجاری چۆڵکرد، مەزڵوم عەبدی
لەپەیامەکە تێگەیشت، ئەو دڵنیاییانەی لەپێنتاگۆنەوە دەگەیشتنە هەسەدە سەبارەت بەنەسەپاندنی
هیچ ڕێککەوتنێک یان دەستوەرنەدان لەنێوان حکومەتی شەرعو هەسەدە تەمومژاوی بون.
سەرکردەیەکی کورد لەسووریا بهشهرقولئهوسهتى وتوه، "سەرەتای
وەرچەرخان لەهەڵوێستی ئەمریکادا لەکاتی پەیوەندییەکان لەگەڵیان لەکاتی شەڕی گەڕەکی
شێخ مەقسود بوو کاتێک کۆشکی سپی بڕیارەکەی یەکلاکردەوە، هەر کە وڵاتانى دەرەکی
پاراستنەکەی دەکێشێتەوە، بەتایبەتی چەتری ئاسمانی ئەمریکی، کوردەکان دەبنە نێچیرێکی
ئاسان، مێژوییانە، بزوتنەوە کوردییەکان لەنێوان ساتە شۆڕشگێڕییەکان لەکاتی هەرەسی ڕژێمەکانو
ساتەکانی مانەوە لەکاتی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکاندا دێنو دەچن؛ ئەم ڕێککەوتنە
لەسوریا ئاماژەیە بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی مانەوە، دیارە ویستو بەرزە فڕییەکان کۆتاییان
نایەتو بەجێگیریی دەمێننەوە".
ئا: د.حلمى ڕەسوڵ ڕەزا
