سبەینێ وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەو شیعه‌ش له‌باره‌ى كاندیدى یه‌كێتیى‌و پارتیه‌وه‌ بڕیاریدا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ سبەینێ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجامبدات، به‌گوێره‌ى زانیاریى‌و به‌دواداوچونه‌كانى شارپرێس-یش، تائێستا پارتى‌و یەکێتیی نەگەیشتونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، چەند سەرچاوەیەکیش زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.


ئەگەرچی زیاتر لە10 ڕۆژە پارتی‌و یەکێتیی لەگفتوگۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆدان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام بەگوێره‌ى زانیاریەکانی شارپرێس، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سەرجەم گفتوگۆو هەوڵەکان بێئەنجامبون‌و هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجامنەدراوە، بڕیاریشوایه‌ سبەینێ هەردوو حزب بەکاندیدی خۆیان‌و بەجیا بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەو ڕکابەریی یەکتر بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بۆ کاندیدەکەی خۆیان.

سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بەشارپرێسی وت، "هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوەو ئەگەر سبەینێ هەڵبژاردنی سەرۆکۆمار بەڕێوەبچێت، کاندیدی پارتی کە (دکتۆر فوئاد حسێن)ە دەچێتە پرۆسەکەوەو پێمانوایە براوەش دەبین".

هاوكات سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیش بۆ شارپرێس قسەیکردو وتی، "ئێمە پێمانوایە ئەو پۆستە هی کوردەو لەناو کوردیش مافی یەکێتیەو خۆشمان ئامادەکردوە بۆ بردنەوەی پۆستەکە، بریا بەیەک کاندید بچویناتەتە پەرلەمان، بەس کە برادەرانی پارتیش بەمافی خۆیانی دەزانن، ئەوە دەچینە هەڵبژاردن‌و پۆستەکە دەبه‌ینەوە".

لەبارەی بۆچونی لایەنە سیاسییەکانی عێراق‌و پەرلەمانتارەکانیانەوە، شارپرێس زانیاریی ئەوەی دەستکەوتوە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆکن لەسەرئەوەی، پەرلەمانتارەکانیان سەرپشک بکەن بۆ هەڵبژاردنی هەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو "نایکەنە مەرج بەسەریانەوە کە دەبێت دەنگ بەکام کاندید بدەن".

لایه‌نه‌كانى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى هۆكارى سه‌رپشككردنى په‌رله‌مانتاره‌كانیان وەک کاردانەوەیەک نیشانده‌ده‌ن بەرامبەر پارتی‌و یەکێتیی کە داواکاریەکەیان قبوڵنەکردون بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، هه‌ربۆیه‌ چوارچێوەی هەماهەنگی-ش نایەوێت توشی ئیحراجیی سیاسیی ببێت لەگەڵ هیچکام لەدوو هێزە کوردییەکە.

سەبارەت بەڕاسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرچاوەکانی شارپرێس لەچوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئاماژەیان بەوەکرد، تائێستا کاندیدی یەکلاکراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنها نوری مالکییەو سەرۆک کۆماریش بەگوێره‌ى ئەو ماوە یاساییەی کە لەبەردەمیەتی، دەبێت ئەو ڕاسپێرێت وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی.