شارپرێس:
کەسوکاری مەتین عەبدولوەهاب برادۆستی ئەو گەنجەی لەشەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا كوژرا ڕایدەگەیهنن، بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی تەرمەکەی، بڕیاریانداوە ئهمڕۆ شەممە پرسەکەی لەدەڤەری برادۆست دابنێن.
خانەوادەی مەتین عەبدولوەهاب لەپەیامێکدا ئاماژەیان بەوەکردوە، "هەرچەندە بڕیاروابوو تاوەکو گەڕانەوەی تەرمی کوڕەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان پرسە دانەنێن، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێژەی ئەو خەڵکەی بۆ هاوخەمی سەردانیان کردونو بەڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڕیاریانداوه ئهمڕۆ شەممە یەکەم ڕۆژی پرسەکەی بێت.
مەتین عەبدولوەهاب تەمەن 23 ساڵ، دانیشتوی گوندی خراوا لەسنوری قەزای سیدەکان بوو، چیرۆکی ڕۆیشتنی ئەو گەنجە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 8ى ساڵی 2025، لەلایەن گروپێکی عەرەبەوە هەڵخەڵەتێنراوەو براوەتە ڕوسیا، دوای بەشداریکردنی لەشەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا، دوای شەش مانگ، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو هەواڵی گیانلەدەستدانی لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمهوه لهڕوسیا بەکەسوکارهكهى گهیهنراوه.
چیرۆكى بردنى مهتین بۆ ڕوسیا:
مەتین گەنجێکی 23 ساڵی خەڵکی سیدەکان بوو، دوای ساڵێک لەهەڵخەڵەتاندن بەناوی کارو خوێندن، لەبەرەکانی جەنگی ڕوسیا دژ بەئۆکراینا گیانی لەدەستدا.
چیرۆکی مەتین یەکێکە لەتراژیدیترین نمونەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لەهەرێمی کوردستان؛ ئەو گەنجە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن باندێکی عەرەبەوە بەبەڵێنی خوێندنو هەلی کار بەموچەی بەرز هەڵدەخەڵەتێندرێت.
مەتین سەرەتا بۆ شارۆچکەی پردێو دواتریش بۆ ڕوسیا دەگوازرێتەوە، بەڵام هەر کە دەگاتە ئەوێ پەیوەندییەکانی دەپچڕێتو بێسەروشوێن دەبێت.
دواتر خێزانەکەی دەزانن کە مەتین ناچارکراوە بەڵگەنامەیەک واژۆبکات کە ناوەڕۆکەکەی نەزانیوە، ئەو بەڵگەنامەیەی کە کردویەتی بەسەرباز لەڕیزەکانی سوپای ڕوسیاو ڕەوانەی ترسناکترین بەرەکانی جەنگی دژ بەئۆکرانیا کراوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسى لهوهكردوه، "مەتین نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەجەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیادا کوژراوە؛ ئێستا حکومەتی هەرێم لەڕێگەی نوێنەرایەتییەکەی لەڕوسیا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەنو تەرمەکەی بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆی لەسیدەکان".
مەتین پێش کوژرانی توانیبوی خێزانەکەی ئاگاداربکاتەوە کە بەبێ ویستی خۆی کراوە بەسەربازو ڕەوانەی هێڵی پێشەوەی جەنگ کراوە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەساڵی 2022، ڕوسیا پەنای بۆ دامەزراندنی هەزاران "بەکرێگیراوی بیانی" بردوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی هێزی مرۆیی لەسوپاکەیدا، بهگوێرهى ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 ڕوسیا زیاتر لە18 ههزار هاوڵاتیی بیانی لە 128 وڵاتی جیاوازەوە بۆ جەنگ ڕاکێشاوە.
