شارپرێس:
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌په‌یامێكدا بۆ واشنتۆن جه‌ختده‌كاته‌وه، "نە له‌ئێستاو نە له‌داهاتوش، سازش له‌سه‌ر هیچ به‌رنامه‌یه‌كمان ناكه‌ین"، لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێرانیش به‌زمانێكى زبر ده‌ڵێت، "ترەمپ درۆ دەكات تاران هیچ پاشەكشەیەكی لەهێڵە سورەكانی نەكردوەو ناشیكات".
️عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران له‌په‌یامێكدا له‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ى دوێنێى عوممان وتى، "دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن دەستپێکی کۆبونەوەیەکی باشبون، بەڵام ڕێگه‌یەکی درێژمان لەپێشە بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوانماندا".
ده‌شڵێت، "گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتۆن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بون‌و تەنها تایبەتبون بەمەلەفی ئەتۆمیی؛ به‌ڵام بابەتی پیتاندنی سفری کۆتاییهێنان بەیۆرانیۆم بۆ ئێمە لەدەرەوەی چوارچێوەی دانوستانەکانە".
جه‌ختیكرده‌وه، "پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی بێ ئەملاو ئەولای ئێمەیەو دەبێت بەردەوامبێت، تەنانەت بەبۆردومانکردنیش نەتوانراوە تواناکانی ئێمە لەناوببرێن، له‌به‌رئه‌وه ناکرێت نە لەئێستاو نە لەداهاتوشدا دانوستان لەسەر موشەکەکان بکرێت، چونکە ئەمە بابەتێکی بەرگرییە، دەبێت ڕێڕەوی دانوستانەکان دوربێت لەهەر هەڕەشەو گوشارێک، هیوادارین لەهەڵوێست‌و ڕەفتاری ئەمریکادا ئەوە ببینین".
له‌لایه‌كى دیكه‌وه لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەنجومەنی شورای ئێران ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و به‌زمانێكى توند‌و زبر نوسیویه‌تى، "تاران لەکاتی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن سازشی نەکردوە، دۆناڵد ترەمپ درۆزنه‌و ئێمه جەختدەكه‌ینه‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، تاران لەهێڵە سورەکانی پاشەکشەینەکردوەو ناشیكات".
له‌و ڕوه‌شه‌وه ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی لیژنەكە لەسەكۆی ئێکس ڕایگه‌یاندوه، "ئەمریکییەکان دوای شکستەكەیان هیچ بژاردەیەكی دیکەی (سەربازی، ئابوری، تیرۆریستی‌و هتد) نەدۆزییەوە، تەنها ئەوەیان بۆماوەتەوە چوارچێوەو مافەکانی گەلی ئێران قبوڵبکەن".
