شارپرێس:
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەنوسراوێكدا وادەو كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی ئاشكراكردو دەڵێت،" ڕۆژی دوشەممە، 9ی شوبات پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوەو پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت".
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە ڕۆژی دوشەممە بەڕێوەبچێت، دانیشتنەکە لەدوو بڕگە پێكدێت، تایبەتە بەسوێندخواردنی بەشێک لەئەندامانی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆماری تێدانیە.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی رێككنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر كاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار چاوەڕێدەكرێت لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا یەكلابكرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە سبەینێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەتی عێراق لە هەر سێ پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننە لە خۆدەگرێت، كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران.
لەلایەكی دیكەشەوە، بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی (INN)، سەرچاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایان کردووە کە بەشێوەیەکی رانەگەیەندراو گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی نوری مالیکی بەکەسایەتییەکی پەسەند یان کاندیدی سازان دەکرێت، بەمەرجێک ئەو کەسە تەنیا لەلایەن خودی مالیکییەوە دیاری بکرێت و پشتگیری بکرێت.