بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
پاشەکشەی پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری
لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ساتێکی سەرەکی لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی جوڵانەوەى نەتەوەیی
کورد پێکدەهێنێت. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا پاشەکشە نییە لەسەر زەوی، بەڵکو ڕەنگدانەوەی
سنوورداربوونی کارەکتەرە نادەوڵەتیەکانە لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە هاوسەنگی
هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. ئەم نوسينە ئامانجیەتی شیکارییەک بۆ
ئەوە بکات کە ئایا ئەوەی ڕوویداوە خیانەتێکی دەرەکیی بوو یان ڕاستکردنەوەی ڕەوتێکى
ستراتیژیی بوو کە لەسەر گریمانەی هەڵە بنیات نرابوو، بە گرنگیدان بە سێ گۆڕاوى سەرەکی:
پێکهاتەی وابەستەیی کورد بە زلهێزەکان.
ڕکابەریی سەرکردایەتی نێوان بەرزانی و ئۆجەلان.
گواستنەوەى خواستى جوڵانەوەى کوردی لە گوتارى سەروەرییەوە بۆ گوتارى مانەوە.
نوسینەکە بەو دەرەنجامە
دەگات کە کەوتنی ڕۆژاڤا نیشانەی کۆتایی پرسی کورد نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە
کە بە گۆڕان لە جوگرافیاوە بۆ سیاسەت و لە شۆڕشەوە بۆ گونجان تایبەتمەندە.
پێشەکی
دەستەواژەی (کورد جگە لە شاخەکان
هیچ دۆستێکی دیکەى نییە) نەخشێکی مێژوویی هاوپەیمانی کاتی و دووبارە دەستخەڕۆکردن لەخۆدەگرێت.
بەڵام لێکدانەوەی ساتەوەختی ئێستا وەک تەنها خیانەتێکی دەرەکی، سادەکردنەوە
پرسەکەیە بەوپێیەى بەشێکی قەیرانەکە پەیوەستە بە خودی کوردەوە، نەوەک تەنها هەڵسوکەوتی
هاوپەیمانەکانی. داڕمانی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرى ڕۆژاڤا، ڕاستییەکی بنەڕەتى لە پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکاندا ئاشکرا دەکات: پڕۆژە نیمچە دەوڵەتییەکان تەنیا کاتێک بەرگە دەگرن
کە ببنە پێویستییەکی جیۆپۆلەتیکی بۆ زلهێزە گەورەکان، بەڵام ئەمە لە سوریا بەو
شێوەیە نەبوو. جوڵانەوەى ڕزگارى خوازى کورد هەمیشە لە نێوان دوو ساتی مێژووییدا لە
جوڵەدابووە: دەرفەتی جیۆپۆلەتیکی کاتێک کە ڕژێمەکان دەڕووخێن و کاتێک دەوڵەتەکان هاوسەنگی
هێزەکانیان بەدەست دەهێننەوە.
ئەم نەخشەیە هاوتەریبە لەگەڵ
ئەوەی کە زانای سیاسی کینێس واڵتز بە لۆژیکی نەزمێکی نێودەوڵەتی ئەنارکیک ناوی دەبات،
کە دەوڵەتەکان هەوڵدەدەن ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئەو قەوارانە بکەن کە ڕەنگە مەترسی لەسەر
هاوسەنگی هێز دروست بکەن. ئەزمونی ڕۆژاڤا بە ڕوونی ئەم پرەنسیپە دەردەخات: قەوارە نیمچە
دەوڵەتییەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد بن، بەڵام بە دەگمەن پەرەدەسەنن و دەبنە
دەوڵەت بەبێ ڕێککەوتنی زلهێزەکان.
لەلایەکى دیکەوە مانەوەی کارەکتەرە
ناەوڵەتییەکان بەندە بە دەسەڵاتەوە نەک شەرعیەت. جۆن میرشایمەر ئاماژە بەوە دەکات کە
زلهێزە گەورەکان بە شێوەیەکی گشتی ڕێگری لە سەرهەڵدانی قەوارە نوێیەکان دەکەن ئەگەر
هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانیان بکەن یان هاوسەنگی هێزی ناوچەیی تێک بدەن. بەم پێیە
دەردەکەوێت پشتیوانی لە کورد تاکتیکی بووە نەک ستراتیژی.
یەکەم: ڕۆژاڤا وەک پرۆژەیەکی دوای دەوڵەت
ڕۆژاڤا هەوڵێکی کلاسیک نەبوو
بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی تێکەڵ بوو کە فیدراڵیزم،
ئیدارەی فرە نەتەوەیی، هێزی سەربازی ناڕێک و پاراستنی نافەرمی نێودەوڵەتی لە
خۆگرتبوو. ئەم مۆدێلە لە شتێک دەچێت کە تیۆرسێنەکانی ئاسایش پێی دەڵێن (ProtoState Security
Architecture) واتە قەوارەیەک کە خاوەنی دامەزراوە، هێزى چەکدار، سیستمێکی حوکمڕانییە
بەڵام بەبێ دانپێدانانی نێودەوڵەتی. خۆبەڕێوەبەرى بەبێ سەروەریش ڕووبەڕووە لەگەڵ دووڕیانێک،
یان گۆڕان بەرەو بوون بە دەوڵەت (کە وڵاتانی دراوسێ دەوروژێنێت)، یان گەڕانەوە بۆ لاى
دەوڵەتێکی ناوەندی، کە ژینگەی ناوچەیی لەگەڵ هەڵبژاردەی دووەمدا بوو.
دووەم: بۆچی واشنتۆن وازی لە ڕۆژئاڤا هێنا؟
شیکارییەکی واقیعی بۆ پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکان دەمانگەیەنێتە ئەو گریمانەى کە دەڵێت دەوڵەتان دۆستی هەمیشەیییان نییە،
تەنیا بەرژەوەندی هەمیشەیییان هەیە. کشانەوەی ئەمریکاش دەتوانرێت بە چوار گۆڕاو ڕوون
بکرێتەوە:
کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی: ئەمریکا هێزێکی وشکانی ڕۆژاڤاى وەک هێزێکی زەمینی لە دژی داعش بەکارهێنا. لەگەڵ کەمبوونەوەی هەڕەشەکە، بەها ستراتیژییەکەی کەمبووەوە.
نەبوونی سوودى جیۆپۆلەتیکی: خاکى ڕۆژاڤا بە پێچەوانەی هەرێمى کوردستانەوە، ناوەندی وزە، ناوەندی بازرگانی و یان شوێنێکی ستراتیژی نییە کە جێگرەوەی نەبێت.
هاوسەنگکردن لەگەڵ تورکیا: تورکیا تەنیا هاوپەیمانی ناتۆ نییە؛ هێزێکی پارێزەرە لە دژی ڕووسیا و ئێران. واشنتۆن ناتوانێت لە پێناو لایەنێکی دانپێدانەنراودا ئەم هاوسەنگییە بخاتە مەترسییەوە.
گۆڕان لە باوەڕى ئەمریکا: ساڵانێکە سیاسەتی ئەمریکا بە ئاڕاستەیەک دەڕوات، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەبێ تێوەگلانی ڕاستەوخۆ.
سێیەم: لە سیڤرەوە تا ڕۆژاڤا — بەرهەمهێنانەوەی
خولی مێژوویی:
مێژووی جوڵانەوەى ڕزگارى خوازى کورد نەخشێکی دووبارەبووەوە ئاشکرا دەکات:
ساڵى ١٩٢٠ پەیماننامەی سیڤەر، دواتر هەڵوەشاندنەوەى لە لۆزان.
ساڵى ١٩٤٦ ڕاگەیاندنى کۆماری مەهاباد، دواتر کەوتنى خێراى دواى پاشەکشێى یەکێتى سۆڤێت.
ساڵى 1975 پاڵپشتیکردن لە شۆڕش، دواتر ڕێککەوتنی جەزائیر و ئاشبەتاڵ.
ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ی کوردستان، دواتر لەدەستدانى بەشیکى زۆرى خاکى کوردستان و گۆشەگیری نێودەوڵەتى.
ساڵى 2026 دروستکردنى ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکان لە ڕۆژاڤا، دواتر تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ دەوڵەتى ناوەندى
لێرەدا دەگەینە ئەو
ڕاستییەى کە کێشەکە تەنها لە دەستبەرداربوون و دەستخەڕۆکردندا نییە، بەڵکو زیادەخەمڵاندن
و گەورەکردنى گرنگی هاوپەیمانییە دەرەکیە کاتییەکانە.
چوارەم: ململانێی دوو ئاڕاستەى سەرکردایەتیکردنى
بەرزانی و ئۆجەلان
ئاڕاستەى بەرزانی : خۆى
دەبینێتەوە لە دروستکردنى دامەزراوە، هاوبەشی ئابووری و پەیوەندی کارا لەگەڵ زلهێزە
سەرەکییەکان بە ئامانجى بەدەست هێنانى زۆرترین ئاستى خۆبەڕێوەبەرى بەبێ وروژاندنی سیستمی
نێودەوڵەتی.
ئاڕاستەى ئۆجەلان: لە ناسیۆنالیزمی
چەکدارییەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، کە داوای دەوڵەتگەرایی و حوکمڕانی کۆمەڵگا
دەکات، بەڵام جێبەجێکردنی بەر واقعێکى ناوچەیی سەخت دەکەوێت کە لەسەر بنەمای دەوڵەتە
نەتەوەییەکان دامەزراوە، دەیڤید ماکدۆڤاڵ ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژە کوردییەکان کاتێک
سەردەکەون کە لەگەڵ نەزمی ناوچەییدا خۆیان بگونجێنن نەک ڕووبەڕووى ببنەوە.
بەم شێوەیەش لەگەڵ لاوازابوونى
هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ناوەندی کێشکردن بەرەو هەولێر دەگۆڕێت لەبەر بوونى،
دانپێدانانی دەستووری لەناو عێراقدا، شەرعیەتی نێودەوڵەتی زیاتر، بوونى سەرچاوەکانى
وزە، بونى دامودەزگا و قبوڵکردنی ناوچەیی ڕێژەیی. ئەمەش مانای سەرکردایەتی
ڕەهاى پرسی کورد نییە لە لایەن هەولێرەوە، بەڵام ئاماژەیە بۆ داڕشتنەوەی پلەبەندی سەرکردایەتی
کورد.
پێنجەم: ئایا خەونی دەوڵەتی کوردی کۆتایی هاتووە؟
نەخێر بەڵام ئەوەی کۆتایی
هاتووە خەونە ڕۆمانسییەکەیە. لە ئێستادا دەکرێت بڵێین پرسەکە گۆڕاوە لە پڕۆژەی دەوڵەتەوە
بۆ پڕۆژەی مافەکان، لە سەروەرییەوە بۆ هەژمونى
ناوخۆیی و لە شۆڕشەوە بۆ گونجان. ئەم نەخشەیە
هاوشێوەى جوڵانەوە ناسیۆنالیستەکانی دیکەیە کە لەبری جیابوونەوە دەبنەوە بە کاراکتەرى
سیاسی لەناو دەوڵەتەکاندا. ئەم قۆناغە نوێیە دەتوانرێت بە چەند تایبەتمەندییەک وەسف
بکرێت: تەرکیزکردنە سەر مافی کلتوری، لامەرکەزی و بەشداری سیاسی لەبری جیابوونەوە،
کەمکردنەوەی وابەستەیی دەرەکی و داننان بە سنووری دەسەڵاتی سەربازی.
شەشەم: داهاتوو — سێ سیناریۆی ئەگەری
سیناریۆی یەکەم: یەکخستنی
بەڕێوەبەردراو، بەماناى حوکمڕانی ناوخۆیی سنووردار لەناو دەوڵەتی سوریادا. بە ئەگەری
زۆر.
سیناریۆی دووەم: دروست
بوونەوەى شۆڕش: ئەگەر تێکەڵ بوونەوە سەرنەگرێت. ئەگەری مامناوەند.
سیناریۆی سێیەم: مۆدێلی هەرێمى
کوردستان، بوونێکی خۆبەڕێوەبەرى جێگیر و بێ سەربەخۆیی.
ئەنجام
ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوویدا کۆتایی
پرسی کورد نییە، بەڵکو کۆتایی قۆناغێکی مێژووییە کە بە پشتبەستن بە پاراستنی دەرەکی
و دووفاقی ستراتیژی تایبەتمەند بوو. گۆڕانی ڕاستەقینە لەسەر ئاستى هێز نییە، بەڵکو
دەروونییە: گۆڕانکاری لە پرسیارى چۆن دەوڵەت بنیات بنێین؟ بۆ پرسیاری چۆن لەناو سیستمی
ناوچەییدا کاریگەرییمان لە دەست نەدەین؟
ئەگەر سەدەی بیستەم سەدەی
شۆڕشەکانی کورد بووبێت، ڕەنگە سەدەی بیست و یەکەم سەدەی ڕیالیزمی کوردی بێت.
سەرچاوەکان
حلم كردستان في لحظة اختبار: «غدر» قوى خارجية أم نهاية وهم؟ أفول «روجافا» يعيد ترتيب الأولويات... بين زعامة برزاني ومبادرة أوجلان.
بوزان، باري، وويفر، أولي. (2003). الأقاليم والقوى: بنية الأمن الدولي. كامبريدج: مطبعة جامعة كامبريدج.
لينش، مارك. (2019). الحروب العربية الجديدة: الانتفاضات والفوضى الجيوسياسية في الشرق الأوسط. نيويورك: PublicAffairs.
مكدوول، ديفيد. (2004). التاريخ الحديث للأكراد. لندن: دار آي. بي. توريس (I.B. Tauris).
ميرشايمر، جون ج. (2001). مأساة سياسات القوى الكبرى. نيويورك: دار دبليو. دبليو. نورتون.
ميرشايمر، جون ج.، ووالت، ستيفن م. (2016). حجة الموازنة من الخارج. مجلة فورين أفيرز (Foreign Affairs).
فيليبس، كريستوفر. (2020). المعركة على سوريا: التنافس الدولي في الشرق الأوسط الجديد. نيو هافن: مطبعة جامعة ييل.
والتز، كينيث ن. (1979). نظرية السياسة الدولية. ريدينغ، ماساتشوستس: أديسون-ويسلي.
