شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گرێبەستێکی نوێ بۆ فرۆشتنی کەلوپەل و خزمەتگوزاریی سەربازی لەگەڵ عێراق واژۆ دەكات، کە بەهایەکەی دەگاتە 90 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەربازییەکانی ( Army Technology )، ئەم گرێبەستە پشتگیریی لۆجستی و تەکنیکی بۆ سیستەمەکانی (VACIS XPL) دابین دەکات، کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پشکنینی وردی ئۆتۆمبێلەکان بەکاریان دەهێنێت، هەروەها ئەم سیستەمانە توانای ناسینەوەو دۆزینەوەی چەک، تەقەمەنی، مادەی هۆشبەرو ماددە مەترسیدارەکانی وەک (کیمیایی، بایۆلۆجی و ئەتۆمیان) هەیە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، پرۆژەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ خزمەتگوزارییەکانی چاککردنەوە، دابینکردنی پارچەی یەدەگ، نوێکردنەوەی سۆفتوێرو چاودێریی 24 کاتژمێری دەگرێتەوە، كەکۆمپانیای لایدۆسی ئەمریکی وەک لایەنی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کارە ئەندازیارییەکان دەستنیشان کراوە.
هاوكات، ئاژانسی هاوکاریی ئەمنیی بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاندوە، وردەکاری ئەم گرێبەستە بەکۆنگرێس ڕاگەیەندراوەو دیدگای ئەوانیش وایە کە ئەم هەنگاوە تواناکانی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستاو داهاتوو بەهێزتر دەکات و هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
ئەوەشی ئاشكراكردوە، عێراق داوای کردوە کە گرێبەستی خزمەتگوزاری لۆجیستی بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ بکرێتەوە کە تایبەتە بەخزمەتگوزاری سیستەمی پشکنینی ئۆتۆمبێلی جۆری "VACIS XPL".