شارپرێس:
تۆفانی گرانی هه‌ڵێكردوه‌و لایەنگرانی ئه‌ردۆغان‌و
حزبه‌كه‌شى داوای ڕۆیشتنی حکومەت دەکەن‌و هاتنه‌سه‌ركارى ده‌سه‌ڵاتێكى نوێ ده‌كه‌ن،
نوێترین ڕاپرسى بومه‌له‌رزه‌ى له‌بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانداو زۆرینەی
دانیشتوانى تورکیا کلیلەکەیان لەگۆڕینی حکومەتدا دۆزییەوە، جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه،
کلیلی چارەسەری قەیرانی ئابوریی، چیتر لەدەستی حکومەتی ئێستادا نییە، بەڵکو تەنها
لە"گۆڕینی دەسەڵات"دایە.
به‌گوێره‌ى ڕاپرسییه‌كى ده‌زگاى میترۆپۆڵ،
67.1%ى هاوڵاتیانی تورکیا (واتە لەهەرسێ کەس، دوو کەس) بەڕاشکاوی دەڵێن، "بۆ
ئەوەی بژێوی ژیانمان باش بێت، دەبێت ئەم حکومەتە بڕوات"، چاودێرانیش ده‌ڵێن،
ئەمە نیشانەیەکی نوێ‌و مەترسیدارە بۆ ئەردۆغان، چونکە نیشانیدەدات کە زۆرینەی خەڵک
هیوا بڕاوبون لەچاکسازییە ئابورییەکانی دەسەڵات.
سه‌رچاوه‌كانى توركیا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ى
زۆر گرنگه له‌و ڕاپرسیه‌دا ئه‌وه‌یه، هیچ ناڕەزایەتییەک ئاراسته‌ى ئۆپۆزسیۆن نه‌كراوه،
به‌ڵكو هه‌موو ناڕه‌زاییه‌كان ڕویان له‌گۆڕینى ئه‌ردۆغان‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌تى،
به‌شێوه‌یه‌ك نزیکەی له40٪ی ئەوکەسانەی پێشتر دەنگیان بەئەردۆغان داوە، ئێستا پێیانوایە،
گۆڕینی ئەو پێویستییه‌كى هه‌نوكه‌ییه‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، گرانی‌و
هەڵاوسان، دیوارە ئایدیۆلۆژییەکانی حزبەکەی ئەردۆغانی ڕوخاندوە.
دواى ئه‌و ڕاپرسیه، زۆرینه‌ى میدیاى توركیا ده‌سته‌واژه‌ى
(مەنجەڵی بەتاڵ)یان بەکارهێناوە، مەبەستیش لێی ئەوەیە، کاتێک هاوڵاتی نەتوانێت
خواردن بۆ سەر مێزی خێزانەکەی دابینبکات، چیتر گوێ بەدروشمە سیاسیی‌و نەتەوەییەکان
نادات، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن، "ئەو ڕاپرسییە دەریخست کە گیرفانی خەڵک بڕیاردەری
سەرەکییە لەهەڵبژاردنى داهاتودا".
له‌و ڕاپرسیه‌دا ئه‌نجامه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ن:
%67.1 وتویانه، گۆڕینی حکومەت پێویستە بۆ
باشبونی ئابوریی.
%31.4 جه‌ختیانكردوه‌ته‌وه، هێشتا پشتگیریی لەمانەوەی
حکومەت دەکەن.
%40 له‌به‌شداربوانى ڕاپرسیه‌كه ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه،
ئه‌وان لایەنگرانی خودی ئەردۆغان‌و باخچەلین، به‌ڵام متمانەیان بەتوانای ئابوریی
حکومەتەکەیان نەماوە.
سه‌رچاوه‌كان له‌توركیاوه ئه‌وه‌یان ڕونكردوه‌ته‌وه،
ئه‌و ڕاپرسیه‌ش ده‌ریده‌خات، تورکیا لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە؛ لایەنگرانی دەسەڵات
چیتر به‌بەڵێنەکان بڕواناکەن‌و قەیرانی بژێویی، وایکردوە تەنانەت دڵسۆزترین کەسەکانی
ناو ئاکپارتیش، بیر لەجێگرەوەیەک بکەنەوە بۆ ڕزگاربون لەهەژاریی‌و مه‌نجه‌ڵى به‌تاڵ.
ده‌زگاى میترۆپۆڵ (MetroPOLL Strategic Research)
یەکێکە لەبەناوبانگترین‌و باوەڕپێکراوترین دەزگاکانی ڕاپرسیی‌و توێژینەوەی ستراتیژیی
لەتورکیا، لەساڵی 2004 لەلایەن پڕِۆفیسۆر دکتۆر ئۆزەر سەنجار-ه‌وه دامەزراوە، ئه‌و
ده‌زگایه‌ش بەوە ناسراوە کە ڕاپرسییەکانی تاڕادەیەکی زۆر هاوسەنگن‌و لایەنگرییەکی
سیاسیی ڕەهایان پێوە دیارنییە، بۆیە هەم حکومەت‌و هەمیش ئۆپۆزسیۆن بایەخ بەئەنجامەکانی
دەدەن.
