شارپرێس:
پارێزگای هەولێر ئاشكرایكردوه، دوای دەرچونی بڕیاری
دابەشکردنی زەوی بەسەر موچەخۆرانی گرێبەست، هەنگاوەکانیان دەستپێکردوەو چاوەڕواندەکرێت
لەسەرەتای مانگی داھاتوەوە دەست بەوردبینیکردنی ناوی موچەخۆرانی گرێبەست بکرێت.
پارێزگای هەولێر ئاماژهى بهوهداوه، دوای دەرچونی
بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر موچەخۆرانی گرێبەستو بڵاوبونەوەی بڕیارەکە، لە 16ی
ئەم مانگە، سمینارێک بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی ئاگاداری
پڕکردنەوەی فۆڕم بن.
سەبارەت بەوردبینی ناوەکان پارێزگای هەولێر ڕایگهیاندوه،
چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای مانگی داھاتوەوە دەست بەوردبینیکردنی ناوی موچەخۆرانی گرێبەست
بکرێت، بۆ ئەوەی دواتر لیستی ناوەکان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێتو زەوییان پێبدرێت.
بهگوێرهى ئهو ڕێنماییانهى بڵاوكراونهتهوه،
مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی بۆ موچەخۆرانی گرێبەست بەمشێوەیە دهبێت:
ـ پێویستە موچەخۆرەکە لانی کەم هەشت ساڵ خزمەتی
گرێبەستی هەبێت.
ـ نابێت پێشتر لەوەرگرتنی زەوی لەحکومەت سودمەند
بوبێت.
ـ لەنێوان دوو هاوسەریشدا، تەنها یەکێکیان مافی
وەرگرتنی زەوی دەبێت.
هەر بهگوێرهى ڕێنماییەکان، ئەو موچەخۆرانەی پێشتر
خزمەتی دیکەیان هەبوە، بۆ نمونە وەک وانەبێژ، ئەو ماوەیان بۆ هەژمارناکرێت، بەڵکو
تەنها ئەو ماوەیەیان بۆ هەژماردەکرێت کە بەشێوەی گرێبەست خزمەتیان کردوە.
