شارپرێس:
ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا زانیاریی مهترسیدار لهبارهى كوردهوه ئاشكرادهكاتو ئاماژە بۆ قۆناغێکی هەستیار دهكات لەپەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن، ئەنكەرەو کورد، هاوكات زەنگی مەترسیی لێدەداتو دهشڵێت:"تۆم باراک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تورکیایەو کورد لەبەردەم خیانەتێکی دیپلۆماسیدایە".
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لهپهیامێكدا کە پێشتریش لەکتێبەکەیداو لەچەندین چاوپێکەوتنى دیكهشدا ئاماژەی پێکردوە، دهڵێت، "تۆم باراک کە کەسایەتییەکی نزیکه لەترەمپ، وەک لۆبیزانێک بۆ بەرژەوەندییەکانی تورکیا کاریکردوەو هەوڵیداوە دیدگای ئەنكەرە بەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپیدا بسەپێنێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی هەبوە لەسەر پشتگیرییەکان بۆ گهلى کورد".
بۆڵتۆن باسى فشارەکانی ئەردۆغان دهكاتو دهڵێت، "ئەردۆغان توانیویەتی لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دۆناڵد ترەمپ دابنێت بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا بکشێنێتەوە، بێئەوەی گوێ بەمەترسییەکانی سەر گهلى کورد بدات".
ههروهك جۆن بۆڵتۆن باسى غیابی دەنگی کوردى كردوه لەتیمی ترەمپ-ى سهرۆكى ئهمریكاو ڕەخنە لەوەدەگرێت، کە لەناو بازنەی نزیکی ترەمپدا، کەس نەبوە گرنگی ستراتیژیی کورد وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو ڕونبکاتەوە، ئەمەش وایکردوە بڕیارەکان زیاتر بەرەو بەرژەوەندییەکانی تورکیا بشکێنەوە.
بۆڵتۆن ئاماژهى بهپێویستی چالاکی دیپلۆماسی كردوهو ڕایدهگهیهنێت، "لەبەرئەوەی دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، هانی سەرکردایەتی کورد دهدهم کە تەنها پشت بەسوپاو هێز نەبەستن، بەڵکو دەبێت لەڕوی دیپلۆماسییەوە لەواشنتۆن زۆر چالاکتربن، پەیوەندیی لەگەڵ کۆنگرێسو ناوەندەکانی بڕیار بەهێزبکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانیی ڕێککەوتنە سیاسییەکان".
چاودێرانیش پێیانوایه، ئەو پهیامهى جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا كه یەکێکە لەو دەنگە ناڕازییانەی بەردەوام هۆشداریی لەسیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر بەکورد دەدات، هۆشدارییەکن بۆ کورد کە لەم قۆناغەدا پێویستییان بەدیپلۆماسییەکی بەهێزو فشاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان.
پێشتریش بۆڵتۆن سهبارهت بهپەیوەندییهكانى ترەمپو ئەردۆغان لەکتێبەکەیدا (The Room Where It Happened) ئاماژەى بەوەكردوه، ئەردۆغان توانایەکی زۆری هەبوو بۆ قەناعەتپێکردنی ترەمپ، ههربۆیه ترەمپ زۆرجار بهبێگوێدانە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی، بەتەلەفۆنێک بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دەدا..
جۆن بۆڵتۆن وەک چاودێرێکی ئاگادار، کورد ئاگاداردەکاتەوە کە متمانە بەبەڵێنە تاکەکەسییەکانی ناو تیمی ترەمپ بەتایبەت توم باراک نەکەنو خۆیان بۆ ئەگەرە خراپەکان ئامادەبکەنو دیبلۆماسیهتى خۆیان لهناوهنده نێودهوڵهتىو گرنگهكانى ئهمریكاو جیهان بخهنهگهڕ.
