یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی سعودیە و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 178 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:
ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، کونسوڵى گشتى سعودیەو پارێزگارى هەولێرو  سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەولێرو بەرپرسى بەشى بازرگانى لە کونسوڵگەرى گشتى شانشینى عەرەبى سعودیەو ژمارەیەکى زۆرى بازرگان و وەبەرهێنەرى سعودیەو هەرێمى کوردستان یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی سعودیە و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، لە کۆڕبەندەکە سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، وتى  سوپاس  بۆ بەشى بازرگانى لە کونسوڵگەرى گشتى شانشینى عەرەبى سعودیە و دامەزراوەکانى هەرێم بە تایبەت دەستەى وەبەرهێنان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو ژوورى بازرگانى کە توانیان کۆڕبەندێکى ئاوا گرینگ رێک بخەن.

دزەیی ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە ئەم کۆنفڕانسە بە هەنگاوێکى گرینگ دەبینین بۆ دەرفەتەکانى کارو وەبەرهێان لە نێوان هەردوولا . وەک حکومەت و گەلى کوردستان پەیوەندییەکى باش و مێژوویمان لەگەڵ سعودیەو گەل و حکومەتى سعودیە هەیە. بەڵام بە داخەوە ئەو پەیوەندییە پتەوەى نێوانمان نەتوانراوە وەک پێویست رەنگدانەوەى لە بوارى ئابوورى و وەبەرهێناندا هەبێت. هیوادارین ئەم سەردانە دەرگاى خێر بکاتەوە بۆ دەرفەتى کارو وەبەرهێنان.

لای خۆیەوە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەک چۆن شانشینی سعوودییە بە گۆڕانکارییەکی ئابووریی مێژووییدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستانیش خاوەنی هەمان دیدگایە بۆ داهاتوو "ئامانجەکانمان لەیەک دەچن و ئەوەی هەمانە لە تواناکان تەواوکەری یەکترین."

هاوکات عەززام بن محەمەد عەبدوللەتیف بەرپرسى نووسینگەى بازرگانى سعودیە لە هەولێر باسی لەوەکرد، خۆشحاڵم بۆ ئەنجامدانى ئەم دیدارە گرنگە لە پێناو بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوولا، کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندی قووڵى نێوانمان و بەرژەوەندی هاوبەشە.