شارپرێس:
لەناو جەرگەی بیابانی ڕۆژئاوای کوردستان، شوێنێک
هەیە کە تەنها کەمپێکی ئاوارەکان نییە، بەڵکو بە"بۆمبێکی کاتی" وەسفدەکرێت،
کەمپی هۆڵ کە ئێستا دەیان هەزار ژنو منداڵی چەکدارانی پێشوی داعشی تێدایە، بوەتە
مەیدانی دوبارە لەدایکبونەوەی ئایدۆلۆژیایەک کە جیهان پێیوابوو لەساڵی 2019دا کۆتایی
پێهێناوە.
"کەمپی هۆڵ" تەنها پەناگەیەک نییە
بۆ ئاوارەکان، بەڵکو گرتوخانەیەکی گەورەو شارێکی بێناسنامەیە کە تێیدا توندڕەوییو
نائومێدی ئاوێتەی یەکبون، ئەم کەمپە کە نزیکەی 60 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، ئێستا
وەک "بۆمبێکی چێندراو" وەسفدەکرێت، لێرە، چیرۆکی هەزاران ژنو منداڵ هەیە
کە لەنێوان توندڕەویی ئایدۆلۆژییو خەونی گەڕانەوە بۆ نیشتمانێکی تەمومژاویدا دەژین.
بهگوێرهى وتەی بەرپرسانی کەمپەکە، یەکێک لەگەورەترین
کێشەکان ئەوەیە کە ژمارەی وردی دانیشتوان دیارنییە، ئەم تەمومژاوییە لە"هاوسەرگیرییە
تۆمارنەکراوەکان"و لەدایکبونی بەردەوامی منداڵانەوە سەرچاوە دەگرێت، تەنها لەیەک
مانگدا، 61 حاڵەتی لەدایکبون لەبەشی عێراقییەکانی کەمپەکە تۆمارکراوە، ئەم ئامارە
تەنها ژمارە نییە، بەڵکو نیشاندەری ستراتیژییەکی درێژخایەنی داعشە بۆ مانەوە.
ئاوارەیەکی سوری کە لەناو کەمپەکەدایە، پەردە لەسەر
ڕاستییەکی تاڵ لادەباتو دهڵێت، "هەندێک لەپیاوەکانی ئێرە چوار بۆ حهوت ژنیان
هەیە، زۆرجار فشاری زۆر دەخرێتەسەر ژنەکان تا لەهاوسەرەکانیان جیاببنەوەو شوو بەوکەسانە
بکەن کە هێشتا بیری توندڕەویی داعشیان ماوە"، ئەمەش وایکردوە کەمپەکە ببێتە
"کارگەیەکی مرۆیی" بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەک کە جگە لەخێوەتو ئایدۆلۆژیایەکی
توند، هیچ شتێکی دیكه لەجیهان نازانێتو تێناگات.
لەکاتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکاندا، ڕاستیگەلێکی
مەترسیدار ئاشكرابون، دەلبرین کۆبانی یەکێک لەفەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی پێشتر
کە زیندانەکە لەدەستی هەسەدە بوو ڕایگهیاندوه، "داعش مێردمنداڵە کوڕەکانی لەناو
تونێلەکاندا شاردوەتەوە".
وهكو شهڕڤانهكهى ههسهده وتویهتى،
"ئەمە تەنها بۆ پاراستنیان نییە لەدەستگیرکردن، بەڵکو بۆ مەبەستێکی قێزەونترە،
بەکارهێنانیانه بۆ زاوزێو زیادکردنی ژمارەی چەکدارەکان لەداهاتودا، ئەو مێرمنداڵانە
کە وەک بێچوە شێرەکانی خەلافەت ناسراون، گەورەترین مەترسین بۆ سەر داهاتوی ناوچەکە".
سهرچاوهكان دهڵێن، لەپشت تەلەبەندەکانی کەمپەکەوە،
چیرۆکی تراژیدیی جیاواز هەن، سێ ژن لەسێ نەتەوەی جیاواز، وێنەیەکی ڕونتر لەدۆزەخی
هۆڵ پیشانى ههموو جیهان دهدهن.
یهكێك لهو ژنانه ناوى ڕوزا ئیسماعیلۆڤ-هو
لهبنهڕهتدا خهڵكى سربیایه، ئهو تەمەن 43 ساڵهو نمونەی ئەو ژنانەیە کە تەمەنیان
لەناو داعشدا بەهەدەرچوەو دایکی چوار منداڵە، کە هەریەکەیان لەباوکێکی جیاوازن؛ ئهوانیش
(بۆسنی، عێراقىو سعودی)، ڕوزا دەڵێت، "لەساڵی 2014وە لێرەین، زۆر ماندوبوین،
خەونی من تەنها گەڕانەوەیە بۆ سڕبیا بۆ وڵاتهكهم".
هاوكات یهكێكى دیكه لهو ژنانه ناوى ساجیدە
عەلی-یهو خهڵكى ئۆزبەکستانه، ئهو تەمەنی 52 ساڵەو دایکی 10 منداڵە، باس لەگەشتێکی
پڕ لەهەڵە دەکات لەتورکیاوە بۆ ئیدلبو پاشان ناوچەکانی داعش.
ئەو وتوشیهتى، "دواتر زانیمان هەموی زوڵمو
هەڵەیە، ئێستاش تەنها دەمەوێت باوکە بەتەمەنەکەمو دایکە نەخۆشەکەم ببینمهوه، بەڵام
دیوارە سیاسییەکانی نێوان وڵاتەکەمو کەمپی هۆڵ زۆر بەرزن".
ئەلیسا واقف كه خهڵكى ئازەربایجانه یهكێكى
دیكهیه لهژنه داعشیهكان، ئەلیسا چیرۆکێکی جیاوازتری هەیە؛ ئەو دەڵێت، بەفێڵ
براوەتە ناو داعشو هاوسەرەکەی كه جاوید حوسێنۆڤهو لەساڵی 2015دا بەفێڵ بردویهتى
بۆ سوریا، بهڵام وهك خۆى دهڵێت، "تەنانەت نامەوێت هیچ لهبارهى ناو كهمپهكهوه
بڵێم، چونکە ترس باڵی بەسەر کەمپەکەدا کێشاوە، بهڕاستى کچەکەم دەیەوێت بچێتە
قوتابخانەو جیهانی نوێ ببینێت".
ئێڵسا قوربانییەکه کە ههشت جار هاوسەرگیریی پێکراوە،
ئهو یەکێک لەدڵتەزێنترین چیرۆکەکانی ناو کەمپەکەیه، چیرۆکی "ئێڵسا"
(كه ناوێکی خوازراوه)، لهبنهڕهتدا کچێکی ئیسپانیهو لەمەدریدەوە بەهۆی هاوسەرەکەی
كه ناوى (یاسر)ه سهرهتا پهلكێشى ڕەققە كراوه، دوای ئەوەی یاسر لەهێرشێکی
ئاسمانیدا كوژراوه، ئێڵسا بوهته "کاڵایەک" لەدەستی چەکدارانی داعش.
ئەو دەگێڕێتەوە، تەنها لەماوەی سێ ساڵدا، ههشت
جار هاوسەرگیریی پێکراوە، وهكو وتویهتى، "ئەمە سیاسەتی زۆرەملێی خستنەوەی
منداڵه کە داعش پەیڕەویکردوە بۆ ئەوەی جەستەی ژنان بکاتە کارگەی بەرهەمهێنانی چەکدار،
ئێستاش من لەگەڵ دوو منداڵەکەمدا لەناو 60 هەزار کەسی کەمپەکەدا دهستبهسهرین کە
نیوەیان منداڵی خوار 12 ساڵن".
بهشێكى دیكهى چیرۆكهكانى ناو كهمپهكه ئهو
توندوتیژیه بوه كه هێزه ئهمنیهكانى سهر بهههسهدهشى ماندوو كردبوو،
توندوتیژیى گەیشتبوه ئاستێکی مەترسیدار، تەنها لەساڵی ڕابردودا زیاتر لە 40 کردەوەی
کوشتن ڕویانداوە، بەرپرسانی کەمپەکەش وتیان، "ئەوانەى ڕودهدهن لهلایهن
شانە نوستوەکانی داعشهوهن کە سزای هەر کەسێک دەدەن بیەوێت لەبیری توندڕەوی دوربکەوێتەوە".
لەلایەکی دیكهوه، کێشەی "ناسنامە"
گەورەترین بەربەستە لەبەردەم وڵاتان بۆ وەرگرتنەوەی هاوڵاتیەکانیان، زۆربەی منداڵەکان
لەباوکێکی جیاوازنو هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نییە، هەندێک وڵات ناچاربون تیمی
پزیشکی بنێرن بۆ پشکنینی DNA تاوەکو ڕەگەزنامەی منداڵەکان پشتڕاستبکەنەوە،
ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆزو خاوە کە وایکردوە هەزاران منداڵ لەناو ژینگەیەکی پڕ لەتوندوتیژیدا
گەورەبن.
پاش خراپبونی دۆخی ئاسایشی کەمپەکە، ئەمریکا بەناچاریی
ئەم داعشە نوستوانەی گواستەوە بۆ عێراق لەشوێنێکی ئاسایشی پتەو بیانخاتە ژێر چاودێریەوە.
سهرچاوهكان باس لهوهدهكهن، کەمپی هۆڵ تەنها
کێشەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکو تەحەدایەکی ئەمنی جیهانییە، ئاوارە عێراقیو سورییەکان
دەترسن بگەڕێنەوەو ڕوبەڕوی سزا ببنەوە، وڵاتە بیانییەکانیش بەخاویو دودڵییەوە مامەڵە
لەگەڵ دۆسیەی هاوڵاتیەکانیان دەکەن.
تائەوکاتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەرێکی ڕیشەیی
بۆ ئەم کەمپە نەدۆزێتەوە، "هۆڵ" وەک قوتابخانەیەکی گەورەی توندڕەوی دەمێنێتەوە،
هەر ڕۆژێکی تێپەڕبون لەو کەمپەدا، واتە لەدایکبونی منداڵێکی دیكهى بێ ناسنامەو گەورەبونی
مێرمنداڵێکی دیكه لەناو تونێلە تاریکەکاندا، کە ڕەنگە لەداهاتودا ببنە سوتەمەنی شەڕێکی
نوێ.
ڕوزا، ساجیدە، ئەلیساو ئێڵسا تەنها چوار نمونەن لەو
هەزاران ژنەی کە باجی هەڵەکانی خۆیان یان هاوسەرەکانیان دەدەن، بەڵام قوربانیی ڕاستەقینە
ئەو منداڵانەن کە لەناو "خەلافەتی خێوەتەکاندا" چاو دەکەنەوەو هیچ ئاسۆیەکی
ڕونیان بۆ گەڕانەوە نییە.
