شارپرێس:
لەساتهوهختى هێرشو کۆمەڵکوژییەکانی سوریا، دوربینیو زاناییو لێهاتوییو هێزی عهبدوڵڵا ئۆجهلان ڕێگریی لەکارەساتێکی گەورەکرد، جگەلەوەش بەرخۆدانی گەلی کورد لەسەرتاسەری کوردستانو جیهان، جارێکی دیكه نیشانیدا، کورد ئەو پیلانانە قبوڵناکات، کە لەدژی کوردو ڕۆژئاوای کوردستان دانراون.
هەرچەندە ڕێککەوتنەکەی هەسەدە جهختیكردهوه، ئهو ڕێكهوتنهى لهگهڵ دیمهشق كرا بەگوێرەی خەونو ئامانجەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نەبوو، بەڵام ئهوهشى نهشاردهوه، دەتواندرێت وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی هەژماربکرێت، بۆ ڕێگریکردن لەکۆمەڵکوژییو کارەساتی زیاتر، چونکە ڕێگریی لەشەڕو خوێنڕشتنێکی گەورەکرد.
ئیدارهى خۆبهڕێوهبهرى ئهوهشى نهشاردوهتهوه، هەموان دەپرسن چۆن هەسەدەو حکومەتی کاتیی سوریا گەیشتنە ئەو چارەسەرییە؟، بۆ وهڵامى ئهوهش دهڵێت، ئەو چارەسەرییە لەئەنجامی دیپلۆماسییەتی نێوان دورگەی ئیمراڵی، ئەنكەرە، ڕۆژئاوا، هەولێر، لەندەن، پاریسو واشنتۆنو بەدەستپێشخەریی عەبدوڵڵا ئۆجهلان بەدەستهاتوه.
لەسوریا ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی کاتیی سوریا واژۆکرا، پێش ئەو ڕێککەوتنە، لە6ى کانونی دوەم، تیرۆریستانو چهكدارانى سوریاو گروپهكانى نزیك لهتورکیا هێرشێکی دڕندانەیان کردەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیەی شاری حەلەب، دوای چەند ڕۆژێک لەشەڕ، هێزە ئەمنییەکان لەهەردوو گەڕەکەکە کشانەوەو حەلەبیش کەوتە دەستی گروپه چهكدارهكان، دوابەدوای ئەوەش هێرشەکان بۆسەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەردەوامبونو گەیشتنە دەروازەکانی کۆبانیو حەسەکەو قامیشلۆ.
لەبەرامبەردا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا سەفەربەریی ڕاگەیاندو بەرخۆدانێکی هەمەلایەنەی دەستپێکرد، دواتر دەرکەوت کە ئەم هێرشانە بەڕەزامەندی زلهێزە نێودەوڵەتییەکانو پاڵپشتی تورکیا ئەنجامدراون، ئەمەش لەدەرئەنجامی کۆبونەوەکەی پاریس بوو، کە لەنێوان سوریاو ئیسرائیل بەسەرپەرشتی ئەمریکاو چاودێری تورکیاو فەرەنسا لە5ى کانونی یەکەم ئەنجامدرا، ئەمەش بێدەنگییەکی تەواوی سەبارەت بەهێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانی بەدوای خۆیداهێنا.
دوای ئەوەی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەو هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی کورد کەوتە بەرچاو، گەلی کورد هەڵوێستو توڕەیی خۆی بەهەموو جیهان نیشاندا، کاردانەوەیەکی گەورە دژی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان سەریهەڵدا، جگەلەوەش مامەڵەی فاشیستانەی تورکیاو هەتەشە توڕەیی کوردانی زیاتر کرد، بۆ یەکەمجاربوو کورد بەو یەکڕیزییە مامەڵەی دەکردو چوار بەشی کوردستان بون بەیەک دڵو بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لێی دەدا.
ئەو ڕۆڵەی کە هەوڵدرا بشاردرێتەوە
بێگومان هەموو چاوەکان لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجهلانیش بوو، بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەڵسەنگاندنەکانی بۆ ئەو پێشهاتانە بون، چونکە ئۆجهلان چەندینجار ڕایگەیاندبوو “ڕۆژئاوا هێڵی سوری منە”، جگەلەوەش پڕۆسەی ئاشتی لەباکوری کوردستانو تورکیا بەردەوامبوو، دوایین پێشهاتەکانی سوریا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەم پڕۆسەیە دەبێت.
بەوپێیەی ماوەیەکی زۆربوو هیچ هەواڵێک لەدورگەی ئیمراڵییەوە نەهاتبوو، نەدەزاندرا ئۆجهلان سەبارەت بەم دۆخەی دوایی چی دەڵێت، بەکەڵکوەرگرتن لەم دۆخە، هەندێک کەسو گروپ هێرشی زارەکییان دەکردەسەر ئۆجهلان، لەلایەن دەزگاکانی شەڕی تایبەتەوە بانگەشەی ئەوەدەکرا، کە دۆخی نالەباری ڕۆژئاوا لەئەنجامی سیاسەتەکانی ئۆجهلانو تەڤگەرەکەی بوە، بێگومان جەوهەری بابەتەکە دواتر سەرنجی بۆ ڕاکێشرا، کە لەڕاستیدا ئەوە خودی ئۆجهلان بوه کە لەسوریا پەرەی بەچارەسەری دابوو.
ترافیکی دیپلۆماسی لەئیمراڵی
هێرشەکان بۆسەر حەلەب لە6ى کانونی دوەم دەستیپێکرد، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، لە17ى هەمان مانگ لەگەڵ ئۆجهلان دیداریان ئەنجامدا، لەکاتی دیدارەکەدا هێشتا هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەوردی دەستیپێنەکردبوو، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆسەیە پێویستە کەمێک زیاتر بچینە دواوەو ڕۆڵی ئۆجهلان لەم پڕۆسەیەدا ڕونبکەینەوە، هەروەها بەوردی لێکۆڵینەوە بکەین لەدانوستانە دیپلۆماسییە نهێنییەکانی نێوان دورگەی ئیمراڵی، ئەنكەرە، ڕۆژئاوا، دیمەشق، هەولێر، لەندەن، پاریسو واشنتۆن چۆن ڕویدا.
لێکۆڵینەوەیهك كه لەسەرچاوەکانی تایبەتی زانیارییەوە، لەڕۆژئاوا، باشوری کوردستان، بەرپرسانی دەم پارتیو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانە سهرچاوه دهگرێت ئۆجهلان هۆشداریی توندى بهتوركیاداوه.
هۆشدارییەکانی ئۆجهلان سهبارهت بهڕۆژئاوا چى بوو؟
لەڕاستیدا عەبدوڵڵا ئۆجهلان لەکۆتایی ساڵی 2025 هۆشدارییەکانی خۆی سەبارەت بەدۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی، لەو ماوەیەدا فشارەکانی تورکیا بۆسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سەبارەت بەهێزی سەربازیی زیاتربون، بەهۆی ئەو فشارانەو هەندێک پێشهات لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
زانیارییهكان باس لهوهدهكهن، لەدوایین دیداریدا لەگەڵ شاندەکە، ئۆجهلان لەمانگی کانونی یەکەمی 2025دا هۆشداریی بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوادا، کە بەخێرایی هەنگاوبنێنو لەگەڵ دیمەشق لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ى ئاداردا بگەنە ڕێککەوتنی تەواوەتی.
بهگوێرهى زانیارییهكان كه ئاژانسى ڕۆژنیوز بڵاویكردوهتهوه، ئۆجهلان هۆشداریی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی دەروازە سنورییەکان، فڕۆکەخانەو بەڕێوەبردنی داهاتە ئابورییەکان داوە.
ئۆجهلان ئاماژەی بەوەداوە، دەبێت ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە بکرێتو هەروەها دەبێت کورد دەستکەوتەکانی خۆیان لەخۆپاراستنو خۆبەڕێوەبردن بپارێزن.
ههروهك ئۆجهلان هەڵسەنگاندنى كردوهو وتویهتى، "پێدەچێت زلهێزە هەژمونخوازەکان دەستوەردان لەسوریادا بکەن، بۆیە بۆ ڕێگرییکردن لەم شەڕە بەخێرایی هەنگاوبنێن"، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش پەیامێکی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ناردبوو وتبوى، "لەگەڵ هەر هێزێک گەر لە تواناتاندا بێت بگەنە ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی".
لە4ى کانونی دوەم چی ڕویدا؟
لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەوڵەکانی بۆ ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی چڕترکردەوە، لەلایەکی دیکەوە، لە21ى کانونی یەکەمی 2025، حکومەتی کاتیی دیمەشق دەقی ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پێشنیازکرد، لەسەر بنەمای ئەو هەوڵانە بڕیاردرا، لە4ى کانونی دوەمی 2026 کۆبونەوەیەکی گشتگیر ئەنجامبدرێت، ڕۆژ گەیشتە ئەو بەروارەو بەسەرپەرشتی دیپلۆماتکارانی ئەمریکاو فەرەنسا، کۆبونەوەکە لەدیمەشق بەڕێوەچوو، ئەو مادانەی کە دەبێت لەدەقی ڕێککەوتنەکەدا جێگیربکرێن، یەک بەیەک وتوێژو لێکۆڵینەوەی لەسەرکرا، لەئەنجامدا دەقی ڕێککەوتنێک کەوتە سەرمێزو پلانیشی بۆ دانرا کە ئەو دەقەی ڕێککەوتنە بەبەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەنرێت، لەکاتێکدا کە وردەکارییەکانی بەیاننامەکە باسدەکرا، ڕوداوێکی سەرنجڕاکێش ڕویدا، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، کە لەگەڵ وهفدى ڕۆژئاوادا لەکۆبونەوەدابوو، دوای پێگەیشتنی نامەیەک، ژوری کۆبونەوەکەی بەجێهێشت، لەگەڵ گەڕانەوەیدا وتی، "با ئێستا ڕێککەوتنەکە واژۆنەکەینو ڕاگەیاندنەکە ڕابگرین"و جارێکی دیکە ژوری کۆبونەوەکەی بەجێهێشت.
ڕۆڵی بەریتانیا
بێگومان هۆکاری ئەمە دواتر ڕونبوەوە، وا دیارە ڕێککەوتنەکە لەناوەڕاستی کۆبونەوەی 4ى کانونی دوەم ڕاگیرا، کە زۆر نزیکبوو لەڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی کۆتایی، پاشانیش زانیاری ئەوە بڵاوبویەوە کە داوای کۆبونەوەیەک لەئیسرائیل کراوە، ئەو کۆبونەوەیە کە لە5ى کانونی دوەم بەسەرپەرشتی ئەمریکاو فەڕەنسا لەپاریس بەڕێوەچوو، ڕەنگە لەنێوان ئیسرائیلو حکومەتی سوریدا بوبێت، بەڵام دەتوانرێت بڵێین ڕێککەوتنێک بوە بۆ ئاشتکردنەوەی ئیسرائیلو تورکیا.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستكهوتون، ئەو کۆبونەوەیە لەسەر داوای بەریتانیا ئەنجامدراوە، پێشتریش لەهیچ شوێنێک باسی ئەو زانیارییانە نەکراوە؛ بۆ یەکەمجار لەڕێگەی ئەم بابەتەوە دەبیسترێت، تائێستا ڕۆڵی بەریتانیا لەم پڕۆسەیەدا بەشێوەیەکی پەردەپۆش پێناسە دەکرا، بەڵام ئێستا دەوترێت لەندەن ڕاستەوخۆ دەستی لەو ڕێککەوتنە تاریکەدا هەبوە، هەروەها شایەنی ئەوەیە لێرەدا زانیارییەکی دیکەی زۆر نهێنی بڵاوبکەینەوە، بهگوێرهى هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو، دەوترێت بەریتانییەکان بەبەرپرسانی هەسەدەیان وتوە، "ڕێگەنادەین ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ شکستبهێنێت"و بەئاشکرا بۆچونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە.
پیلانێکی قێزەون
ئیسرائیلو هەتەشە هاوكات توركیایش لەپشت پەردەوە، لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی ڕێککەوتبون، هەر لەڕادەستکردنی بەرزاییەکانی جۆلانو پارێزگای قونەیترای باشوری سوریاوە بۆ ئیسرائیل، زۆر بابەت گفتوگۆو ڕێککەوتنیان لەسەرکرا، یەکێک لەو خاڵانە ڕێگەدان بوو بەچهكدارهكانى سوریاو داعش بۆ ئەوەی بچنە ناوچەکانی ڕۆژئاوا، دوای ئەوەی ڕۆیتەرز ئەم پلانەی ئاشکراکرد، یەکیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لەئەمریکا، ئەو قسەیەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، بڕیارێکی لەو شێوەیەیان نەداوە، بەڵام بێدەنگی وڵاتەکەی سەبارەت بەپیلانی هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوا ئاماژەیەکی ڕونە بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەو پیلانە.
پیلانگێڕییەکی نوێ!
ئەم پیلانە بەڕونی پیلانێکی دیکەی نێودەوڵەتیی بوو دژی کورد، لەسەروی هەمووشیانەوە پیلانێک بوو دژی عەبدوڵڵا ئۆجهلان کە هەوڵی زۆریدابوو بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی دیموکراتیک لەسوریا، ئۆجهلان لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ وهفدى ئیمراڵی بەئاشکرا ڕایگەیاندبوو، "ئەمە پیلانێکی زۆر گەورەترە تەنانەت لەپیلانگێڕیی 15ى شوباتیش ترسناکتر".
بێگومان ئەمە لەسەرەتادا بەباشی تێگەیشتنی لەسەر دروستنەبوو، کورد ڕوبەڕوی چی جۆرە پلانێک بوەوە؟ بۆچی ئۆجهلان وتی ئەمە پیلانگێڕییەکی گەورەیە؟
داواکاری ئۆجهلان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ دەوڵەت
دوای ڕێککەوتنی پاریس، هێرش بۆسەر گەڕەکە کوردییەکان لەحەلەب لە6ى کانونی دوەم دەستیپێکرد، هێرشەکان بەرفراوانبونو بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد داڕێژرابون، بهگوێرهى زانیارییهكانیش، دواتر ئۆجهلان داوای کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا کردوە، ئەو دیدارە هاوکاتبوو لەگەڵ ئەو قۆناغەی کە گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە کەوتنە دەست چهكدارهكانى سوریاو هێرشی دێرحافر دەستیپێکرد، لەو دیدارەدا ئۆجهلان بەتوندی توڕەیی خۆی بۆ بەرپرسان دەربڕی، هەروەها نامەیەکی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ناردوە.
ئۆجهلان لەنامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمە پیلانگێڕییەکی زۆر گەورەبوە بۆ کوردستانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەم هێرشە بەردەوامدەبێت، تەنانەت باسی لەوەشکرد، دوای داگیرکردنی ڕۆژئاوا، هێرشەکە دەگاتە شنگالو باشوری کوردستانو تەنانەت قەندیلیش. ئۆجهلان ئامۆژگاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کرد، کە خۆی بپارێزێتو خۆی بۆ بەرخۆدانێکی مێژویی ئامادەبکات.
ئەو پیلانەى ئۆجهلانى توڕەکرد
هاوکات ئۆجهلان بەردەوامبوو لەدانوستانەکانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، لەیەکێک لەدیدارەکانیدا بەرپرسانی توركیا پێشنیارێکی شەش خاڵییان پێشکەشكرد، ئەو پێشنیازە وەک نامەیەک لەجۆلانییەوە پێشکەشکراو پێشنیازی چارەسەری لەخۆگرتبوو، کە وەک بەڵگەنامەیەکی ڕادەستبون لەحکومەتی دیمەشقەوە ئامادەکراوبوو، بەگوێرەی سەرچاوەکان ئەو دەقە هاوشێوەی ئەو دەقەیە کە دیمەشق لە18ى کانونی دوەم ڕایگەیاند، ئۆجهلان بەڕاشکاوی ئەو دەقەی ڕەتکردوەتەوە.
ئۆجهلان خاڵەکانی ناو پێشنیازەکەی بەپیلانێک بۆ نەهێشتنی کورد پێناسەکردوەو توڕەیی خۆی بەمشێوەیە دەربڕیوه، "بۆچی ئەم خاڵانەتان بۆ تورکمانەکان ناوێت؟ ئێوە تورکمان دەکەنە قوربانی بۆ نەهێشتنی کورد"، ئەمە بەو واتایە دێت کە پشنیازەکەی دەوڵەت هەموو پێکهاتەکان لەناودەبات.
ئۆجهلان ئەو قسانەی لەدیدارێکدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە17ى کانونی دوەم باسکردبوو، لەو دیدارەدا، ئۆجهلان بەهەڵسەنگاندنو شەنوکەوکردنی پیلانی نێودەوڵەتیی، جەختی لەسەر بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لەو پیلانە کردەوە، ئۆجهلان بەبەرپرسانی دەوڵەت کە ئامادەی کۆبونەوەکە بون، وتویهتى، "ئەگەر ڕێگریی لەم هەوڵە جینۆسایدە نەکەن، کورد بەرەنگاری دەبێتەوە، هیچ کەسێک سودی لێ نابینێت، کاتێک باسم لەگۆڕینی سوریا بۆ غەزە کرد، مەبەستم ئەمەبوو، کورد بەرەنگاری دەبێتەوە، کەسیش ناتوانێت ڕێگریی لەم دەرئەنجامە بکات".
هاتوچۆیەکی سەرسوڕهێنەر لەدیدارەکان
دیداری 17ى کانونی دوەم دیدارێکی فەرمی بوو کە ڕای گشتیش ئاگاداری بوو، لێرەدا ئۆجهلان لەڕێگەی شاندەکەوە بەوردی بۆچونەکانی خۆی خستەڕوو، بەڵام هاتوچۆی دیدارو هەوڵەکانی ئۆجهلان تەنها لەم دیدارەدا سنوردار نەبوو، هاتوچۆیەکی سەرسوڕهێنەر لەدیدارو دیپلۆماسی دەستیپێکرد، کە ناوەندەکەی ئیمراڵی بوو، کۆبونەوەی گەرم لەنێوان ئەنكەرە، قامیشلۆ، دیمەشق، هەولێرو واشنتۆن بەڕێوەچوو، یەکێک لەناوەندە سەرەکییەکانی ئەم دیپلۆماسییە، ڕۆژئاواو باشوری کوردستان بوو، بهگوێرهى ئەو بانگەشانە، بەریتانیاو ئەمریکا بەنوێنەرایەتی (تۆم باراک) پەیوەندییان بەهێزەکانی باشوری کوردستانەوە کردوە بۆ جێبەجێکردنی هەندێک پیلان، ئەو ڕۆڵەی کە دەیانویست بیگێڕن بەتایبەتی لەسەر ڕازیکردنی بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەهەندێک پرسدا بوو، بەڵام دوای سەرهەڵدانی کورد لەهەموو جیهاندا دەتوانین بڵێین ئەم داواکارییەی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەرئەنجامی خوازراوی نەبوو.
هاوکات لەگەڵ چڕبونەوەی هێرشەکانی هەتەشە-داعشو ئەو گروپانەی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکەن، هەسەدە هێزەکانی لەڕەققەو دێرەزۆر لەڕۆژهەڵاتی فورات کشاندەوە، سەرەڕای ئەمەش هێرشەکان نەوەستان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کە بینی پیلانی لەناوبردن لەڕۆژەڤدایە، بڕیاریدا هەنگاوبنێت.
باس لەوەشکراوە، ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای پەیامێکی ئۆجهلان بوە، کە دەڵێت، "ئەگەر بۆ لەناوبردنتان بێن، ئەوا تەنها بەبەرخۆدان وەڵامبدەنەوە".
ئەو ڕادەستبونی قبوڵنەکرد
لە18ى کانونی دوەمدا لەدیمەشق ئاگربەست لەنێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق ڕاگەیەندرا، ئاگربەستەکە بەڕێککەوتنی هاوبەش ئەنجامدرا، بەڵام لەهەمان ڕۆژدا ڕێککەوتنێک بەسەر شاندی هەسەدەدا سەپێندرا، کە بڕگەگەلێکی تێدابوو، ئیرادەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بەتەواوی پوچەڵکردەوە، مەزڵوم عەبدیو شاندەکەی ئەم سەپاندنەیان قبوڵنەکردو دیمەشقیان بەجێهێشت.
جارێکی دیكه چاوەکان لەسەر ئۆجهلان بون، ڕونبوو کە ئەو پێشنیازانە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەک لەلایەن تورکیاوه، بەڵکو لەلایەن هەتەشەوە پێیگەیشتبوو، پاشان ئۆجهلان جارێکی دیکە پەیوەندیی بەبەرپرسانی توركیاوه کرد، لەدیدارەکەدا ئۆجهلان بەڕونی وتى، "مامەڵەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا قبوڵناکهم، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامن، بەتەواوی لەپڕۆسەی ئاشتی دەکشێمەوە".
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئۆجهلان وتبوى، "ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت، پڕۆسەکە لێرەش مانای خۆی لەدەستدەدات، بڕۆن بەبەرپرسانی دەوڵەت بڵێن ئۆجەلان بەشێک نابێت لەپیلانێکی لەو شێوەیە، کەس ناتوانێت ڕۆژئاوا ناسەقامگیربکاتو ناچارم بکات ئەمە قبوڵبکەم".
هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێککەوتن
هەروەها ئۆجهلان داوایكردبوو، توركیا دەستبەجێ دەستوەردان لەم دۆخەدا بکاتو چارەسەرێک بدۆزێتەوە، دەیەوێت کەناڵی دیالۆگی ڕاستەوخۆ بکرێتەوە، دوابەدوای ئەمەش زنجیرەیەک کۆبونەوە بەڕێوەچون، ئەمجارەیان لەسەر پێشنیازی ئۆجهلان ئاگربەستی نێوان هەسەدەو حکومەتی دیمەشق درێژكرایهوه، هاوکات کورد لەسەرتاسهرى کوردستانو جیهاندا لەسەرپێبوو، ڕونە کە ئەمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زلهێزە نێودەوڵەتییەکان هەبوو، لەلایەکی دیكهوه دەتوانین بڵێین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتىو بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یهكێتیى بەهەمانشێوە هەوڵی دیپلۆماسی بەرچاویاندا، دوای هەوڵی چڕ، دۆخەکە تاڕادەیەک هێور بوەوە، هەردوو دەوڵەتی تورکو دیمەشقو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕازیکران، کە بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ.
کۆبونەوە لەڕۆژئاوا
لەسەر پێشنیازی ئۆجهلان کۆبونەوەیەکی هەمەلایەنە بەڕێوەچوو، ئۆجهلان ڕایگەیاند، "پێویستە هەمولایەنەکان لەم کۆبونەوەیەدا ئامادەبن".
ئامانجی ئۆجهلان ئەوەبوو، هیچ کەسێک لەدەرەوە نەمێنێتو ڕێگریی بکات لەپلانی زیاتری نهێنی، بەم پێیە کۆبونەوەیەکی گشتگیر ڕێکخرا کە وهفدێك بەنوێنەرایەتی تورکیاو وهفدێك بەنوێنەرایەتی ئۆجهلانو بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاواو وهفدێكى حکومەتی دیمەشقو دیپلۆماتکارانی ئەمریکیو فەرەنسیی پێکهاتبون، کۆبونەوەکە لەشارێکی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، لەکۆبونەوەکەدا چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم دەستنیشانکرا، بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە یەک بەیەک تاووتوێکرانو دانوستانیان لەسەرکرا، هەردولا پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو، بەتایبەتی لایەنی کوردیی هێڵە سورەکانیان دیاریکرد، واتا ئەو خاڵانەی کە بەڕەهایی قبوڵیان نەدەکرد، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوە.
ئۆجهلان بەتایبەتی داوایکردوە کە سێ خاڵی گرنگ بخرێنە بەرباس، ئەوانیش مافی خۆپاراستن، ئیدارەی هەرێمییو مافی زمانو خوێندن، لەئەنجامدا ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم لەچوارچێوەی دیاریکراودا گرێدرا، وەک دەزانرێت ئەم ڕێککەوتنە لەدیمەشق واژۆکراوەو دواتر بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندراوە.
گەرەنتی کورد
لەکۆتاییدا، ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن زۆر لایەنەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان مشتومڕی لەسەرکراوە؛ کەموکوڕییو ناتەواوییەکانی ئاماژەی پێکراوە، هەرچەندە بەگوێرەی ئامانجەکانی کورد نەبوو، بەڵام لەم هەلومەرجەدا بەنزیکەیی هەموان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە باشترین ڕێککەوتن بوە، چونکە پیلانێکی نێودەوڵەتیی دانرابوو، ئامانجیش لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد بوو بەتەواوی، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەمە پیلانێکی نێودەوڵەتیی بوو، لەلایەن بەریتانییەکانەوە ڕێکخرابوو.
